University of Raparin Logo

"لە ئەمڕۆوە پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینی خوێندکاران بۆ ساڵی نوێى خوێندن بە شێوازى ئۆنلاین دەستپێدەکات"

چاپکردن ئیمەیڵ

لە ئەمڕۆوە پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینی خوێندکاران بۆ ساڵی نوێى خوێندن بە شێوازى ئۆنلاین دەستپێدەکات
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تۆماری گشتی زانكۆمان ئاگاداری سه‌رجه‌م ئه‌و خوێندكارانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستیانه‌ پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ و دابه‌زین ئه‌نجامبده‌ن ‌پێویسته‌ له‌ چوارچێوه‌یی ڕێنماییه‌كانی گواستنه‌وه‌ دابه‌زین ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجام بده‌ن وه‌ بەمەبەستى ئاسنکارى بۆ خوێندکاران پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینى خوێندکاران لەنێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بە شێوازى ئۆنلاین و لە ڕێگەى پلاتفۆڕمى تایبەت بە گواستنەوەو دابەزین ئەنجام دەدرێت، لەڕێگەى لینکى (registrationspu.com/student) پێویست ناکات هیچ خوێندكارێك سەردانى وەزارەت و زانکۆکان بکات بۆ ئەم پرۆسەیە.
خوێندكار مافی گواستنەوەی دەبێت لە گشت قۆناغەكان، جگە لە قۆناغى یەكەم لە نێوان زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم ئەگەر یەكێک لەم حاڵەتانەى خوارەوەی تێدابێت:
1. خوێندكار دەرچو بێت لە خولی یەكەمدا بە پلەی باشە یان سەروتر و دانیشتوی هەمان پارێزگا یان نزیک ئەو شارە بێت كە گواستنەوەی بۆ دەكرێت.
2. خوێندكار ئەگەر دایكی یان باوكی كۆچی دوایی كرد بێت لە ساڵانى خوێندنى زانکۆ، بە بەڵگەی فەرمی بیسەلمێنێت کە وەفاتنامە (بیان الوفاە) و (صورە القید) و دانیشتوی هەمان پارێزگا یان نزیک ئەو شارە بێت كە گواستنەوەی بۆ دەكرێت ، ئەگەر کۆچ کردنەکە لە ساڵانی خوێندن نەبو، ئەوا گواستنەوەکە بە سیستەمی (پارالێل) بەڕێژەى سەدا پەنجاى کرێى خوێندن دەبێت.
3. ئەگەر خوێندكار هاوسەرگیری ببەستێت لە ساڵانى خوێندنى زانکۆ دەبێت بە بەڵگەی فەرمی بیسەلمێنێت لە گرێبەستی هاوسەرگیری، وێنەى ڕەسەنى تۆمارى باری شارستانی (صورە القید)ی ڕەسەن و بە فەرمی تۆمار كردنی لە لیستی باری شارستانی و دڵنیایی دەرچون (صحە الصدور) بۆ بەڵگەنامەكان بكرێت، بە هەمان شێوە بۆ ئافرەت ڕەچاوی جیابونەوەی خێزانی (طلاق) بكرێت و لە كاتی دەركەوتنی هەر ساختەكاریيەک لە بەڵگەنامەكان لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ بکرێت، ئەگەر هاوسەرگیری کردنەکە لە ساڵانی خوێندن نەبو، ئەوا گواستنەوەکە بە سیستەمی (پارالێل) بەڕێژەى سەدا پەنجاى کرێى خوێندن دەبێت.
4. هەر خوێندكارێک (تەنها بۆ ڕەگەزی مێینە) لە ساڵانى خوێندنى زانکۆ منداڵی ببێت و بە بەڵگەی فەرمی بیسەلمێنێت ئەگەر منداڵ بونەکە لە ساڵانی خوێندن نەبو، ئەوا گواستنەوەکە بە سیستەمی (پارالێل) بەڕێژەى سەدا پەنجاى کرێى خوێندن دەبێت.
5. منداڵی (كوڕ و كچ)ى شەهیدو ئەنفالكراوەكان مافی گواستنەوەیان هەیە لە نێوان زانكۆ بۆ هەمان كۆلێژ/ پەیمانگەو بەشی کە لێى وەرگیراون و بە نووسراوی پشتگیرى وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و بە واژوی بەڕێز وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان یاخود بەڕێوبەری گشتی دەبێت.
6. خوێندكاری (كوڕ و کچ)ی مامۆستایانى زانكۆ لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرا لە (مامۆستای یاریدەدەر، مامۆستا، پرۆفیسۆری یاریدەدەر، پرۆفیسۆر) مافی گواستنەوەیان هەیە ئەگەر دەرچوبن، هەروەها (كوڕ و كچ) ى فەرمانبەرانی زانكۆکان و دەزگاکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا، بە مەرجێک ساڵانى خزمەتى لە (15) ساڵ کەمتر نەبێت.
7. گواستنەوە بۆ کۆلێژى پزیشکى کە سیستەمی ئینتیگرەیشن پەیڕەو دەکات ناکرێت، چونکە خوێنكار دادەبەزێنرێتە قۆناغی یەکەم و ئەمەش وا دەکات پلانی ڕێژەی خوێندكارانی قۆناغی یەکەم زیاد بکات.
8. خوێندكار لە خوێندنی بەیانیان مافی گواستنەوەی هەیە بۆ خوێندنی ئێواران بە مەرجێک لە هەمان پسپۆری خۆیدا بێت، دوای لاری نەبونی هەردولا بە ڕەچاوكردنی توانای بەشەكە لەگەڵ كۆنمرەكەی و پێدانى کرێى خوێندن.
9. خوێندكارانى كۆلێژە (ئەهلییەكان) بە هیچ شێوەیەک مافی گواستنەوە یان میوانداریان نییە بۆ زانكۆ و كۆلێژە (حكومییەكان)
10. گواستنەوەی خوێندكاران لە بەشەكانی ئێواران بۆ بەشەكانی هاوشێوەی بەیانیان ناكرێت لە بەر جیاوازى کۆنمرەى پێشبڕکێ.
11. هەمو گواستنەوەیەكی خوێندكاران لە نێوان كۆلێژ و فاکەڵتى و پەیمانگەكان بە ڕێگای كۆلێژ و فاکەڵتى و پەیمانگەكان و سەرۆكایەتی زانكۆكان دەبێت (بە پێى ڕیزبەندی و پەیوەندی)
12. بەرابەركردن و مەقاسەكردنی وانەكان لە لایەن بەشی زانستی داواكراودا ئەنجام دەدرێت لەگەڵ ناردنی لیستی ئەو وانانەی كە خوێندویەتی لەگەڵ یەكەكان لە ساڵانە و وەرزییەكاندا بە شێوەیەک (ئەگەر وانەی داواكراو زیاتر لە دو وانەی ساڵانە یان چوار وانەی وەرزی بو دەبێ‌ قۆناغێک داببەزێندرێت) و لە كاتی پێشبڕكێ‌ لە سەر گواستنەوەكان لە یەک پرۆسەدا ڕەچاوی كۆنمرەی قۆناغەكەیان دەكرێت و هەمو فەرمانی گواستنەوەی خوێندكاران بە واژوی سەرۆكی زانكۆکان دەبێت بە پێى پەیوەندی گواستنەوەكە.
13. بۆ زانکۆکان هەیە سەیری داوای گواستنەوەی هەندێ لە خوێندکاران بکات بۆ گشت قۆناغەکانی خوێندن (جگە لە قۆناغی یەکەم) بۆ هەمان بەش بۆ شوێنی نیشتەجێبونیان بە هۆی ئەو نەخۆشییانەى کە زۆر سەخت و قورس و بەردەوام و درێژخایەن و ترسناک و چارەسەریان زەحمەتە.
هاوپێچ : مه‌رج و ڕێنماییه‌كانی گواستنه‌وه‌ و دابه‌زینی خوێندكاران له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكانی هه‌رێم بۆ ساڵی خوێندنی (2020-2021)
لينكى پێشكه‌شكردنی داواكاری
https://www.mhe-studentaffairs.com/student/index.php

کلیک بکە بۆ داگرتنی رێنمایی پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینی خوێندکارانپرۆسەى گواستنەوەو دابەزینی خوێندکاران