لەزانکۆی راپەڕین، ئەو بەشانەی دەوامیان تێدادەکرێت جیادەکرێنەوە
ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین لەدوایین کۆبوونەوەی ئاساییدا بەکۆی دەنگ بڕیاریدا کە جێگیرکردنی دەوامی سەرجەم بەشە زانستیەکان لەلایەن راگرایەتیەکانەوە رێکبخرێت و ھەربەشێکیش دەوامی خوێندنی تێدا نەکرا تۆماربکرێت.
پاڵپشت بە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆ، سەرۆکایەتى زانکۆى ڕاپەڕین بڕیاریدا کە ڕۆژى دەستپێکى دەوامى هەر بەش و قۆناغێک بە جیا و بەنوسراوى فەرمى جێگیر بکرێت، ئەمەش بەمەبەستى پاراستنى مافی ئەو بەش و قۆناغانەى کە خوێندن تیایاندا بەردوامە، چونکە ئەو بەش و قۆناغانەى تا ئێستا دەستیان بەپڕۆسەی خوێندن نەکردۆتەوە مەترسى زۆر لەسەر دواڕۆژى خوێندنى ئەمساڵیان دروست بوە. بۆیە سەرۆکایەتى زانکۆى ڕاپەڕین بۆ دواجار ئاگاداری خوێندکارانى سەرجەم بەشە زانستیەکانی زانکۆ دەکات کە تا ئێستا دەستیان بە پڕۆسەی خوێندن نەکردۆتەوە بەزوترین کات پەیوەندى بکەن بە کۆلێج و بەشەکانیانەوە.