دوای ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەكان و ڕاگەیاندنی زانكۆی ڕاپەڕین چەند چالاكییەكی جۆراوجۆری ڕێكخست، لەو چوارچێوەیەدا و لە درێژەی كاروچالاكییە رۆشنبیرییەكاندا بڕیارە رۆژانی یەكشەممە و دووشەممە و سێ شەممە (۱٥-۱٦-۱۷ / ٥ / ۲۰۱٦ ) سێ چالاکی ڕۆشنبیری دیكە ئەنجام بدات.
چالاكی یەكەمیان سازدانی سیمینارێكە لەژێر ناونیشانی (پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ئایندەی سیاسی كورد) بۆ نوسەر و رۆشنبیر"ئارێز عبداللە" ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، هەروەها كۆڕێكی دیكەی فیكری هاوبەش بۆ هەردوو نوسەر و ڕووناكبیر "د.مەریوان وریا قانیع و ئاراس فەتاح" لەژێرناونیشانی (دین و عەلمانییەت/دین و سیاسەت ) ڕێكدەخرێت.
هەروەك لەرۆژی سێشەممەشدا كۆڕێكی دیكەی فیكری بۆ نووسەرو رووناكبیر "جەمال حسێن" لەژێر ناونیشانی ( لە ئیسلامی قورئانەوە بۆ ئیسلامی فەرموودە) خوێندنەوەیەك بۆ دواهەمین كتێبی (جۆرج ترابیشی) رێكدەخرێت.
هەروەك چالاكییەكان بەڕووی گشت مامۆستایان و خوێندكاران و فەرمانبەرانی زانكۆ و كەسایەتییە سیاسییەكان و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەوانانی ڕانیە و دەوروبەری كراوە دەبن .
جێی ئاماژەیە چالاكی هەرسێ ڕۆژەكە لەهۆڵی چالاكییەكانی راگەیاندن و رۆشنبیری زانكۆی راپەڕین، لەبینای فاكەڵتی پەروەردەی بنەڕەت نهۆمی دووەم سازدەكرێن، رۆژانە كاتژمێر (۱۰)ی پێشنیوەڕۆ بەڕێوەدەچن.