سەرۆکایەتی زانکۆی راپەڕین رایدەگەیەنێت کە رۆژی شەممەی داھاتوو (١٢ /١١ /٢٠١٦) دەوامی فەڕمی خوێندن لەسەرجەم فاکەڵتی و بەشەکانی زانکۆی راپەڕین دەست پێدەکاتەوەو ھاوکات خوێندکاران دەتوانن لەرۆژی سێشەممە (٨ /١١ /٢٠١٦) بەشە ناوخۆیی وەربگرن.
دوای ئەوەی سەرۆکایەتی زانکۆی راپەڕین گفتوگۆی وردی لەگەڵ زۆرینەی ستافی وانەبێژی زانکۆ کرد، بەھەماھەنگی لەگەڵ زانکۆکانی دیکەی سنورەکە کە دەوام تیایاندا وەستابوو، ھەروەھا بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی خوێندکاران و نەفەوتانی ساڵێکی خوێندنیان بڕیاریدا کە رۆژی شەممەی داھاتوو یەکەم رۆژی دەستپێکی دەوامی خوێندن بێت، ھەروەھا لەرۆژی سێشەممەشەوە خوێندکاران دەتوانن سەردانی بەشە ناوخۆییەکان بکەن بۆ وەرگرتنی بەشی ناوخۆیی.
ھاوکات ئەنجومەنی زانکۆ بەناوی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆوە داوا دەکات حکومەت ئاوڕی جدی لە ژیان و گوزەرانی سەرجەم مووچەخۆران و مامۆستایان و فەرمانبەران بەتایبەت بداتەوەو ئەو پاشەکەوتە تاقەت پڕوکێنە کە بڕستی لەھەمووان بڕیوە چاوی پێدا بخشێنرێتەوەو لانیکەمی ژیان بۆ ھەمووان فەراھەم بکرێت.
سەرۆکایەتی زانکۆی راپەڕین