University of Raparin Logo

بە بەشداری (٤) زانكۆی كوردستان، هەنگاوی یەكەمی پڕۆژەی ئیراسمۆس مەندۆس-مەرحەبا، دەستیپێكرد

چاپکردن ئیمەیڵ

 

 لەرۆژانی ١٣-١٥/ ١٠ / ٢٠١٤، لەكەمپی زانكۆی سەنتیاگۆ دی كۆمپۆستێلا لە هەرێمی گالیسیای وڵاتی ئیسپانیا بەبەشداری (٤) زانكۆی كوردی لەسەر ئاستی عیراق و چەندین زانكۆی دیكەی ئەوروپیی و ژمارەیەك زانكۆی ئێران هەنگاوی یەكەمی پڕۆژەی ئیراسمۆس

مەندۆس-مەرحەبا جێبەجێكراو (٤١) كورسی خوێندن بۆ زانكۆكانی كوردستان دەستەبەركرا.
پرۆژەی ئیراسمۆس مەندۆس-مەرحەبا بەهەماهەنگی و هاوكاری زۆری نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەئیسپانیا جێبەجێدەكرێت و لەهەنگاوی یەكەمیشدا دابان شەدەڵە نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەئیسپانیا ئامادەبوو و وتەیەكی پێشكەشكردو تێیدا تیشكی خستەسەر گرنگی پەیوەندی زانستیی و پردی پەیوەندی لەنێوان زانكۆكانی ئەوروپا بەگشتی و زانكۆكانی ئیسپانیا بەتایبەتی لەگەڵ زانكۆكانی كوردستان، لەمیانی وتەكەیدا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان روونیكردەوە كە بەهۆی شەڕو سیستەمی دیكتاتۆری لەعێراق زانكۆكانی كوردستان لەماوەی ساڵانی رابردوودا نەیانتوانی بوو گەشەیەكی زانستی پێشكەوتوو بكەن بەڵام لەئێستادا توانیویانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەشداری پرۆسەی زانستیان هەبێت بۆیە گرنگە بتوانرێت پردێكی پەیوەندی لەنێوان زانكۆكانی ئەوروپاو كوردستان دروست بكرێت.
لەپرۆژەكەدا زانكۆكانی ڕاپەڕین، سلێمانی، هەڵەبجە و كۆیە بەشدارن.
وەفدی زانكۆی ڕاپەڕین بەنوێنەرایەتی سەرۆكی زانكۆی راپەڕین پڕۆفیسۆر د. محمد علی عبداللەو مامۆستا ئاراز رەمەزان بەڕێوەبەری پەیوەندیەكان و ڕاگەیاندنی زانكۆی ڕاپەرین بەشداریان كرد.
لەلایەن سەرۆكی زانكۆی راپەڕین-ەوە بابەتێك دەربارەی زانكۆی ڕاپەرین پێشكەشكراو تێیدا تیشكی خستە سەر پێكهاتەی زانكۆكەو فاكەڵتیی و سكوڵ و بەشەكان، هەروەها مێژووی دروستبوونی زانكۆی راپەڕین بەشێكی دیكەی بابەتەكە بوو، لەگەڵ پێدانی زانیاری تەواو دەربارەی كۆرسەكانی بەكالۆریۆس و خوێندنی باڵا لەزانكۆی راپەڕین و هەروەها سنوری ئیدارەی راپەڕینیش بەگشتی. لەمیانی وتەكانیدا سەرۆكی زانكۆی راپەڕین دەرگای سەردانیكردنی بۆ زانكۆكانی بەشداربوو لەپڕۆگرامەكەدا كردەوە بۆئەوەی سەردانی زانكۆی راپەڕین بكەن.
لەبەشێكی دیكەی دیدارە زانستییەكەی گروپی زانكۆكانی پڕۆژەی ئیراسمۆس مەندۆس-مەرحەبا، د. سلاحدین سەعید علی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بابەتێكی دەربارەی زانكۆی سلێمانی پێشكەشكردو تێیدا روونكردنەوەی پێویستی دەربارەی پێكهاتەی زانكۆكەو گشت فاكەڵتیی و سكوڵ و بەشەكانداو تیشكیشی خستە سەر مێژووی زانكۆی سلێمانی كە لەكوردستاندا بەدایكی زانكۆكان ناودەبرێت، هەروەك ئاماژەی بۆ رۆڵی زانكۆی سلێمانی كرد كە یەكەمین زانكۆی كوردستان بوون كە دەستیانكرد بەریفۆرمی خوێندن و خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان.
هەر لەلایەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانییەوە كورتەیەك دەربارەی زانكۆی هەڵەبجە پێشكشەش بەنوێنەری زانكۆكان كراو، بەهۆی ئامادەنەبوونی نوێنەری زانكۆی هەڵەبجەوە.
هەر لەو دیدارەدا لەلایەن د. دیلان مەجید رۆستەم یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی كۆیە بۆ كاروباری زانستیی و خوێندنی باڵا راپۆرتێكی زانستی دەربارەی زانكۆ كۆیە خرایە روو، كە تێیدا زانیاری دەربارەی فاكەڵەتی و سكوڵ و بەشەكانی زانكۆكە درا بە ئامادەبووان، هەروەك باسی لەوەشكرد كە زانكۆی كۆیە لەئێستادا ژینگەو كەمپەسی باشی هەیەو توانیویەتی چەندین كۆرسی جیاواز بكاتەوەو نوێنەری زانكۆكانی ئاشنا كرد بەكۆرسەكانی خوێندنی لەزانكۆی كۆیە.
لەچوارچێوەی ئەم پرۆگرامەدا بە كۆی ٤١ كورسی خوێندن، هەلی خوێندن بۆ خوێندكارانی هەرێمی كوردستان لەو چوار زانكۆیە دەڕەخسێت - لەسەر ئاستەكانی بەكالۆرێۆس، ماستەر، دكتۆراو پۆست-دكتۆرا، سەرەڕای بەرنامەی ئاڵوگۆڕی كادیری ئەكادیمی لە نێوان ئەو زانكۆیانەی كە لەچوارچێوەی پرۆگرامەكەدا بەشدارن.
 ئەوەی شایانی باسە پڕۆگرامی ئیراسمۆس مەندۆس-مەرحەبا لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە پارەی بۆ دابینكراوەو لەسەر ئاستی جیهان (١٧) زانكۆ لەخۆدەگرێت لەوڵاتانی دیكەی وەك ئیسپانیا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئێران، پرتوگال، ئیتالیا، فەرەنسا، بولگاریاو پۆڵەندا، كە ئەمەش پردێكی پەیوەندی زانستی بەرفراوان دروستدەكات.