University of Raparin Logo

د.یوسف گۆران: سەرجەم دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاو کاروبارەکانى بە ئەلیکترۆنى دەکەین

چاپکردن ئیمەیڵ

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى رایگەیاند: لە پێناو شەفافیەتى زیاترو رایکردنى کاروبارەکانى خوێندنى باڵا، دەبێ هەوڵەکانمان زیاتر چڕبکەینەوە بۆ ئەوەى سەرجەم کاروبارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و دامەزراوەکانى بە ئەلیکترۆنى بکەین.

ئەو راگەیاندنەى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لەمیانى کۆبوونەوەى هەفتانەى وەزارەتدا هات، کە رۆژی یەکشەممە ٢٢-١-٢٠١٧، بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا، کە راوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و یاریدەدەرانى بەڕێوەبەرى گشتى و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرەکانى دیوانى وەزارەت ئامادەیبوون، گفتوگۆ لەبارەى چەند بابەتێکى گرنگ کرا.

لەسەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، د.یوسف گۆران بەگرنگییەوە باسى لە سیستمى وەرگرتنى راستەوخۆى زانکۆکان کرد و بەسیستمێکى سەرکەوتوو وەسفیکرد . وتى: خۆشەبەختانە لەلایەن خوێندکارانەوە ئەمساڵ پێشوازییەکى گەرم لە پڕۆسەکە کراو بەهەوڵى زانکۆکان توانرا بەسەرکەوتوویى تەواو بکرێ، لەوەشدا زانکۆکانى (سەڵاحەدین، سلێمانى، پۆلیتەکنیکى هەولێر) پێشەنگى جێبەجێکردنى سیستمەکە بوون.

وتیشی: دواى راوێژکردن لەگەڵ زانکۆکان، هەوڵ دەدەین بۆ ساڵى داهاتوو ئەم سیستمە فراوان بکەین بۆ ئەوەى لە سەرجەم بەشە زانستییەکان جێبەجێ بکرێ، جگە لە کۆلێژەکانى (پزیشکى، ئەندازیارى، یاسا) کە هەر بەهەمان سیستمى ناوەندى وەرگرتن خوێندکاران دەتوانن داوا پێشکەش بکەن، بۆ ئەوەش بەڕێوەبەرە گشتییەکانى راسپارد داتابەیسێک (سۆفت وێرێک) بۆ ئەو سیستمە دروست بکەن و لەگەڵ زانکۆکانیش کۆببنەوە بۆ وەرگرتنى راو پیشنیازەکانیان و دیاریکردنى مەرج و رێنمایی وەرگرتن بۆ سەرجەم بەشەکان، هەر لەو چوارچێوەیەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى؛ بەهەمان شێوە دواى راوێژکردن لەگەڵ زانکۆکان دەبێ سیستمێک بۆ خوێندنى ئێواران و پارالێل لە زانکۆ حکومییەکان دابنێین، بۆ هەریەک لەو بابەتانەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیارى پێکهێنانى لیژنەى پێویستیدا بۆ ئەوەى بەهەماهەنگى لەگەڵ زانکۆکان بگەنە بڕیارى گونجاو.

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، "د.یوسف گۆران" باسى لە گرنگى بەئەلیکترۆنیکردنى خوێندنى باڵا کرد و، رایگەیاند: هاوشێوەى وڵاتانى پێشکەوتوو دەبێ پڕۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا (ماستەر و دکتۆرا) بەئەلیکترۆنى بکەین، بەشێوەیەک خوازیاران بەشێوەى (ئۆنلاین) بتوانن داواکارى بۆ خوێندنى باڵا پێشکەش بکەن، وتیشى: بە جێبەجێکردنى ئەم پرۆسەیە باشتر دەتوانین ئاگادارى پرۆسەکە ببین، لەهەمان کاتدا کارئاسانیەکى زۆریش بۆ خوازیاران دەکات، بۆ ئەوەش راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانى راسپارد لە لیژنەى باڵاى خوێندنى باڵا کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن و ڕاو پێشنیازى زانکۆکان وەربگرن لە پێناو دۆزینەوەى میکانزمێکى گونجاو بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنى سەرجەم پڕۆسەى خوێندنى باڵا.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گرنگى بە ئەلکترۆنیکردنى دامەزراوەکانى خوێندنى تایبەت خستەڕوو، وتى: دەبێ زانکۆو پەیمانگە تایبەتەکان سەرجەم کاروبارەکانیان بە ئەلیکترۆنى بکەن، لەهەنگاوى یەکەمیشدا باشترە شێوازى بەڕێوەبردنى کاروبارەکانیان بە ئەلیکترۆنى بکەن، دواتریش کاروبارەکانى دیکە، لەو چوارچێوەشەدا بەڕێوەبەرە پەیوەندارەکانى راسپارد لەگەڵ زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان گفتوگۆ بکەن بۆ داڕشتنى میکانزمێکى گونجاو تا لە زووترین کاتدا ئەو پڕۆسەیە بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى بە ئەلیکترۆنیکردنى کاروبارى کارگێڕى دیوانى وەزارەت کرا، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارى پێویست دراو لیژنەى پێویستى بۆ پێکهات.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەى چەندین بابەتى دیکەى پەیوەست بەکاروبارى خوێندنى باڵا و دامەزراوەکان کرا، بۆ ئەوەش بیروڕاى جیا ئاڵوگۆڕکرا.