University of Raparin Logo

کۆنفڕانسی گەشەپێدانی راپەڕین بەسەرکەوتوویی کۆتایی پێھات

چاپکردن ئیمەیڵ

دوای ئەوەی لە ڕۆژانی ٦-٢٠١٦/٣/٧ کۆنفڕانسی " گەشەپێدانی راپەڕین و خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ ڕەھەندەکانی" لە هۆڵی چالاکییەکانی زانکۆ بەئامادەبوونی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی ڕاپەڕین و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین و قائیمقامی ڕانیە و ژمارەیەک لە پەرلەمانتار و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی کۆمەڵی مەدەنی و ڕۆشنبیرانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بەڕێوەچوو .

زانکۆی راپەڕین ئەم کۆنفرانسەی لەرێگەی لیژنەیەکی زانستییەوە بەبۆنەی یادی یۆبیلی زیوینی راپەڕین رێکخست بوو، لەماوەی دوو رۆژی کۆنفڕانسەکەدا و لە پێنج پانێڵدا (١٩) توێژینەوەی زانستی لە لە بوارەکانی مێژوو، میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی، گەشەپێدانی دەڤەری راپەڕین لەلایەنی کشتوکاڵ، ژینگە، ئاو، بەروبومی ئاژەڵی، ئاوەدانکردنەوە، تەندروستی... پێشکەشکران.

کارەکانی کۆنفرانس بەخستنەڕووی راسپاردەکان کە لە "٣٥" خاڵدا کۆکرابوونەوە، ئێوارەی ڕۆژی ٢٠١٦/٣/٧ کۆتایی پێهات، هەروەک لەداھاتوویەکی نزیکدا راسپاردەکان ئاراستەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و دامودەزگا حکومییەکانی ناوچەکە دەکرێن، کە بنەمایەکی زانستی گرنگ دەبن بۆ بەرەو پێشبردن و گەشەپێدانی زیاتر دەڤەری راپەڕین.

 

راسپاردەکانی کۆنفرانس

یەکەم: تەوەری مێژوویی

راپەڕین وەک گەورەترین رووداو لە مێژووی هاوچەرخی گەلەکەماندا، مێژووی بۆ دوو سەردەمی پێش خۆی و دوای خۆی دابەشکردووە، بەڵام تا ئێستا توێژینەوەی پێویست و کارکردنی زانستی لەلایەن ناوەندە ئەکادیمییەکانی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەوە نەکراوە، لەبەرئەوە راسپاردەکانی کۆنفرانس لەمڕوەوە بریتین لە:

دامەزراندن و کردنەوەی (سەنتەری بەڵگەنامەیی و ئەرشیفی راپەڕینی ئاداری ١٩٩١ لە (زانکۆی راپەڕین) و سەنتەری ئەرشیفی نیشتمانی بۆ بەڵگەنامەکانی راپەڕینی ئاداری ١٩٩١ لە پارێزگاکان و مۆزەخانەکان. هەروەها کۆکردنەوەی بەڵگەنامە و داتا و کەلوپەل و پاشماوەکانی راپەڕین و بەکارهێنانیان وەک سەرچاوەی گرنگی توێژینەوەی زانستی. تەنانەت گەڕان بە دوای ئەرشیف و بەڵگەنامەکانی راپەڕین لە ناوەندەکانی دەرەوەدا. هەروەها کاراکردنی مۆنۆمێنتی راپەڕین و کردنی بە مۆزەخانەیەکی نیشتمانیی تایبەت بە راپەڕین.

  1. دروستکردنی ئینسایکلۆپیدیای تایبەت بە جینۆسایدی نەتەوەی کورد و راپەڕینی ئاداری ١٩٩١ لە لایەن ناوەندە ئەکادیمییەکانەوە.
  2. گرنگیدان بە ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر راپەڕین و کاریگەرییە نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی. لە سەرجەم رەهەندە جیاوازە سیاسیی، ئابووریی، کۆمەڵایەتی، کولتوری و فەرهەنگییەکان. ئەمەش بە پلەی یەکەم دەکەویتە ئەستۆی (زانکۆی راپەڕین) کە هەماهەنگی بکات لەگەڵ زانکۆکانی دیکەی هەرێم و توێژەران بۆ ئەم مەبەستە.
  3. بەستنی پەیوەندی لەگەڵ سەنتەر و مۆنۆمێنت و ئەرشیفخانە و مۆزەخانەکانی ناوخۆ و وڵاتانی دەرەوە بە مەبەستی سوود لێوەرگرتنیان و شارەزابوون لە بواری ئەرشیف و بەڵگەنامەو چۆنێتی پاراستن و بەکارهێنانیان لە توێژینەوەی زانستیدا.
  4. بایەخپێدانی زیاتر بە راپەڕین لە پرۆگرامی خوێندن و پەروەردەی حکومەتی هەرێم.
  5. دیاریکردنی رۆژی ٥ی ئادار وەک رۆژی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، هەروەها ئەو رۆژە تایبەت بێت بە بۆنە و یادەکانی راپەڕین نەک پشوو.

دووەم: تەوەری گەشەپێدانی دەڤەری راپەڕین

  1. کارکردن بۆ پاراستن و چاککردنی ژینگەی دەڤەرەکە لە بواری سەوزایی و زیندەوەران (باڵندە و گیانەوەر) بە تایبەت ئەو جۆرانەی کە هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە، پۆلێنکردنی جۆری رووەک و زیندەوەری ناوچەکە لەلایەن ناوەندە ئەکادیمی و پەیوەندیدارەکان. هەروەها رێگەگرتن لە پیسبوونی زیاتری ژینگەی دەڤەرەکە.
  2. کارکردن لەسەر هۆشیاریی و گەشەپێدانی کولتوری کۆمەڵگە لەسەر ئاستی تاک و خێزان و پەروەردە و دامەزراوەکانی دیکە بۆ پاراستنی ژینگە بە هەموو جۆرەکانییەوە.
  3. رەچاوکردنی شەقام و رێچکەی تایبەت بە پیادەڕەوی و کەمتوانایان و گواستنەوەی گشتی، لە نەخشەسازی رێگاوبان.
  4. جێبەجێکردنی یاسا بۆ نەهێشتن و لابردنی زیادەڕۆیی بە تایبەت بۆسەر زەویە کشتوکاڵییەکان. هەروەها هەموارکردنەوەی ئەو مادە و یاسایانەی کە رێگە بە کوژاندنەوەی زەوی کشتوکاڵی دەدەن بۆ مەبەستی دیکە، هەروەها دەبێت شارەوانییەکان شوێنی نیشتەجێکردن و فراوانکردنی شار بە شێوەی شاقوڵی و تەرخانکردنی زەوی خزمەتگوزاری لە بەردەڵان و ئەو شوێنانە دابین بکەن کە کەڵکی کشتوکاڵی نەبێت.
  5. دامەزراندنی تاقیگەی کشتوکاڵی لە دەڤەرەکە بۆ پشکنینی خاک و نەخۆشییە کشتوکاڵییەکان و بەروبومەکانی. هەروەهان دامەزراندنی تاقیگەی پشکنینی ئاو بۆ پشکنینی پێکهاتە فیزیایی و کیمیاییەکانی ئاو.
  6. کڕینەوەی بەروبوومی جووتیاران، گەڕانەوەی خەرجی بەرهەمهێنان، دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمە خۆماڵیەکان و باج خستنە سەر بەرهەمی هاوردە و کردنەوەی کارگەی گەورەی پیشەسازی کشتوکاڵی وەک کارگەی جگەرە و شەکر و ڕۆن و سپیایی و دۆشاوە جۆربەجۆرەکان و...هتد هەروەها هاندانی وەبەرهێنەران بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بکەن لە بواری کشتوکاڵ و سەرمایەکانیان لەم بوارە لە ناوچەکە بخەنەگەڕ، سەرباری گرتنەبەری ڕێ وشوێنی پێشوەخت بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی هەر کارەساتێکی سروشتی یان مرۆیی، ئەویش بە دروستکردنی ساردکەرەوە و کۆگا و سایلۆی گەورە، کە توانایەکی باشی پاشەکەوتکردنی بەروبوومی هەبێت.
  7. دامەزراندنی بانکێکی زانیاری کشتوکاڵی بە تەواوی پێداویستیەکانیەوە و کە فەرمانبەرانی شارەزا لە بواری داتا و زانیاری بەڕێوەی بەرن، بە مەبەستی ئەنجامدانی ڕووپێوی پێویست و کۆکردنەوەی داتا و زانیاری بەشێوەیەکی زانستی و ورد لەو بانکەدا، بۆ ئەوەی لەژێر ڕۆشنایی ئەو داتا و زانیاریانە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ناوچەکە پلان و بەرنامەکانی دابنێ، سەرباری سوودگەیاندن بە جوتیاران و توێژەران.
  8. چاککردن و ڕاکێشانی ڕێگای گواستنەوە و بەستنەوەی تەواوی قەزای ڕانیە و سەرجەم ناحیەکانی بە تۆڕێک ڕێگای هاتووچۆی پێشکەوتوو، بەمەبەستی ئاسانکردنی گەیاندن و گواستنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان و کەمکردنەوەی تێچوون، هەروەها دروستکردنی گوندی پێشکەوتوو کە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی بۆ دابینکرابێت، و بە جۆرێک کە هاندانبێت بۆ بەشێک لە دانیشتوانی شارەکان بۆ گەڕانەوە بۆ گوندەکان و نیشتەجێ بوون لە گوندەکان.
  9. پشتبەستن بە دەرامەتی ئاوی سەرزەوی و کەم بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی، هەروەها لێدانی بیر بە گوێرەی یاسا و رێنمایی کەمبکرێتەوە، کارکردن بۆ تەواوکردنی پرۆژەی ئاوی دەربەند و دامەزراندنی چەند پرۆژەیەکی دیکە لەسەر رووبار و لقە رووبارەکانی ناوچەکە بە ئامانجی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی دانیشتوان.
  10. دروستکردن و جێبەجێکردنی بەنداوە پیشنیارکراوەکانی دەڤەری راپەڕین بە ئامانجی کۆکردنەوەی ئاو، کە سەرەنجام کار دەکاتە سەر گەشەسەندنی کەرتی کشتوکاڵ و پڕبوونەوەی ئاوی کۆگاکانی ژێرزەوی و زیادبوونی سامانی ماسی و گەشت و گوزار، ئەمە جگە لە سوود لێوەرگرتن لە بواری وزە.
  11. چارەسەری سەرەتایی بۆ ئاوەڕۆی ماڵان و دامەزراوە پیشەسازییەکان بۆ پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەکە لە پیسبوون.
  12. بنەما سروشتی و مرۆییە جوگرافیەکانی ناوچەکە لەبارن بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لە دەڤەرەکە

سێیەم: تەوەری میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی

  1. زانکۆی راپەڕین لە بەڕێوەبەرایەتی بەکارخستن، گرنگی تایبەت بدات بە راهێنان و گەشەپێدانی خوێندکار و چالاکوانان لەسەر دامەزراندن و دروستکردنی گروپ و رێکخراوی مەدەنی لە دەڤەرەکەدا، بە مەبەستی هاندانی کاری پێکەوەیی و پەرەپێدانی پێکەوەژیانی مەدەنییانە
  2. ئەرشیفکردن و بە دۆکیۆمێنتکردنی پەیامی رادیۆکانی شاخ و میدیا لۆکاڵییەکان و لێتوێژینەوەیان
  3. توێژینەوەی زیاتر دەربارەی دەنگدانەوەی رووداوی راپەڕین لە میدیای نێودەوڵەتیدا
  4. ئەنجامدانی توێژینەوەی زیاتر دەربارەی رۆڵ و کاریگەری راگەیاندن لە سەرهەڵدان و سەرکەوتنی راپەڕیندا.
  5. گرنگیدان بە میدیای ئەلیکترۆنی و کۆمەڵایەتی و دروستکردنی ئەکاونتی فەرمی و تایبەت بە راپەڕین بۆ ناساندنی ئەم رووداوە مەزنە مێژووییە بە نەوەی نوێ و خەڵکانی دەرەوە، لەلایەن ئیدارەی راپەڕین و دامەزراوەکانی.
  6. راپەڕین لە گوتاری میدیای کوردیدا وەک رووداو و بۆنەیەکی نیشتمانی یادبکرێتەوە و کاری لەسەر بکرێت نەک حزبی بە لەبەرچاوگرتنی رۆڵ و کاریگەری هەر کەسایەتی و پێکهاتە و رێکخستنێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی
  7. هەوڵدان بۆ دامەزراندنی چاپخانەی زانکۆ و چاپخانەی تری حکومی یان تایبەت بۆ برەودان بە چاپ و بڵاوکردنەوە لە دەڤەرەکەدا.
  8. کردنەوەی بەشی میدیا لە زانکۆی راپەڕین بۆ پێگەیاندنی کادری پیشەیی و پسپۆڕ لە بواری راگەیاندندا
  9. گرنگیدان بە ئەدەبی بەرەنگاریی سەردەمی راپەڕین و بە ئەرشیفکردنی

تەوەری چوارەم: تەندروستی

  1. ئەنجامدانی خولی راهێنانی وەرزی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆش، هەروەها خولی نوێکردنەوەی زانیاری بۆ هەموو پیشە تەندروستییەکان.
  2. رەچاوکردنی پێوەرە جیهانییە تەندروستییەکان بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی تەندروستی لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت.
  3. بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی بە گوێرەی قەبارە و رێژەی دانیشتوان
  4. کارکردن لەسەر دەرکردنی بڕیارێکی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە مافەکانی نەخۆش
  5. گرنگی زیاتر بە کەرتی گشتی و بایەخی تایبەت بە دەرووندروستی بدرێت
  6. کارکردن بۆ جیاکردنەوەی کەرتی تایبەت و گشتی لە سیستمی تەندروستیدا
  7. پێشنیاری دانانی پرۆگرام و راهێنانی دەرچووانی سکوڵی پەرستاری تا لە ئاییندەدا ببن بە پەرستاری پسپۆڕ لە بوارە جیاوازەکاندا.
  8. توێژینەوەکانی بەکالۆریۆس و ماستەر لە بواری تەندروستیدا پێویستە لە ناوچەی راپەڕین چڕ بکرێنەوە و کێشە تەندروستییەکانی ناوچەکە بکەن بە پرۆپۆزەڵی توێژینەوەکانیان

لە کۆتاییدا، داواکارین لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامی توێژینەوە و راسپاردەکانی کۆنفرانسەکە لەبەرچاو بگرن و بە گوێرەی توانا هەوڵ بۆ جێبەجێکردنیان بدەن. هەروەها ئەم کۆنفرانسە ببێتە سەرەتایەک بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسی تری لەمجۆرە لە زانکۆی راپەڕین و زانکۆکانی دیکەی هەرێم، بە هاوکاری زانکۆ پێشکەوتووەکانی دەرەوە، بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی ئەکادیمی لەسەرجەم لایەن و رەهەندەکانی تری وەک (کۆڕەو، گەمارۆی ئابووریی، رۆڵی پیاوانی رژێم لە راپەڕین، بڕیاری"٦٨٨"ی ئەنجومەنی ئاسایش و چەندانی تری لەمجۆرە). هەروەها ئەم راسپاردانە تەنیا هێڵە گشتییەکانن، بۆ وردەکاری و میکانیزمی جێبەجێکردنیان دەبێ لە نێوەڕۆکی توێژینەوەکان بڕوانرێت.