University of Raparin Logo

یەكێتی ئافرەتانی كوردستان كۆنفرانسێك سازدەکات

رێز و سڵاو:

لە درێژەی چالاكیە جۆراوجۆرەكانیدا (یەكێتی ئافرەتانی كوردستان) لە ژێر ناونیشانی (خەباتی ئافرەت جۆشدەرو وزەی خەباتی نەتەوەیمانە) كۆنفرانسێك دەبەستێت لەسەر رۆڵی ئافرەت لە شۆرش و سەرهەڵدان و شەرە داسەپاوەكان و كاریگەریەكانی شەر لەسەر ئافرەت.

 

كورتەیەك لەسەر ئامانجی كۆنفرانس بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد‌ لە باشوری كوردستان لە نیوەی دووەمی سەدەی بیست دا لە رووی تیوری لەئەدەبیات و پرۆگرامی پەسەندكراوی خۆیدا بایەخی بە ئافرەت داوەو هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانیی ئافرەتی داوە، خودی ئافرەتیش هەر لەگەڵ بەرپابوونی خەباتی سیاسی و شۆرش و سەرهەڵدان و شەڕە سەپێنراوەكاندا هاوشانی پیاو رۆڵی بینیوە ، لەشاخدا بە ئاستی جیاواز بەشداری خەبات بووە و لەناو شاریشدا تێكۆشانی نهێنی و كاری رێكخستنی ئەنجام داوە، لەیلا قاسم كە یەكەمین ئافرەتە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست لەسەر دۆزی رامیاری گەلەكەی لەسێدارە درابێت نمونەیەكی درەوشاوەی ئەم خەباتەیە .

جگە لە بەشداری راستەوخۆ ئافرەت هاوكاریی جۆراوجۆری هێزی پێشمەرگەو تێكۆشەرانی سیاسی كردوەو لە بزووتنەوە جەماوەرییەكانیشدا دژی داگیركەران بەشدار بووە و بەردەوام هاوكار و هاندەری پێشمەرگەبووە، ئەم رۆڵە لە راپەرین و دواتریش هەر بەردەوام بووە . ئەوەی مایەی نیگەرانیە نەتوانراوە وەك پێویست تیشك بخرێتە سەر ئەم خەباتەو بە شێوەیەكی بابەتی و زانستی رابردووی خەباتی سیاسی ئافرەتی باشور بە هەموو جۆرەكانیەوە بە دۆكیومینت بكرێ‌، ئێمە لە میانی ئەم كۆنفرانسەدا دەمانەوێت لە رێگای مامۆستاو شارەزایانەوە ئەم رۆڵەی ئافرەت تەوسیق بكەین .

لە لایەكی دیكەوە وەك دەزانین شەر كاریگەری نەرێنی دائەنێ لەسەر مرۆڤەكان و توشی ناسەمگیری باری دەرونیان دەكات كە دواتریش كاریگەری ئەبێ لەسەر پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگایەكی دوای جەنگ، هەمیشەش ئافرەت قوربانی یەكەمی شەرو كارەساتەكانە، تەوەری دووەمی كۆنفرانس تیشك دەخاتە سەر كاریگەریەكانی شەر بە شێوەیەكی گشتی لە رووی ئابوری و كۆمەلایەتی و دەرونی لەسەر ئافرەت بە گشتی و خێزان و خانەوادەی شەهیدان بە تایبەتی .

سەرەرای ئەم رۆڵ و كاریگەریەی ئافرەت لەلایەك و بوونی بە قوربانی شەر لە لایەكی دیكەوە بەڵام لە ناوەندی بریاردا وەك پێویست بایەخی پێنەدراوە ، پێویستە جێگەو پێگەی باشتر لە ئێستا بۆ ئافرەت فەراهەم بكرێت لە هەموو بوار و ئاستەكاندا هێزە سیاسیەكانیش ئەوە بكەن بە بەرنامەی خۆیان كە بەرامبەر بە پرسی ئافرەت و ئاستی بەشداریان لە كایە جۆراوجۆرەكاندا گۆرانكاری بكەن و خۆیان لە پشتیوانیی ئەو هێزە كۆمەڵایەتیە گەورە بێبەش نەكەن.

یەكێتی ئافرەتانی كوردستان داواكارە لە بەرێزتان بە بابەت و لێكۆڵینەوەو توێژینەوە پشت بەستوو بە میتۆدە زانستیەكان كۆنفرانسەكەمان دەوڵەمەند بكەن :

١- رۆڵی ئافرەتی كورد لە شۆرشی ئەیلول ١٩٦١ - ١٩٧٤.

٢-رۆڵی ئافرەت لە شۆرشی گوڵان .

٣-رۆڵی ئافرەت لە راپەرینی ١٩٩١ .

٤-كاریگەریەكانی شەر لەسەر ئافرەت بە شێوەیەكی گشتی لە رووی ئابوری ، كۆمەڵایەتی و دەرونی و سیاسی

مەرجەكان:

  دواكات بۆ وەرگرتنی بابەتەكان رێكەوتی ٥ / ٨ / ٢٠١٥ دەبێت

 بابەتەكان لە رێگەی ئەم ئیمیڵەوە پێمان بگات (  ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.  )

سەرجەم ئەو بابەتانەی كە وەردەگیرێن لە ژمارەی داهاتوی گۆڤاری شیكار بڵاو دەكرێنەوە