دەڤەری راپەڕین، لە رووی کارگێڕییەوە ئیدارەیەکی سەربەخۆی ھەیە بەناوی (ئیدارەی راپەڕین)، کە (٢) دوو قەزا و (٩) نۆ ناحیە لەخۆدەگرێت: قەزاکانی (رانیە، قەڵادزێ) و ناحیەکانی (چوارقوڕنە، حاجیاوا، بێتواتە، سەرکەپکان، سەنگەسەر، ژاراوە، ھێرۆ، ھەڵشۆ و ئیسێوە).
سەبارەت بە واتای ناوی دەڤەرەکەش، دەگەڕێتەوە بۆ راپەڕینە مەزنەکەی ئازاری ساڵی (١٩٩١)ی خەڵکی باشوری کوردستان دژی رژێمی بەعسی داگیرکەر، کە لە ڕۆژی (۳/٥)دا لە شاری رانیەوە دەستیپێکرد، دواتر تەواوی شار و شارۆچکەکانی کوردستانی گرتەوە، بوو بە ھۆی ئازادبوونی زۆربەی ھەرە زۆری ناوچە داگیرکراوەکانی خاکی کوردستانی ژێردەستی ڕژێمی بەعس، پاشان دروستبوونی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە حکومەتی عیراقی فیدراڵ.
١. شـــاری رانــیـــه:
٭له رووی كارگێڕییه‌وه
سه‌ر به ئیداره‌ی راپه‌ڕینه، جگه له سه‌نته‌ری قه‌زاكه، هه‌ر چوار (٤) ناحیه‌ی: (حاجیاوا، چوارقوڕنه، سەركەپكان، بێتواته) له‌خۆده‌گرێت. رانیه ناوه‌ندی ناوچه‌ی بیتوێن و ئیداره‌ی راپه‌ڕینه، له رووی هەڵكەوتهی جوگرافیاوه ده‌كه‌وێته باكوری خۆرهه‌ڵاتی شاری سلێمانی و نزیكه‌ی (١٣٠) كم له‌و پارێزگایه‌وه دووره، خاوه‌نی سروشتێكی جوانە، كه شاخ و رووبار و ده‌ریاچه‌ی تێدایه، ده‌ریاچه‌ی دووكان و چیای ئاسۆس كه‌وتونه‌ته خۆرهه‌ڵات و شاخی كێوه‌ڕه‌ش كه‌وتۆته باكور، چیای حاجیله و چیای ماكۆك-یش كه‌وتونه‌ته باشوری خۆرئاوایه‌وه.
٭له رووی ئاووهه‌واوه
ئاووهه‌واكه‌ی چوار وه‌رزییه و له‌ژێر كاریگه‌ریی ده‌ریای ناوه‌ڕاستدایه، هاوینی گه‌رم و وشكه و له زستاندا سارد و باراناوییه، هه‌روا (ده‌شتی بیتوێن) كه ده‌كه‌وێته ناوچه‌كه‌و به درێژایی (٣٠) كم له خۆرهه‌ڵاته‌وه بۆ خۆرئاوا درێژ ده‌بێته‌وە، به فراوانترین ده‌شت داده‌نرێت، به پیت و ده‌وڵه‌مه‌نده له رووی پێكهاته‌ی خاكییه‌وه، جگه‌له‌وه‌ش زێی بچوك به‌ناویدا تێپه‌ڕده‌بێت. سه‌رچاوه‌ی بژێویی دانیشتوانی ناوچه‌كه له‌سه‌ر كشتوكاڵ و بازرگانی و ئاژه‌ڵداری و كێڵگه‌ی به‌خێوكردنی پهلهوهرە.
(ده‌ربه‌ندی رانیه)ش خاڵی كۆكه‌ره‌وه‌ی ئه‌و كانی‌و چه‌م و ڕووبارانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ناوچه‌ی پشده‌ره، كه (زێی بچوك)یان لێپێكدێت، سه‌ره‌تای دروستبوونی (ده‌ریاچه‌ی دوكان)ه، ئه‌مه‌ش دیمه‌نێكی دڵگیری سروشتیی به شاری رانیه و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌كه به‌خشیوه، هه‌روا نزیكی ده‌ربه‌نده‌كه له هه‌ردوو زنجیره چیای (ئاسۆس) و (كێوه‌ڕه‌ش) و سه‌وزایی بناری كێوه‌ڕه‌ش و (غاباتی رانیه)، كردویهتیە پێگهیەكی گه‌شتیاری.
٭له رووی مێژووییه‌وه
رانیه خاوه‌ن مێژوویه‌كی دێرینه، كه چه‌ندین شوێنه‌واری مێژوویی هه‌یه، له‌وانه: (قه‌ڵاتی رانیه، گردی شمشاره، گردی باسمۆسیان، گردەدێمه، گردی كامهمیان، گردی بۆسكێن، گردی تلێ، گردی نه‌مرود).
ژیان لـه‌م ناوچه‌یه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نزیكه‌ی (٦) شەش هه‌زار ساڵ پێش زایین، هــهروا مێژووی بهقەزابوونیشی رانیه ده‌گه‌ڕێـته‌وه بۆ سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان، کەوا له دوای ساڵی (١٨٧٠) ناوی بە (قەزا) هاتوە و قائیمقامی خۆی هەبووە.
٭ ناوی رانیه لە سەرچاوەکاندا
دەربارەی واتای ناوی رانیه رایه‌كی جێگیر نیه، چه‌ند بیروبۆچونێكی جیـاوازی لـهسـهره، هـهندێك رایانوایە وشه‌یه‌كی دێرینی سه‌رده‌می ئاشووریهكانه به مانای "ئاوه‌دانی" دێت، هــهنـدێكی تر پێیانوایـه له وشه‌ی (ئۆرانۆس)ه‌وه هــاتـووه، كــه كـورتـكـراوهتـهوه بـۆ وشه‌ی (ئۆرانیه)، بـــه تێپهڕبوونـی كـات پێشگری (ئۆ) لابراوه بووه به (رانیه)، هه‌روەها هه‌ندێكی تریش بۆچونیان وایە له وشه‌ی (رێ نیـه)ه‌وه هاتووه، كه پێشتر رێگه‌ی پێداڕۆیشتنی كه‌م بووه له‌به‌ر سه‌ختی و بڕیشهڵێنی، یه‌كێـكی تر له رایهكـان له‌و باوه‌ڕه دان ناوه‌كه له وشه‌ی (ران-مه‌ڕ)ه‌وه وه‌رگیراوه، كـه شوێنێكی لــهبــار بووه بۆ لهوهڕانـدنی ئاژه‌ڵ، جگه له‌وانه‌ش بۆچونێكی تریش هه‌یه ده‌ڵێ، له وشه‌ی (ران-ئاران)ەوە هاتوە، به واتای “گه‌رم”، لهبەرئەوهی ناوچه‌كه گه‌رمه، بۆیه وای پـێگوتراوه.
٭رۆڵی شاری رانیه و دانیشتوانیشی له بزوتنه‌وه و شۆڕش و راپه‌ڕینه جه‌ماوه‌رییه‌كانی کوردستاندا
سه‌باره‌ت به رۆڵی شاری رانیه و دانیشتوانیشی له بزوتنه‌وه و شۆڕش و راپه‌ڕینه جه‌ماوه‌رییه‌كانی کورستان‌دا و مێژوی هاوچه‌رخی گه‌لی كوردستاندا، رۆڵێكی دیار و پڕشنگداره:
- به‌شداریی دیار و كاریگه‌رانه‌ی خه‌ڵكی رانیه و ده‌ڤه‌ره‌كه له شۆڕشی شێخ مه‌حمودی حه‌فید و روبەڕوبونهوهی ئینگلیز له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا. لەوانە (شەڕی دەربەندی رانیە) لە ساڵی ١٩٢٣دا، کە تێیدا سوپای ئینگلیز توشی شکستێکی گەورەی سەربازی هات و لە ناوچەکە دورخرایەوە.
- به‌شداریی چالاكانه‌ی هاونیشتمانیانی شار و ناوچه‌كه له دروستكردن و سه‌رخستنی حكومه‌تی كوردستان له مه‌هاباد- رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا له چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا.
- به‌شداریكردنی چالاكانه‌ی خه‌ڵكی رانیه له خۆپیشاندان و راپه‌رینه‌كانی ١٩٤١، ١٩٥٢،١٩٤٨ و ١٩٥٦ له عیراق دا دژی سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌تی پاشایه‌تی و، ده‌سه‌ڵاته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عیراق.
- رۆڵبینینی خه‌ڵكی رانیه له جوڵانه‌وه‌ی چه‌كداری و سیاسی له سه‌رده‌می كۆمارییدا دژی سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌تی عیراق، كه خۆی له شۆڕشی ئه‌یلول و شۆڕشی نوێی گه‌لی كوردستان له ١٩٧٦ ده‌بینێته‌وه هه‌ر له هه‌ڵگیرسانیه‌وه تاكو سه‌ركه‌وتنی. له‌و ساڵانه‌دا رانیه و ده‌وروبه‌ری چەقی بزوتنەوەکە و پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌ردو شۆڕش و جموجۆڵ و سه‌ركرده‌كانی بوون، و سه‌دان رۆڵه‌ی شار و ناوچه‌كه‌ش له روبەڕوبوونهوهی دوژمن‌دا گیانیان به‌ختكرد.
- ئه‌نجامدانی راپه‌ڕینی خوێندكاران و جه‌ماوه‌ریی له ٢ی ئایاری ١٩٨٢ به‌رامبه‌ر رژێمی به‌عسی داگیركەر و به‌خشینی چه‌ند رۆڵه‌یه‌ك له‌پێناو به‌دیهێنانی ئامانجی ئازادی كوردستاندا.
- ئه‌نجامدانی مانگرتنی خوێندكاران و كاسبكارانی رانیه له ئایاری ١٩٨٧دا و شه‌هیدبوونی چه‌ند رۆڵەیەكی به‌ئه‌مه‌كی شاره‌كه له روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی رژێمی به‌عسدا.
- په‌راوێزخستن و فه‌رامۆشكردنی شاری رانیه و ده‌وروبه‌ری له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه و روخاندنی چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی شاره‌كه و پلاندانان بۆ راگواستنی ته‌واوه‌تی دانیشتوانهكەی وه‌ك چۆن به‌سه‌ر قه‌زا و ناوچه‌ی پشده‌ر و دانیشتوانه‌كه‌یدا هێنای.
- ئه‌نجامدانی چه‌ند چالاكی و جموجوڵ و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌یه‌ك له‌لایه‌ن خوێندكار و گه‌نجانی شاره‌كه‌وه دژی رژێمی به‌عس له كۆتاییه‌كانی ١٩٩٠ و مانگه‌كانی كانونی دوه‌م و شوبات و ئازاری ساڵی ١٩٩١، تەنانهت شه‌هیدبوونی ژنێك له ٢٧ی شوبات له به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی گشتیی رانیه و، لاوێكی رانیه له‌بناری چیای كێوه‌ڕه‌ش له ٣ی ئازاری ١٩٩١دا.
- به‌رپاكردنی راپه‌ڕینی ٥ی ئازاری ١٩٩١ی خه‌ڵكی باشوری كوردستان، كه به‌هۆیه‌وه نازناوی (ده‌روازه‌ی راپه‌ڕین)ی پێبه‌خشرا.
٭له رووی زانستییه‌وه
شاری رانیه پێشكه‌وتنێكی باشی به خۆیەوه بینیوه، كه چه‌ند په‌یمانگایه‌كی جۆراوجۆری تیادا كراوه‌ته‌وه، له‌وانه په‌یمانگای (مامۆستایان، هونه‌ره‌جوانه‌كان، وه‌رزش، كۆمپیوته‌ر)، هه‌روا له ساڵی (٢٠١١) كاتێك دەست به خوێندن كرا له (زانكۆی راپه‌ڕین)، سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ له‌و شاره‌دا دامه‌زرا، به‌شه‌كانی (مێژوو، جوگرافیا و فه‌لسه‌فه) له سكوڵی زانسته‌مرۆڤایه‌تیه‌كان و، به‌شه‌كانی (كوردی، عه‌ره‌بی، كۆمپیوته‌ر و بیرکاری) له سكوڵی په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌ت، به‌شی (په‌رستاری) خرانه سه‌ر زانكۆی راپه‌ڕین، كه پێشتر سه‌ر به (زانكۆی كۆیه) بوون و له شاری رانیه كرابونه‌وه. دوای فراوانبوونی زانكۆی راپه‌ڕین له ساڵی (٢٠١٣)دا به‌شی (په‌رستاری) بوو به (سكوڵی په‌رستاری)، لە ساڵی (٢٠١٦) بووە بە کۆلێژ. بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٦-٢٠١٧ خوێندنی دکتۆرا لە کۆلێژی پەرستاری کراوەیەوە.
هه‌روا به‌شه‌كانی (بیرکاری، كۆمپیوته‌ر و باخچه‌ی ساوایان) له سكوڵی په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌ت کرانەوە، کە پاشان کرا بە فاکەڵتیەکی سەربەخۆ و چەند بەشێکی دیکەشی لێکرایەوە: (کوردی، عەرەبی، …). هەمان ساڵ به‌شی (بایۆلۆجی) كرایه‌وه، له‌ساڵی (٢٠١٣) به‌شی (یاسا) له فاكه‌ڵتی زانسته‌مرۆڤایه‌تیه‌كان كرایه‌وه. بۆ ساڵی دواتریش (٢٠١٤-٢٠١٥) لە هەردوو بەشی (فیزیا، کیمیا)دا دەست بە خوێندن کرا و پاشان (فاکەڵتی زانست) دروستبوو. وەک بەشی نوێش لە ساڵی (٢٠١٥)دا (ئەندازیاریی شارستانی) و هەروەها لە (٢٠١٦)دا (ئینگلیزی/ پەروەردەی بنەڕەت) کرانەوە. وەکچۆن لە فاکەڵتی پەروەردەی بنەڕەت/ئێوارانیش جگە لە هەردوو بەشی (عەرەبی ، بیرکاری) لە (٢٠١٤-٢٠١٥) دا لە بەشەکانی (کوردی، زانستی گشتی)شدا دەست بە خوێندن کرا و لە ساڵی (٢٠١٦)دا بەشی (ئینگلیزی).
٢. شـــاری قـــه‌ڵادزێ
٭ له رووی كارگێرییه‌وه
قه‌ڵادزێ له رووی كارگێرییه‌وه قه‌زایه به ناوی (قه‌زای پشده‌ر)، سه‌ر به ئیداره‌ی راپه‌ڕینه. جگه له سه‌نته‌ری قه‌زا، له پێنج (٥) ناحیه پێكهاتووه، كه بریتین له ناحیەکانی ( سه‌نگه‌سه‌ر "ناوده‌شت"، ژاراوه، هێرۆ، هه‌ڵشۆ، ئیسێوه).
٭ له رووی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیاوە
قه‌زای پشده‌ر كه‌وتۆته باكوری خۆرهه‌ڵاتی پارێزگای سلێمانی و (١٣٨) كم لێوه‌ی دووره، كه پێكهاتووه له شاخ و دۆڵ و گرد و ده‌شت و رووبار، ئه‌مه‌ش وایكردووه له رووی جوگرافیاییه‌وه تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌بێت.
هه‌روەها كۆمه‌ڵێك چیا ده‌وریانداوه، وه‌ك چیای (بڵفه‌ت و ته‌ورداس) له خۆرهه‌ڵات، چیای (كێوه‌ڕه‌ش) له خۆرئاوا و چیای (قه‌ندیل) له باكور و چیای (ئاسۆس)یش له باشور، زێی بچوك-یش به دامێنی چیای ئاسۆس به ناوچه‌ی پشده‌ردا تێپه‌ڕ ده‌بێت و له (ده‌ربه‌ندی رانیه)وه ده‌ڕژێته (ده‌ریاچه‌ی دوكان).
٭له رووی مێژووییه‌وه
به پێی هه‌ندێ سه‌رچاوه، مێژووی قه‌ڵادزێ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ئاشورییه‌كان، له كاتی هێرشه‌كانی (سهلجونی هه‌شته‌م) ناوی (زه‌مبیلی) بووه، هه‌روا له ساڵی (٥٧٢)ی زایین‌دا ناوی (نامرێ) بووه، له دوای هێرشه‌كانی له‌شكری عوسمانی له سه‌رده‌می سوڵتان (عبدالحمید)ی دووه‌م له‌ساڵانی (١٨٧٨-١٩٠٩) ناوی پشده‌ر (معموره الحمید) بووه.
له دوای سه‌رده‌می پاشایه‌تی له عیراقدا، ئه‌و روداوانه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و قه‌زاو ناوچه‌یه‌دا هاتوون بریتین له:
- بۆردومانكردنی شاری قه‌ڵادزێ له سه‌رده‌می (عبدالسلام عارف) له ساڵی (١٩٦٣)، هه‌روا له سه‌رده‌می (عبدالرحمن عارف) له ساڵی (١٩٦٦)دا.
- جارێكی تر بۆردومانكردنی قه‌ڵادزێ له (١٩٧٤/٤/٢٤) له لایه‌ن رژێمی به‌عس، شه‌هیدكردنی زانكۆی سلێمانی (زانكۆی شۆڕش)، كه ئه‌وكاته شۆڕش گواستبویه‌وه ئه‌و قه‌زایه‌و له سه‌رانسه‌ری كوردستانه‌وه خه‌ڵك روویان له‌و شاره كردبوو، چ بۆ به‌شداریكردن له شۆڕش چ بۆ خوێندن له زانكۆ (به‌تایبه‌ت خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی).
- راگواستنی دانیشتوانی گونده‌كانی بناری قه‌ندیل به زۆره‌ملێ له‌لایه‌ن رژێمی به‌عس له ساڵی (١٩٧٧)دا، دووه‌م شاڵاوی راگواستنی گونده‌كانی تری ده‌ووروبه‌ری پشده‌ر بۆ كۆمه‌ڵگه زۆره‌ملێكانی (به‌سته‌ستێن، تووه‌سوران، ژاراوه، پێماڵك) له ساڵی (١٩٧٨)دا.
- راپه‌ڕینی (١٩٨٢/٤/٢٤) بۆ یادكردنه‌وه‌ی كاره‌ساتی (١٩٧٤/٤/٢٤).
- دوایین قۆناغی راگواستنی به زۆره‌ملێی سنوری قه‌زای پشده‌ر له رۆژی (١٩٨٩/٦/٢٦)دا بوو، كه قه‌زاكه به ته‌واوه‌تی كرا به ناوچه‌ی قه‌ده‌غه‌كراو، ده‌ڤه‌ره‌كه‌ش به ته‌واوه‌تی له گه‌ڵ زه‌وی ته‌ختكرا.
له دوای راپه‌ڕینه مه‌زنه‌كه‌ی (٥)ی ئازاری ساڵی (١٩٩١) و رزگاربوونی كوردستانیش، خه‌ڵكی پشده‌ر ورده ورده گه‌ڕانه‌وه ناوچه‌كه‌یان و، دووباره ئاوهدانیانكردهوه.
ناوچه‌ی پشده‌ر به‌گشتی چه‌ندین شوێنه‌واری مێژوویی لێده‌بینرێت، له‌وانه (قه‌ڵاتی قه‌ڵادزێ) له ناوه‌ندی قه‌زاكه، (به‌رشاخان) له‌ناحیه‌ی هێرۆ، (زیندان) له گوندی باده‌ڵیان، (گردی حه‌سار) له گوندی حه‌سار، (گۆڕی فه‌قێ ئه‌حمه‌دی داره‌شمانه) له گوندی داره‌شمانه، (گڵكۆی شێخ فه‌رخ)، (دۆڵی شه‌هیدان) له پشتی سه‌نگه‌سه‌ر و، چه‌ندین شوێنه‌واری دیكه.
٭له رووی زانستییه‌وه
قه‌ڵادزێ پێشكه‌وتنی بەرچاوی به‌خۆوه بینیوە، له ساڵی (٢٠٠٤)دا (كۆلێژی زمان)ی لێكرایه‌وه، كه سه‌ر به (زانكۆی كۆیه) بوو و، له به‌شه‌كانی (زمانی كوردی، زمانی عه‌ره‌بی) پێكهاتبوو، له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونی كولێژهكهشدا، به‌شی (زمانی ئینگلیزی) له ساڵی (٢٠٠٩)دا كرایه‌وه، هه‌ر له هه‌مان ساڵدا ناوی (كۆلێژی زمان) گۆڕا بۆ (كۆلێژی په‌روه‌رده).
دوای كردنه‌وه‌ی (زانكۆی راپه‌ڕین)یش له ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین (رانیه)، له ساڵی (٢٠١١)دا (كۆلێژی په‌روەردە) بوو به (فاكه‌ڵتیی په‌روه‌رده) له زانكۆی ناوبراو. بەشی سامانی ئاژەڵ-یش بۆ ساڵی ٢٠١٥-٢٠١٦ کرایەوە. وەک بەشی نوێش لە ساڵی (٢٠١٦)دا (پەروەردە و دەرونناسی/ پەروەردە) و (باخداری) کرانەوە.
٭دەربارەی ناوی قەڵادزێ:
سەبارەت بە ناوی قەڵادزێش چەندین ڕای جیاواز هەيه، هەندێ پێیان وایە لە (قەڵا - دوو - زێ)ەوە هاتووە، لە دامێنی خوارەوەی شار قەڵایەک هەیە کە مێژووەکەی زۆر کۆنە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشوریەکان، وە هەندێ سەرچاوەش بۆ سەردەمی (خان بە داخ)ی کوڕی فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە دەیگێرنەوە، (دوو - زێ)ش ئەم دوو ڕوبارەن کە بە ناو قەڵادزێ دا تێدەپەڕن لە پشت قەڵایەکە تێکەڵ بە یەک دەبن، هەروەها مامۆستا (تەها بابان) ڕای وایە کە قەڵادزێ لە ووشەی لێکدراوی (قەڵا - دژ)ەوە هاوتووە چونکە قەڵایەک بوە هەمیشە دژی داگیرکەران بووە لە سەردەمە جیاوازەکاندا، بە تێپەڕبوونی کات پاشگری (دژ) گۆڕا بۆ (دزێ) واتە (قەڵادژێ) بوو بە (قەڵادزێ) هەروەکو چۆن وشەی (ڕەواندژ) بۆتە (ڕەواندز)، (نەوڕۆژ) بۆتە (نەوڕۆز).
ناوچەی پشدەر بە گشتی چەندین شوێنەواری مێژووی لێ دەبینرێت لەوانە (قەڵاتی قەڵادزێ) لە ناو شاری قەڵادزێ، (بەرشاخان) لە ناحیەی هێرۆ، (زیندان) لە گوندی بادەڵیان، (گردی حەسار) لە گوندی حەسار، (گۆڕی فەقێ ئەحمدی دارەشمانە) لە گوندی دارەشمانە، گلکۆی شێخ فەرخ، دەۆڵی شەهیدان لە پشتی سەنگەسەر وە چەندین شوێنەواری تر