University of Raparin Logo

رۆژی زانکۆی راپەڕین پیرۆز بێت

چاپکردن ئیمەیڵ

بەناوی سەرۆکایەتی زانکۆی راپەڕینەوە پڕ بەدڵ پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی سەرجەم مامۆستایان و خوێندکاران و فەرمانبەرانی زانکۆمان بەتایبەتی، و دانیشتوانی دەڤەری راپەڕین بەگشتی دەکەین، بەبۆنەی رۆژی زانکۆمانەوە (٤/٤)، کە ساڵی ٢٠١٠ لە سەردەمی کابینەی شەشەمی حکومەتی ھەرێم و لەسەر بڕیاری بەڕێز د. بەرھەم ساڵح سەرۆکی ئەوکاتەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دامەزراندنی زانکۆی راپەڕین درا.

بەداخەوە ئەمساڵ بەھۆی قەیرانی دارایی و ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی ھەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕدەبێت نەتوانرا چالاکیی کەلتوری و زانستی بۆ ئەم یادە رێکبخەین ھاوشێوەی ساڵانی رابردوو.
زانکۆی راپەڕین لەماوەی (٦) ساڵی کارکردنیدا، توانیویەتی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بە سەدان خوێندکار بدات، ھەروەھا بە دەیان خوێندکاریش لە پسپۆڕی جیاواز بڕوانامەی ماستەریان بەدەستھێناوە. لە ھەمانکاتدا زانکۆمان توانیویەتی ئاستێکی گرنگی لۆکاڵی و نێودەوڵەتی تۆماربکات، لە ئاستی ناوخۆدا زانکۆی راپەڕین رانکی پلە دووی تۆمارکردووەو لە (گروپی C) دابووە، ھەروەھا لەئاستی نێودەوڵەتیش لە رانکی (پلە دوو)ی زانکۆکانی کوردستان دانراوە بەپێی سیستمی رانکی (وێب ماترێکس) کە لەوڵاتی ئیسپانیا ئەنجامدەدرێت بۆ ساڵی ٢٠١٥ -٢٠١٦، ھەروەھا لەمساڵدا (٢٠١٦) زانکۆی راپەڕین دەخرێتە ریزبەندیی رانکی زانکۆکانی ئۆراسیا بۆ یەکەمجار. ھەروەھا زانکۆی راپەڕین توانیویەتی ببێتە ئەندامی ھەریەک لە رێکخراوە نێودەوڵەتییە زانستییەکانی تایبەت بەخوێندنی باڵا ( یونیسکۆ، یەکێتی زانکۆکانی جیھان، و یەکێتی زانکۆکانی ئۆراسیا). ھەروەک ھاوبەشی پڕۆژەی (ئیراسمۆس مەندۆس مەرحەبا)یە، کە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت و تایبەتە بەئاڵوگۆڕی خوێندکاران لەنێوان خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و یەکێتی ئەوروپا، ھەروەھا زانکۆی راپەڕین بەشداری دەیان پڕۆژەی نێودەوڵەتی کردووە لەگەڵ رێکخراوە جیھانیەکانی وەک ( دادی ئەڵمانی، ئایڕێکسی ئەمەریکی...تاد). لەگەڵ ئەوەشدا زانکۆی راپەڕین یاداشتی لێک تێگەیشتنی لەگەڵ دەیان زانکۆی ئەوروپی و ئەمەریکی و ھەرێمییدا ھەیە.
زانکۆی راپەڕین، چەندین کۆنفڕانس و وۆرکشۆپ و سیمینارو ڤێستیڤاڵی ساڵانەی رێکخستووەو بەشداری چەندین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیشی کردووە، و بۆ یەکەمجاریش توانی کۆنفڕانسێکی زانستی بۆ راپەڕینە مەزنەکەی بەھاری ١٩٩١ کە لەشاری رانیەوە کڵپەی سەند لە رۆژانی (٦-۷ / ۳/ ۲۰۱٦) ئەنجامبدات.
ھیواخوازین لەساڵانی ئایندەدا بە ھاوکاری و توانستی ستافی زانکۆمان بتوانین زانکۆی راپەڕین زیاتر گەشەپێبدەین لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەڵەتی.
دووبارە پیرۆزبێت رۆژی زانکۆی راپەڕین. سەرۆکایەتیی زانکۆی راپەڕین