University of Raparin Logo

وێرکشۆپی هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە پڕۆگرامی زمانی ئینگلیزی بەڕێوەچوو

چاپکردن ئیمەیڵ

ئەمڕۆ، ڕێکەوتی ٢٩-٨-٢٠٢١، لە هۆڵی Language Lounge لە کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت وێرکشۆپی هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە پڕۆگرامی زمانی ئینگلیزی قۆناغی یەکەم و دووەمی بەشەکانی زانکۆ بەڕێوەچوو. ئەم وێرکشۆپە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی سێنتەری پەرەپێدان و زمانەوە ڕێکخرابوو و تێیدا ژمارەیەک لە مامۆستایانی پسپۆڕ و شارەزای بواری زمانی ئینگلیزی ئامادەبوون بەمەبەستی وەرگرتنی ڕا و بۆچوونیان لەبارەی پڕۆگرامەکە.

جێگەی باسە، وێرکشۆپەکە بە باسکردنی ئاڵنگارییەکانی پڕۆگرامەکە لە لایەن بەڕێوەبەری سێنتەر، دکتۆر صلاح بابکر، دەستی پێکرد. پاشان مامۆستا عبدالله فتاح، بەڕێوەبەری خوێندنی بەرایی سێنتەر، پوختەیەکی لەبارەی پڕۆگرامەکە خستەڕوو بۆ بەرچاوڕوونی ئامادەبووان و ئاشنابوونیان بە پڕۆسەی وانەگوتنەوە و کارگێریەتی کۆرسەکان لە سەنتەر. دواتر، مامۆستا سەردار عبدالله، مامۆستا لە سێنتەری زمان، کۆرسبووکی بەکارهاتووی وانەی ئینگلیزی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو لەگەڵ ئەو هەڵسەنگاندنانەی لە ماوەی سمێستەرەکان ئەنجام دەدرێن.

لە کۆتاییدا، بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک تاوتوێی تەواوی پڕۆگرامەکە کرا و لە لایەن مامۆستا و پسپۆڕانی بەشداربوو چەندین پێشنیار و ڕاسپاردە و سەرەنج خرانەڕوو و پێشکەش بە سێنتەری زمان کران بە مەبەستی هەنگاونان بۆ چارەسەری گرفتەکان و باشترکردنی پڕۆگرامەکە.