میوانە بەڕێزەكان..
مامۆستا و فەرمانبەرانی زانكۆمان..
خوێندكارانی ئازیز..
بەناوی ئەنجوومەنی زانكۆی ڕاپەڕینەوە بەخێرهاتنێكی گەرمتان دەكەین و سەری ڕێز بۆ شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان دادەنەوێنین و ڕێز لە قوربانی و ماندوبوونی برا پێشمەرگەكانمان دەگرین، ئەم ئارامیەی هاتۆتە دەست بەرهەمی قوربانیدانی ئەوانە، بۆیە لێرەوە بەڵێن دەدەین كە لە ئاست قوربانیدانی ئەواندا بین.
بەڕێزان ئەمڕۆ ڕۆژێكی گرنگە لە مێژووی زانكۆمان و دەڤەرەكەمان كەوا سەركەوتوانە ئاهەنگی دەرچوانی خولی پێنجەم بۆ خوێندكارانی سەركەوتوو دەگێڕین كە بەرهەمی چەندین ساڵەی شەونخونی و ماندوبوونی خۆیان و خانەوادەكانیانە. بەدڵنیاییەوە ئەم كۆتاییە سەرەتایەكی نوێیە بۆ خوێندكارانی خۆشەویست كە لێرەوە دەتوانن درێژە بە ڕەوتی خوێندن بدەن و هەوڵی دۆزینەوەی كار بدەن و كار بكەن بۆ سەرخستن و هێنانەدی خەونی خۆتان و خانەوادە و گەلەكەشمان.
بەڕێزان :
زانكۆمان سەرەڕای چەندین قەیران كە بەرۆكی گەلەكەمانی گرتووە، سەركەوتوانە توانیویەتی تا ئێستا درێژە بە ڕەوتی خوێندن بدات، بۆیە ئەم بۆنەیە دەقۆزینەوە تا تێیدا سوپاسی بێ پایانمان ئاڕاستەی مامۆستا و فەرمانبەران بكەین كە لەخۆبووردوانە نەیانهێشتووە ئەم پڕۆسە گرنگ و چارەنوسسازە پەكی بكەوێت.
هەروەها سوپاسی خوێندكارانی خۆشەویست دەكەین كە لە سەرجەم كات و ساتەكاندا هەماهەنگ و هاوكاربوون لەگەڵ مامۆستا و بەشە زانستیەكانیان.
خۆشەویستان:
زانكۆمان لەبواری ژێرخان ئێستا خاوەنی (١٠) باڵەخانەی مۆدێرنە كە بۆ سەرجەم مەبەستەكانی خوێندن و ڕاییكردنی كارە كارگێڕییەكان و بەشە ناوخۆییەكان سودیان لێ وەردەگیرێت و خاوەنی چەندین كادری زانستی و پسپۆڕین كە لەبوارە جیاوازەكانی ڕایكردنی كاری ڕۆژانە ماندونەناسانە كار دەكەن.
لەبواری خوێندنی بەرایی زانكۆمان ئێستا خاوەنی زیاتر لە (٣٠) بەشی زانستیە كە بەشێوازێكی نوێ و سەردەمیانە تەواوی توانایان خستۆتە گەڕ تا خزمەتی خوێندكاران بكەن، و بەشێك لەمانە تەرخانكراون بۆ خوێندنی ئێواران تا ئەو كەسانەی بە هەر هۆیەك نەیانتوانیوە خوێندن تەواو بكەن بتوانن لەم بەشانەدا درێژە بە خوێندن بدەن.
لە بواری خوێندنی باڵاشدا زانكۆمان درێژەی بەخوێندنی ماستەر داوە لە پسپۆڕییەكانی ( پەرستاری ، كوردی ، عەرەبی ، مێژوو و جوگرافیا )، هەروەك بۆ ئەمساڵی خوێندنیش دكتۆرا لە پسپۆڕی پەرستاری دەستپێدەكات.
بەهیواین لەساڵانی داهاتوودا لە چەندین بەشی دیكەدا بتوانین خوێندنی ماستەرو دكتۆرا فەراهەم بكەین.
خۆشەویستان ... زانكۆمان بەپێی پلانێكی ورد هەوڵدەدات گەشەی ئاسۆیی و ستوونی لە هەردوو كەمپەسی ڕانیە و قەڵادزێ پەرەپێبدات، هەر لەم پێناوەدا ئەمساڵ چەندین بەشی نوێ بەڕووی خوێندكاراندا كراونەتەوە لەوانە بەشی ئەندازیاری شارستانی و بەشی باخداری و بەشی كارگێڕی كار. هەروەها لەبواری پەیوەندیەكانیشمان لەگەڵ زانكۆ و دامەزراوە زانستیەكانی ناوخۆ و دەرەوە زانكۆمان ئێستا خاوەنی زیاتر لە (٣٠) یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنە و لە چەندین ڕێكخراو و دامەزراوەی تردا ئەندامین، و هەوڵدەدەین بەباشترین شێوە بۆ خزمەتی زانكۆ و دەڤەرەكە سودیان لێوەربگرین.
بەڕێزان... وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەپڕۆژەیەكی نیشتمانی گەورەدا هەنگاوێكی گرنگی نا لە بواری ڕیزبەندی نیشتمانی زانكۆكان،كە ئەمە هاندەر دەبێت بۆئەوەی زانكۆكان بكەونە كێبڕكێی زانستیانە و هاوڕێیانە لەگەڵ یەكتر و لەكۆتاییدا بە قازانجی ڕەوتی خوێندن و توێژینەوەی زانستی تەواو دەبێت. بەڵام ئەوەی جێی داخەو نامانەوێ خۆمانی لێ بشارینەوە ئەوەیە كە زانكۆمان لەم ڕیزبەندیەی كە بۆ ساڵی (٢٠١٥-٢٠١٦) ڕاگەیەندرا ئەو ئاستەی بەدەستنەهێنا كە جێی دڵخۆشیمان بێت، و هەموومان خۆمان بەبەرپرسیار دەزانین لەم دۆخە، بۆیە لێرەوە بە ناوی ئەنجوومەنی زانكۆ و سەرجەم ستافی كارگێڕی و ئەكادیمی بەڵێن دەدەین كار بكەین و سەرجەم هەوڵ و تواناكان بخەینەگەڕ تا بتوانین زانكۆمان ببەینە ئەو شوێنەی كە شایستەیەتی، ئەم ئەركەش پێویستی بە هاوكاری هەموو لایەك هەیە، پێویستی بە دەستگیرۆیی لایەنە حكومی و سەرمایەدارە نیشتمان پەروەرەكانەوە هەیە تا بتوانین لەم دۆخەدا لەمپەرەكانی بەردەممان ببڕین.
هاوكات ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی موسڵ لەدەست دڕندەترین گروپی تێرۆریستی (داعش) لەناوچەكەدا بەهاوكاری هێزی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان یەكێكە لەرووداوە گرنگ و جیهانیەكانی ئەم سەدەیە كە ئەگەری گۆڕانكاری گەورە هەیە لەدوای ئازادكردنەوەی موسڵ، لەم ئۆپەراسیۆنەشدا كورد وەك هێزێكی سەرەكی لەم ئۆپەراسیۆنەدا بەشداری پێكراوە، هیواخوازین دەرئەنجامی ئەرێنی لەسەر دۆزی رەوای گەلەكەمان و ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان بەجێبهێڵێ.
لە هەمان كاتدا، قارەمانێتی و جەربەزەیی خەڵكی كەركوكی قودسی كوردستان بەرامبەر هێرشی تێرۆریستان بۆ سەر شاری كەركوك لەماوەی رابردوودا یەكێكی دیكەبوو لە داستانی بەرگری و بەرخۆدانی كوردان لەبەرامبەر ئەم گروپە تێرۆریستە نا مرۆییە كە لەناوچەكەدا بەهاوكاری چەند وڵاتێك گەشەیان كردووەو كردەوەی نامرۆیی بەرامبەر مرۆڤایەتی بەگشتی و خەڵكی كوردستان و عێراقیەكان بەتایبەتی ئەنجام دەدەن، بۆیە ئازایەتی كەركوكیەكان بە پیرۆز دادەنێین و سەری رێزو نەوازش بۆ شەهیدەكان دادەنەوێنین و هیوای زوو چاكبونەوە بۆ بریندارەكانیش دەخوازین.
دووبارە پیرۆزبایی لە خوێندكارانی خۆشەویست و خانەوادە سەبەزەكانیان دەكەین ،هیوای سەركەوتن بۆ پێشمەرگە قارەمانەكانمان دەخوازین، بەهیوای بەدیهێنانی خەونەكانمان.
د. مۆفەق خالید
سەرۆكی زانكۆی راپەڕین
٢٠١٦/١١/٨