ئەمڕۆ شەممە ٢٠١٦/٥/٧، لە هۆڵی چالاکییەکانی زانکۆ، بەشی باخچەی ساوایان لەفاکەڵتی پەروەردەی بنەڕەتی زانکۆی راپەڕین، لەژێر ناونیشانی " منداڵ فێر مەکە، بەڵام ھەلی بۆ بڕەخسێنە" دووەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی خۆی سازکرد.
لە فیستیڤاڵەکەدا هەریەکە لە "د.ئەحمەد مەحمود" ڕاگری فاکەڵتی پەروەردەی بنەڕەت، مامۆستا " سەیفەدین قادر" بەڕێوەبەری پەروەردەی رانیە، ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی زانکۆ و مامۆستایانی باخچەی ساوایان لە سنوری پەروەردەی ڕانیە و خوێندکارانی زانکۆ و مناڵان کەسوکاری مناڵانی باخچەی ساوایان ئامادەبوون .
لە وتەیەکدا "د.ئەحمەد مەحمود" ڕاگری فاکەڵتی پەروەردەی بنەڕەت، سوپاسی مامۆستایان و خوێندکارانی بەشی باخچەی ساوایانی کرد بۆ سازدانی فێستیڤاڵەکە، هەروەک سوپاسی هاوکارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کرد بۆ خوێندکارانی زانکۆ، هەماهەنگی نێوان زانکۆ و پەروەردەی بە گرنگ وەسف کرد، لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا راگری فاکەڵتی باسی لە بەرەوپێشچوونەکانی زانکۆی ڕاپەڕین کرد، کە وەک زانکۆیەکی تازە توانیویەتی خزمەتێکی بەرچاو بە ناوچەکە و بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا بکات .
لە فێستیڤاڵەکەدا چەندین چالاکی ھەمەجۆری وەک پێشانگای دیواربەند و کاری دەستی و ئینستڵەیشن و کولاج و پۆستەر و بروشۆر نمایش کران، لەلایەن مناڵانی باخچەی ساوایان چەند پارچە گۆرانی و میوزیک سەمای جۆراوجۆر پێشکەشی ئامادەبووان کران، لەگەڵ نمایشکردنی چەند شانۆییەک.
پاشان سێ توێژینەوە پێشکەش کران، کە لەلایەن خوێندکارانی بەشی باخچەی ساوایان ئەنجامدرابوون، لە کۆتاییدا خەڵاتی ڕێزلێنان درا بە مامۆستایانی بەشی باخچەی ساوایان لە زانکۆی ڕاپەڕین و بەشێک لە مامۆستایانی باخچەی ساوایان لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕانیە .