University of Raparin Logo

له‌ زانكۆی ڕاپه‌ڕین، كۆڕێكی فیكری بۆ ( مه‌لا به‌ختیار) به‌ڕێوه‌چوو

چاپکردن ئیمەیڵ

رۆژی سێشه‌ممه‌ ۲۰۱٦/٥/۱۰، له‌هۆڵی چالاكییه‌كانی راگه‌یاندن و رۆشنبیری زانكۆی راپه‌ڕین به‌هاوكاری پلاتفۆڕمی دابڕان كۆڕێكی فیكری له‌ژێر ناونیشانی " دیموكراسی و عه‌لمانیه‌ت له‌ وڵاتانی جێماودا" بۆ رووناكبیر و سیاسه‌تمه‌دار به‌ڕێز " مه‌لا به‌ختیار" به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تای كۆڕه‌كه‌ بەڕێز "پ.د. محمد علی عبدالله‌" سه‌رۆكی زانكۆی راپه‌ڕین، وته‌یه‌كی كورتی پێشكه‌ش كرد، تیایدا گرنگی ناونیشانی كۆڕه‌ فیكرییه‌كه‌ی بۆ ئامادەبووان روونكرده‌وه‌ و به‌خێرهاتنی به‌ڕێز "مه‌لا به‌ختیار"ی كرد كه‌ توانیویه‌تی له‌وه‌ها ئه‌ركێكی شۆڕشی دیموكراسیدا پێشه‌نگ بێت و به‌رده‌وام بێت له‌هه‌وڵه‌كانی بۆ هێنانه‌كایه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نوێخوازو هاوچه‌رخ له‌ناوچه‌كه‌دا.

له‌كۆڕه‌كه‌دا بەڕێز "مه‌لا به‌ختیار" به‌وردی باسی لە هەڵبژاردنی ته‌وه‌ره‌كانی ناونیشانی كۆڕه‌كه‌ی كرد و پاشان چه‌مكی سیكولاریزم و دیموكراسی روونكرده‌وه‌ و تیشكی خسته‌ سه‌ر مێژووی به‌ده‌ستهێنانی دیموكراسی له‌وڵاتانی ئه‌وروپا. پاشان باسی له‌وه‌كرد ئه‌م دیموكراسیه‌ی ئێستا ئاوێته‌ بووه‌ به‌ جیهانگیری ، جیهانگیری واته‌ به‌زاندنی هه‌موو سنوره‌ نیشتیمانییه‌كان له‌ ڕووی ئابورییه‌وه‌، سیاسییه‌وه‌، كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، ئه‌منییه‌وه‌ هه‌روه‌ها هاوبه‌شیكردنی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان له‌سه‌ر ئاستی دنیا له‌ گوندێكی بجوكه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ وڵاتێكی گه‌وره‌ .
 له‌ به‌شێكی تری وتەکانیدا "مه‌لا به‌ختیار" باسی له‌ خه‌سڵه‌ته‌كانی به‌دیهێنانی دیموكراسی ، عه‌لمانی ، مه‌ده‌نی له‌ وڵاتی جێماودا كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد ئه‌زمونه‌ دیموكراته‌كانی دنیا سه‌لماندیان دیموكراتییەت به‌ بێ عه‌لمانیه‌ت شكست ده‌هێنێت، ئه‌وروپا سه‌ره‌تا ویستیان دیموكراسیبن به‌ڵام عه‌لمانی نه‌بن له‌ ئه‌نجامدا توشی كێشه‌ی سیاسی كۆمه‌لایه‌تی چینایه‌تی بوونه‌وه‌ .
 
دەربارەی چه‌مكی مه‌ده‌نیه‌ت "مه‌لا به‌ختیار" باسی له‌وه‌ كرد به‌بێ مه‌ده‌نیه‌ت مه‌حاڵه‌ بگه‌ین به‌ دیموكراسی و عه‌لمانیه‌ت ، دیموكراسیش به‌بێ ئه‌وان نابێت له‌دوای ته‌واوبوونی سنوری ده‌سه‌لاتی ده‌سه‌ڵاتداران سنوری ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ستپێده‌كات كه‌ بریتییه‌ له‌ گروپه‌كان، ڕێكخراوه‌كان ، ئێنجیئۆكان له‌ تاكه‌كانی مه‌ده‌نی ئه‌م ده‌سه‌لاته‌ ته‌واوكه‌ری ده‌سه‌لاتی دیموكراتییە ، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌لاتی كۆمه‌ڵایه‌تی دابین نه‌كرێت ده‌سه‌لاتی حكومڕان چه‌نده‌ به‌هێزبێت ناتوانێت كۆمه‌ڵ بپارێزێت .
 ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد ده‌بێت ئازادی ببێته‌ هه‌وێنی گۆرانكاری، به‌دیهێنانی مافه‌كانمان له‌به‌رامبه‌ردا بزانین ئه‌ركه‌كانمان چین ، خۆشم به‌ تێكۆشه‌ری ئه‌و پێناوه‌ ئه‌زانم ، هه‌موو ئه‌وكه‌سانه‌ی له‌ سه‌ر ئه‌و ڕێبازه‌ به‌رده‌وامن له‌ كوردستان ئه‌ركێكی شۆڕشگێڕانه‌و شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕانكاری و جیهانگیری دنیا تێده‌په‌ڕێنن .
 كۆڕه‌كه‌ به‌ ئاڕاسته‌كردنی پرسیاری ئاماده‌بووان كۆتایی هات و بەڕێز"مه‌لا به‌ختیار" به‌وردی وه‌ڵامی سەرجەم پرسیاره‌كانی دایه‌وه‌.