رۆژی یەكشەممە 2016/2/28، ئەنجومەنی زانكۆی راپەڕین لەكۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاریدا كە لەسەر داواكاری خوێندكاران و لەپێناو بەرژەوەندی خوێندكاران و لەدەستنەچوونی ساڵێكی خوێندنیان لەسەر جەم فاكەڵتی و سكوڵ و بەشەكانی زانكۆی راپەڕین دەوامی رەسمی لەرۆژی سێشەممە 2016/3/1 دەست پێبكاتەوە.
دەقی بەیاننامەی ئەنجومەنی زانكۆی راپەڕین:
لەپاڵ ئەو قۆناغە هەستیارەی نیشتمانەكەمان بەهەموو چین و توێژەكانی پێیدا تێدەپەڕێت و لەپاڵ ئەوەی كە وا حكومەتی هەرێم ناكەوێتە ژێر هیچ گوشارێك و گوزارشتێكی خەباتی مەدەنی وەكو ئەوەی هیچ رووی نەدابێت.
بەهۆی داواكاری خۆێندكارە خۆشەویستەكان و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و لەدەستنەدانی چارەنووسی ساڵێكی خوێندنیان ئەنجومەنی زانكۆی راپەڕین بڕیاریدا كە:
1. دەستپێكردنەوەی دەوام لەسەرجەم فاكەڵەتی و سكوڵ و بەشەكان لەرۆژی سێشەممە (2016/3/1)ەوە.
2. بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو ماوەیەی لە سایەی بایكۆتكردندا لەدەستچووە بڕیاردرا كەوا تا 2016/3/17 دا لەمیانی پشووی بەهارەدا خوێندن بەردەوام بێت و لەرۆژی (2016/3/18)ەوە پشووی بەهارە دەست پێبكات تا رۆژی (2016/3/25) واتە رۆژی (2016/3/26) دەوامی ئاسایی دەست پێدەكاتەوە.
3. پشتگیری لەپڕۆژە پێشنیازكراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەكەین سەبارەت بە سیستەمی مووچە.
4. ئەوەی پێویستی بەوتن هەیە كەوا ئەم بەیاننامەیە دوا بڕیار نییەو بەپێی قۆناغی داهاتوو گەر حكومەتی هەرێم داواكاری مامۆستایانی زانكۆ پشتگوێ بخات ئەوا هەڵوێست و بڕیاری ترمان دەبێت.
ئەنجومەنی زانكۆی راپەڕین
2016/2/28