University of Raparin Logo

وەفدێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا، سەردانی زانکۆی راپەڕین-ی کرد

چاپکردن ئیمەیڵ

ئەمڕۆ دوو شەممە ١٨/٤/٢٠١٦ بە مەبەستی لەنزیکەوە ئاشنابوون بە کاروچالاکییەکانی زانکۆی راپەڕین و، ئاگاداربوون لە پڕۆژە و کێشە و کەموکوڕییەکانی سەنتەری گەشەپێدانی کار، سەردانی زانکۆی راپەڕین-یان کرد و لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ کۆبوونەوە. وەفدی وەزارەتی خوێندنی باڵا کە پێکھاتبوون لە بەڕێزان "د. جوان جلال محمد شریف" بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، مامۆستا " مقصود سەعدی محمد" بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتیەکانی وەزارەت، وەفدی میوان لەلایەن بەڕێزان "پ.د. محمد علی عبداللە" سەرۆکی زانکۆی راپەڕین و، " د. حسێن غازی کاکەمین" یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕیی و دارایی، مامۆستا " علی محمد علی " بەرپرسی مەکتەبی سەرۆکی زانکۆ و "ئاراز رەمەزان" بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی زانکۆ و ستافی سەنتەری گەشەپێدانی کار پێشوازییان لێکرا.

لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا بەگشتی باس لەرەوشی خوێندن و بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی خوێندن لەزانکۆکانی کوردستان بەگشتی و زانکۆی راپەڕین کرا، لەلایەن ھەردوولاوە بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا و، وەفدی میوانیش گرنگی پێشوەچوونی زانکۆی راپەڕینیان بۆ دەڤەرەکە خستەڕوو و ئامادەیی ھاوکارییەکانی وەزارەتیشیان دەربڕی کە مەبەستی جدی ھەیە لەگەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی زانکۆ تازەکانی ھەرێمی کوردستان.

لەتەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا کە لەگەڵ ستافی سەنتەری کار لە زانکۆ راپەڕین رێکخرابوو، باس لەڕەوشی کارو چالاکییەکانی سەنتەرەکانی گەشەپێدانی کار لەزانکۆکانی کوردستان بەگشتی کرا، کە پڕۆژەیەکی تازەیەو وەزارەتی خوێندنی باڵا خستوویەتە ئەولەویەتی کارەکانی، ھەروەک مامۆستا "سەرھەد ھەمزە" بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدانی کار لەمیانی کۆبوونەوەکەدا کاروچالاکییەکان و پڕۆژەکانی ئەمساڵی سەنتەرەکەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، دواتریش لەلایەن وەفدی وەزارەتەوە گفتوگۆ دەربارەی کێشەو کەموکوڕی سەنتەری گەشەپێدانی کار لەزانکۆی راپەڕین کراو ئامادەیی ھاوکاری جدیان نیشاندا بە ئامانجی گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی سەنتەرەکە، ھەروەک لەلایەن ئەندامانی سەنتەری گەشەپێدانی کار لەزانکۆی راپەڕین چەندین تەوەری دیکەی کارکردن بۆ داھاتووی سەنتەرەکە خرانەڕوو و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.