ڕۆژی سێ شەممە بەرواری ١٩\٤\٢٠١٦ بەسەرپەرشتی بەڕێز "د.یوسف گۆران" وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، بە ئامادەبوونی "د.ئومێد صابر شوانی" سەرۆکى لێژنەى کۆکردنەوەى داتاو زانیارى بۆ سیستمى HR، و نوێنەرانی ئایتی ١٧ زانکۆی هەرێمی کوردستان، لەدیوانی وەزارەت کۆبونەوەی لێژنەى باڵاى بەئەلیکرۆنیکردنى دامەزراوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو.
لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا "د.یوسف گۆران" باسى لە گرنگى پڕۆژەى بەئەلیکترۆنیکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردو لەو بارەیەوە وتى: ئەم پڕۆژەیە بۆ زانکۆکان و وەزارەت و حکومەت گرنگى تایبەتى هەیە، چونکە زانیارى تەواومان لەبارەى هەموو سێکتەرەکانى خوێندنى باڵا پێ دەدات.
وتیشی: بەئەلیکترۆنیکردنى دامەزراوە جیاکانى خوێندنى باڵا لە کوردستان گرنگیەکى زۆرى بۆ زانکۆکان و وەزارەت و حکومەتى هەرێمى کوردستان دەبێ لە بوارى بەڕێوەبردن و داڕشتنى پلانى تۆکمە بۆ گەشەپێدانى خوێندنى باڵا لە کوردستان و چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکان.
وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاند: لە سۆنگەى هەستکردنى بەگرنگى ئەو پڕۆسەیە، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ماوەى چەند مانگێکە بەخۆشحاڵیەوە دەستى داوەتەوە ئەلیکترۆنیکردنى وەزارەت و زانکۆ و دامەزراوەکانى، وتیشى زانکۆکان ناوەندیکى گرنگى مەعریفەو زانیارى و پێشکەوتى کۆمەڵگەن، بۆیە دەبێت خوێندنى باڵا ببێتە نمونەى سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان.
لە بەشیکى دیکەى کۆبونەوەکەدا "د.ئومێد سابر شوانى" سەرۆکى لێژنەى کۆکردنەوەى داتاو زانیارى بۆ سیستمى HR سمینارێکى لەبارەى چۆنێتى کارکردنى لێژنەکان بۆ کۆکردنەوەى داتاکان خستەڕوو و لەوبارەیەوە ڕاگەیاند: لەسەر بنەمایەکى زانستى و ئەکادیمى توانیمان لە ماوەى (١٠) ڕۆژدا کارەکان تەواو بکەین و سەرجەم زانیارییە داواکراوەکانى ئەو قۆناغە بەئەلکترۆنى بکەین.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا باس لەو بەرست و ڕێگریانە کرا کە هاتونەتە پیش زانکۆکان لە کۆکردنەوەى داتاکان و داخڵکردنى زانیارییەکان.