بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی (نەورۆز)ی (٢٧١٦)ی سەری ساڵی کوردی و (٢٥) ساڵەی یادی راپەڕین و رزگارکردنی شاری کەرکوکی قودسی کوردستان، و ھاوکات کە خۆرئاوای کوردستان نەورۆزی فیدڕاڵی دەکات، بەگشتی پیرۆزبایی لەسەرجەم کوردستانیان و خوێندکاران و مامۆستایان و ستافی کارگێڕی زانکۆی راپەڕین دەکەم، بەتایبەتیش سەرجەم کەسوکاری شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستان و ھەموو ئەو پێشمەرگە و تێکۆشەرە سەربەزانەی لەھەر بستێکی خاکی کوردستان بەرگری لەخەڵک و کوردستان و ئازادی دەکەن، جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ لەکاتێکدا دەگێڕین کە کوردستان رووبەڕوی قەیرانی سیاسیی و دارایی بۆتەوە و ھاونیشتمانیان لەبارودۆخێکی ناھەموواردا جەژنی سەری ساڵی کوردی دەکەنەوە، ھەروەھا پارچەکانی دیکەی کوردستان لەخەباتی رزگاری و شۆڕشدان، لەگەڵ ئەوەشدا عێراق و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکارییەکی گەورەدایە کە پێویستی بە یەکڕیزی زیاتری نەتەوەیی ھەیە، بۆیە ھیواخوازم ساڵی نوێی کوردی ساڵی رزگاری پارچەکانی دیکەی کوردستان بێ، ساڵی کۆتایی ھێنانی شەڕی دژی تێرۆر بێ، ساڵی چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی و دارایی بێ لەکوردستان و ساڵی دەستکەوتی گەورەی نەتەوەیی بێ لەگۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا.
پ.د.محمد علی عبداللە
سەرۆکی زانکۆی راپەڕین
٢٠١٦/٣/٢٠