University of Raparin Logo

ئاگاداریەک بۆ ئەو خوێندکارانەى بەنیازن لە دەرەوەى وڵات بخوێنن

ژمارەیەک کەس و کۆمپانیا بەناوى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، پارە لە خەڵکى وەردەگرن لەبەرامبەر هێنانى قبوڵى زانکۆیى لە زانکۆکانى دەرەوە، سەرجەم خوێندکاران ئاگاداردەکەینەوە ئەو کەس و کۆمپانیانە پەیوەندییەکیان بە وەزارەتەکەمانەوە نیە.

لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند ماوەیەکە ژمارەیەک کەس و کۆمپانیا بەڕێگەى جیا لە نێو فێرخوازان و ناوەندەکانى خوێندن سەرنجى فێرخوازان بۆ خۆیان ڕادەکێشن و پارە لە خەڵکى وەردەگرن لەبەرامبەر هێنانى قبوڵى زانکۆیى لە زانکۆکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان و، واشى لە خەڵکى دەگەێنن کە نوێنەرایەتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەکەن.

بۆیە وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، فێرخوازان ئاگادار دەکەینەوە بەقسەى ئەو کەس و لایەن و کۆمپانیانە فریو نەخۆن، چونکە دور و نزیک هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان بە وەزارەتەکەمانەوە نیە و بەهیچ جۆرێکیش بەرپرسیار نین بەرامبەر بەقسە و بەڵێنەکانیان.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا وتی : ڕێوشوێنى ڕەوانەکردنى خوێندکاران بۆ دەرەوەى وڵات بەپێیى ڕێنماییەکان ڕێکخستوە و، هەر خوازیارێکیش ئەخوازێت لە زانکۆکانى دەرەوەى وڵات لەسەر خەرجى تایبەتى خۆیان درێژە بەخوێندن بدات دەتوانێت سەردانى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان بکات، یان سەردانى وێبسایتى وەزارەت بکات بۆ زانینى لیستى زانکۆ باوەڕپێکراوەکان لەهەرێمى کوردستان، چۆنیەتى کردنەوەى دۆسیەى تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتى نێردراوان.