University of Raparin Logo

زانكۆی راپەرین سیمینارێک بۆ ستافی بالیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق و کونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەرێم ریكدەخات

چاپکردن ئیمەیڵ

ڕۆژی سێ شەممە ٥\٤\٢٠١٦ سەنتەری زمان لە زانکۆی ڕاپەڕین بەهاوکاری لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی پەیوەندییەكان و بەشی زمانی ئینگلیزی ، سیمنیارێکیان بە ناونیشانی "خوێندن لە ئەمریکا" بۆ خوێندکارانی فاکەڵتی پەروەردەی قەڵادزێ ڕێکخست.

شاندەکەی بالیۆزخانە و کونسوڵخانەی ئەمریکا لە بەڕێزان ڕێڤینگ مزووری و  دالیا موسی پێکهاتبوون.
لە سیمینارەکەدا باس لە خوێندن لە ئەمەریکا کرا، ئەو هەلانەی بۆ خوێندکاری عێراقی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە ڕەخسێندراوە، هەروەها ڕەواندنەوەی ئەو هەڵە تێگەیشتنانەی کە خوێندکاری عێراقی هەیەتی لەسەر خوێندن لە ئەمریکا و هەر لە میانەی سیمینارەکە چەندین نامیلکە و بروشەر و پۆستەر بەخشران. جێی ئاماژەیە شاندی ناوبراو تەنها ئەرکی ڕاوێژکار نابینن بەڵکو پەیوەندی لە نێوان زانکۆکانی ئەمریکا و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش دروست دەکەن، هەروەک زیاتر لە ٤٠٠ سەنتەری ڕاوێژکاریان لە چەندین وڵاتی جیاجیا هەیە  و پەڕێکی تایبەتیان هەیە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەناوی StudyUSAIraq و لە ڕێگەیەوە هاوکاری خوێندکارانی عێراقی دەکەن و وەڵامی پرسیارەکانیان دەدەنەوە، و هەروەها ماڵپەڕی تایبەتیان هەیە بەناونیشانی "www.educationusa.state.gov" و تەواوی زانیاری لەسەر خوێندن لە ئەمریکا و پڕۆسەی هەنگاونان بۆ چوون بۆ ئەمریکا لەخۆی دەگرێت و جار جار نوێخوازی و هەواڵ کە لەلایەن زانکۆکانەوە بۆیان ڕەوانە دەکرێت بۆ ئەو کەسانە دەینرێن کە لەسەر ماڵپەڕەکەیان بەشداری لیستی ئیمەیڵەکانیان کردووە.
هەر لە میانەی سیمینارەکە ئاماژە بەوە کرا کە ژمارەی سکۆڵەرشیپەکان بەردەوام لە زیادبووندان و هەروەها ئەوان چەندین پڕۆگرامیان هەیە و سەرجەمیان لەلایەن ئەمریکاوە خەرجیەکەی دابین دەکرێت وەکو فولبرایت و یەڵپ و ...هتد.
هەروەک بەڕێز "مزوری" ئاماژەی پێدا ئەم پڕۆگرامانە بڕوانامە نابەخشن بەڵکو تەنها سیرتیفیکەیتنی بەشداری کردن لەو جۆرە پڕۆگرامانە دەبەخشن و ئەمەش بۆ هەر خوێندکارێکی عێراقی ئەزمونێکە و سودێکی نایابی لە کارەکەی لێ وەردەگرێت، هەروەها ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لەڕێگەی ئەم پڕۆگرامانەوە چەندین ئەزموون بەدەست دەهێنیت و بەهۆیەوە دەتوانیت چەندین ویلایەت ببینیت و سەردانی چەندین زانکۆ بکەیت.
بەکورتی ئەمانەی خوارەوە لە سیمینارەکە ئاماژەیان پێدرا:

- زیاتر لە ٤٠٠٠ هەزار زانکۆ و کۆلێژ لە ئەمریکا بوونیان هەیە.
- زیاتر لە ١٠٠ پلە واتە Degree لە زانکۆکانی ئەمریکا دەبەخشرێت.
- ژینگە و ژیانی کۆمەڵایەتی لە ئەمریکا بە ئاسانی وات لێدەکات لەگەڵ ژینگەکە ڕابێیت و لەگەڵی بگونجێیت.
- وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ئەمریکا نییە و کەواتە کێ متمانە بەو زانکۆ و کۆلێژانە دەدات بێگومان چەند دامەزراوەیەک هەن بۆ نمونە CHEA هەیە و ئەم متمانە و باوەڕپێکردنە دەبەخشێت.
- گونجاوی لە ڕووی خوێندنەوە بۆ نمونە گواستنەوە لەبەشێکەوە بۆ بەشێکی تر زۆر ئاسانە و بە ئاسانی دەتوانیت لە بەشێکی وەکو یاسا بگوازیتەوە بۆ بەشێکی وەکو بیرکاری یان هەر بەشێکی تر کە تۆ بتوانیت خۆتی تێدا ببینیتەوە.
- باس لە کۆمەڵێک زانکۆ و کۆڵێژ کرا بۆ نمونە زانکۆی پۆرتلاند و سکریپس کۆڵێژ و زانکۆی ئەلەباما و زانکۆی کۆڵومبیا و هتد...
- پلەبەندی و ڕانکینگی زانکۆکان زۆر گرنگ نییە لە ئەمریکا و لەلایەن حکومەتەوە ناکرێت و بەڵکو لەلایەن وێبسایت و تی ڤی و دامەزراوەی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت و زۆر گرنگی بە لایەنە زانستییەکەی نادەن بەڵکو زیاتر بابەتی بودجەی دەستخراو و شتانێکی تر لەبەرچاو دەگرن.
- باس لە ٥ هەنگاوەکە کرا بۆ قبوڵ بوون و گەیشتن بە ئەمریکا
یەکەم :توێژینەوە بۆ هەڵبژاردنەکانت بکە
دووەم: فۆڕم و ئەپڵیکەیشنی سەرهێڵ تەواوبکە و پێشکەشی بکە
سێیەم: سەرچاوەی دارایی
چوارەم: پێشەکشکردن بۆ ڤیزا
پێجەم: ئامادەبوون بۆ بەجێهێشتنی وڵات بەپرسیاری ئامادەبووان و وەڵامدانەوەی پرسیارەکان لەلایەن هەردوو بەڕێزان ڕێڤینگ مزووری و دالیا موسی ، کۆتایی بە سیمینارەکە هات . ڕاپۆرت: سەردار عبدالله