ئەندامێکی وەفدی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ شاری سنە، رایدەگەیەنێت کە لەسەردانەکەیاندا زانکۆی کوردستان-یان لە شاری سنە لەخۆرھەڵاتی کوردستان بەسەرکردۆتەوە و گەیشتوونەتە چەندین رێککەوتنیش لە سێکتەری خوێندنی زانکۆییدا.
"محمد رسوڵ مراد" ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەندامی وەفدەکە رایگەیاند: لەپەراوێزی بەشداریکردنیان لەکۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی تایبەت بە(گەڕەکە ھەژارنشینەکان لەشارەکانداو چۆنێتیی گرنگیپێدان و خزمەتکردنیان)، لە زانکۆی کوردستان لەشاری سنەی خۆرھەڵاتی کوردستان، ئەو ئەندامەی ئەنجومەن دەڵێت لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رۆژی ھەینی۲۰۱٦/٥/٦، کۆبونەوەیەکیان لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی کوردستان و یاریدەدەرەکانیدا ئەنجامداوە، لەکۆبونەوەکەدا گفتوگۆمان دەربارەی ئاستی زانستیی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان و پێداویستیەکانییان کرد، ھەروەھا لەسەر پێشنیازی ئێمە، سەرۆکی زانکۆی کوردستان لەسنە بەڵێنیدا بەکارکردن لەسەر ئەم داخوازییانە:
١- (٣٠%)ی تێچوی خوێندنی ئەو خوێندکارانە دابشکێنرێت، کە لەزانکۆکانی ھەرێمی کوردستانەوە دەچنە (زانکۆی کوردستان – سنە) بۆ خوێندنی ماستەرو دکتۆرا.
٢- بەخشینی (١) خوێندکار لە ھەر (٦) خوێندکاری پاڵێوراو بۆ خوێندنی ماستەرو دکتۆرا لە تێچوی خوێندنەکەیان.
٣- کردنەوەی ھەموو گۆڤارەکانی زانکۆکەیان و ھاوبەشەکانیان بەرووی توێژەرانی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستاندا.
٤- ھەوڵدان بۆ پێدانی ڤیزای بەردەوامی ئێران بە خوێندکارانی ھەرێمی کوردستان.