ئەمڕۆ سێ شەممە ١٦ی تەموزی ٢٠١٩، بەڕێوەبەرایەتی کارگێڕی زانکۆی ڕاپەڕین بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاراستەکردن و ڕابەرایەتی کردنی مەعنەوی-بەشی ڕاپەڕین ، خولێکی بە ناونیشانی (کارگێڕی سەردەمیانە) بۆ ئەفسەر و کارمەندانی سەرجەم هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین کردهوە.
لە دەستپێکی خولەکەدا (عەمید کاوە خضر قادر) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاراستەکردن و ڕابەرایەتی کردنی مەعنەوی وتەیەکی پێشکەشکرد و تیایدا سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆی راپەڕینی کرد کە بەردەوام هاوکار و هەماهەنگیان هەیە بەیەکەوە، ، ههروهك باسی لە گرنگی خولەکە کرد لە پێناو بەهێزکردنی توانای کارگێری ئەفسەر و کارمەندانی سەر بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین.
دواتر مامۆستا (سەلام محمود) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کارگێڕی زانکۆی ڕاپەڕین، کورتەیەکی دەربارەی بەهێزکردنی توانای کارگێری فەرمانبەران لە دامودەزگاکانی حکومەت پێشکەشکرد، دواتر ئامانجی کردنەوەی خولەکە و شێوازی بەڕێوەچوونی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.
لەیەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی خولەکەدا مامۆستا ( علی محمد علی) ، سیمنارێکی دەربارەی (شێوازی نوسینی نوسراوە فەرمییەکان) پێشکەشکرد.
جێی ئاماژەیە خولەکە بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ بەردەوام دەبێت، تیایدا (٨) سیمیناری تایبەت بە پەرەپێدانی توانای کارگێڕی سەردەمی لەلایەن مامۆستایانی زانکۆی راپەڕینەوە پێشکەشدەکرێن.