ئەمڕۆ ١٠٠ فێرخواز بەشداریان کرد لە تاقیکردنەوەی Placement لەسێنتەری زمان
لەمیانەی کردنەوەی کۆرسی بەهێزکردنی زمان و ئامادەکاری IELTS، ئەمڕۆ سێنتەری زمان تاقیکردنەوەی پێشەکی Placementـی بە ١٠٠ فێرخواز ئەنجامدا و ئەمەش لە پێناو دانانی فێرخوازەکان لە ئاستی گونجاو بە گوێرەی توانای خۆیان.
شایەنی باسە ئەم کۆرسە چوار مانگی کردای دەخایەنێت و لە هەفتەیەکدا ٣ ڕۆژ و ڕۆژانە ٤ کاتژمێر دەخوێندرێت و لەلایەن مامۆستای بیانی تایبەتمەند وانەکان دەوترێنەوە و تێیدا فێرخواز لە کۆرسی ئامادەکاری IELTS ئامادەدەکرێت بۆ ئەم تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییە و لە کۆرسی بەهێزکردنەکەش فێرخواز هاوکاری دەکرێت تا زمانی ئینگلیزی بەهێزبکات و بەکاری بهێنێت لە کاروبارە ئەکادیمی و بوارەکانی ژیانی خۆی.
سێنتەری زمان هیوای سەرکەوتن بۆ فێرخوازەکان دەخوازێت و لەهەفتەی داهاتووەوە وانەکان دەستپێدەکرێن.
بەڕێوەبەرایەتی سێنتەری زمان
زانکۆی ڕاپەڕین خولی ڕێگاکانی وانە ووتنەوە دەکاتەوە
بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی مامۆستایانی زانکۆمان بەشێوازی نوێی وانە ووتنەوە، هۆبەی خوێندنی باڵا لە سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین بەپێی فەرمانی زانکۆیی ژمارە (٢٣٢/٢٩/٧) لە ڕیکەوتی ٢٠١٧/١/١٧، بڕیاریدا بە کردنەوەی خولی ڕێگاکانی وانە ووتنەوە بۆ ساڵی (٢٠١٧) .
١- خولەکە لە ڕۆژی دوو شەممە ٢٠١٧/١/٢٣ دەستپێدەکات تا ڕێکەوتی ٢٠١٧/٤/٢٣ بەردەوام دەبێت.
٢- خولەکە لە بینای فاکەڵتی زانست دەبێت، ڕۆژانە لە کاتژمێر (٢)ی دوانیوەڕۆ دەست پێدەکات .
٣- پێویستە بەشداربووان کۆپی پاسپۆرت و کۆپی بڕوانامەی ماستەر بهێنن .
سەعدی ئەحمەد پیرە سەردانی زانکۆی راپەڕینی کرد
راگەیاندنی زانکۆ
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠١٧/١/١٨، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی زانکۆی راپەڕینی کرد و، لەگەڵ سەرۆکی زانکۆو ئەندامانی ئەنجومەن و ژمارەیەک بەڕێوەبەری زانکۆ کۆبۆوە.
سەرەتا لەلایەن بەڕێز "پ.ی.د. مۆفەق خالید" سەرۆکی زانکۆی راپەڕین بەخێرھاتنی بەڕێز سەعدی ئەحمەد پیرە و وەفدی یاوەری کرا، دواتر لە کۆبوونەوەیەکدا باس لەبارودۆخی ئێستای کوردستان و قەیرانی دارایی ھەرێم کرا. ھەروەک ئاماژەی بەقۆناغەکانی شەڕی موسڵ کردو ئەو قۆناغەشی بە قۆناغی کۆتایی ھاتنی گروپی تێرۆریستی داعش لەموسڵ و عێراق ناوبرد.
ھەروەک بەگرنگیەوە باسی لە رۆڵی زانکۆکان و ناوەندە زانستییەکان کرد کە دەتوانن لەڕێگەی توێژینەوەی زانستی فیکری داعش لەعێراق لەناوبەرن چونکە بەکۆتایی ھێنان گروپی تێرۆریستی داعش فیکری ئەم گروپە کۆتایی نایەت و پێویستی بە توێژینەوەی زیاتر دەبێت.
دواتریش سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی پێشانگایەکی کتێبی کرد کە لەکۆلێژی زانستەمرۆڤایەتییەکانی زانکۆی راپەڕین کراوەتەوە.