University of Raparin Logo

شاری شەهیدی خوێندنی باڵا، قەڵادزێ

چاپکردن ئیمەیڵ

وتاری سەرۆكی زانكۆ، بۆ ساڵیادی ٤/٢٤

مێژوو شاهیدە لەم دەڤەرە، چیاكان و پێدەشتەكانی لەسەردەمی مێژووی سەختدا، شوێنی چالاكی نیشتمانی و نەتەوەیی بوون. چەندین نەبەردی و چیرۆكی ئازایەتی و شەهامەتیان لێ تۆماركراوە، وەك چیرۆكی شەهیدانی خۆێندنی باڵای كوردستان لەرۆژی (١٩٧٤/٤/٢٤)، كە لەمرۆژەدا دوای ئەوەی شاری قەڵادزێ باوەشی بۆ مامۆستاو فەرمانبەران و خوێندكارانی بەهەڵوێستی زانكۆی سلێمانی كردەوەو لەئامێزی گرت، بەڵام زۆر بەداخەوە لەبەرەبەیانی ئەو رۆژەدا رژێمی بەعسی فاشیست بەفڕۆكەی جەنگی و چەكی ناپاڵمی قەدەغەكراو ئەم شارەی خەڵتانی خوێن كرد و زانكۆی شۆڕشی شەهید كرد.

جگە لەشەهیدكردن و برینداركردنی پۆلێكی زۆری خەڵكی سیڤیلی ئەم شارە نەبەردەو خاپوركردنی چەند بەشێكی ئەم شارە، هەروەها لەیادەوەری هەمان كارەساتداو بەهۆی خۆپیشاندانی جەماوەری ئەم شارە سەربەزە لە (١٩٨٢/٤/٢٤)دا دووبارە رژێمی دیكتاتۆری بەعس كەوتە وێزەی رۆڵەكانی ئەم شارەو دووبارە قەڵادزێ شەهید كرایەوە.

ئەم كارەساتە دڵتەزێنەش كاریگەری زۆری هەبوو لەسەر دانیشتوانی ناوچەی پشدەر بەتایبەتی و لای خەڵكی كوردستان بەگشتی، بۆیە یادی ئەم كارەساتە هەمیشە بەزیندوویی لەقوڵایی دڵی خەڵكی ئەم شارە شەهیدەی خوێندنی باڵای كوردستان دەمێنێتەوە، هەروەها لەیادی رۆڵەكانی دا لەگەڵ خوێن و دەماریانداو لەهزرو بیریاندا ڕۆچووە. شەهیدكردنی قەڵادزێ بووە هەوێنی خەڵكی ئەم شارە بۆئەوەی ڕاپەڕین دژی زوڵم و ستەمی دەسەڵاتی بەعسی داگیركەرو خوێن ڕێژی ئەو كاتە ئەنجام بدەن. لەرۆژی ئەو یادەدا هەمووان بەیەكەوەو بەتێكڕای لایەنە سیاسەكان بەیەكگرتوویی و یەكڕیزی بەگژ دڕندەیی سەربازەكانی بەعسدا چوونەوەو ڕاپەڕینی ئەم شارە دژی زەلیلی و ژێردەستەیی لەم ساتە وەختەدا مێژوویەكی كەم وێنەی تۆماركرد بۆ ئازایەتی و سەربەرزی و نیشتمانپەروەریی. لەم ڕاپەڕینەدا چەندین شەهیدو بریندار هەبوون. بۆیە لەم كاتەدا یادی دوو كارەساتی دڵتەزێن دەكەینەوە كە هەرگیز لەیادناچن .. لە قوڵایی هزرو بیرماندا هەمیشە زیندوون، لەم رۆژەی شەهیدی زانكۆ سەری رێز بۆ شەهیدانی هەردوو كارەساتی ئەم شارەی شەهیدی خوێندنی باڵا دادەنەوێنین ... نزامان بە بەهەشت شادبوونی روحی سەرجەم شەهیدانی رێگاری رزگاری كوردستان و شەهیدانی شاری شەهیدی قەڵادزێ-یە. لەهەمان كاتدا داوا لەحكومەتی خۆمان دەكەین كە ئاوڕی جدی ئاوەدانیی و خۆشگوزەرانی لەم دەڤەرە بداتەوە كە پڕ بە باڵای خەبات و تێكۆشان و شەهیدانی ئەم دەڤەرە بێت.

پ.د. محمد علی عبداللە

سەرۆكی زانكۆی راپەڕین