University of Raparin Logo

شاندێكى زانكۆى ڕاپەرين سەردانى زانكۆى كۆيەى كرد

چاپکردن ئیمەیڵ

بە مەبەستى پەرەپێدانى پەيوەندیيە ئەكاديمييەكان، شاندێكى زانكۆى ڕاپەرين سەردانى زانكۆى كۆيەى كرد و كۆبوونەوەيەك بە ئامادەبوونى ئەنجومەنى هەردوو زانكۆ بەڕێوەچوو.

ڕۆژى چوار شەممە ٢٠١٦/٦/١ شاندێكى زانكۆى ڕاپەرين کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان "پ.د.محمد علی عبداللە" سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانى ئەنجوومەنی زانکۆ، لە لايەن بەڕێزان "پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد" سەرۆكى زانكۆى كۆيە و ئەندامانى ئەنجوومەنی زانکۆکە پێشوازيكران.

 دواتر لە هۆڵى كۆبوونەوەكانى زانكۆی کۆیە، ئەنجومەنی هەردوو زانكۆ كۆبوونەوە، سەرەتا سەرۆكى زانكۆى كۆيە بەخێرهاتنى شاندى زانكۆى ڕاپەرينى كرد، دواتر تيشكى خستە سەر گرفتە داراييەكانى زانكۆ و ئاستەنگەكانى بەردەمى كاركردنى ئەكاديمى زانكۆكان، وێڕاى خستنەڕووى گرنگى پەرەپێدانى پەيوەندى نێوان هەردوو زانكۆ.

پاشان سەرۆكى زانكۆى ڕاپەرين لە وتەيەكيدا سوپاسى سەرۆك و ئەندامانى ئەنجوومەنى زانكۆى كۆيەى كرد بۆ پێشوازى و مێواندارى كردنيان، لە وتەكەيدا بەڕێز سەرۆكى زانكۆى ڕاپەرين تيشكى خستە سەر پەرەپێدانى پەيوەندیيە ئەكاديمييەكانى نێوان هەردوو زانكۆ بە ئامانجى پێشخستن و گەشەپێدانى ئاستى زانستى لە هەردوو زانكۆدا.

دوای ئەوە "پ.د.محمد علی عبداللە"  سەرۆكى زانكۆى ڕاپەرين باسى كاريگەرى خراپى بارى دارايى كرد لەسەر دۆخى ئەكاديمى زانكۆكان و هيواى خواست ئەو بارە ڕاستبكرێتەوە. 

دواتر بە وردى گفتوگۆيانكرد لەسەر پڕۆژە پێشنيازكراوەكان بۆ پەرەپێدانى پەيوەندييە ئەكاديمييەكانى نێوان هەردوو زانكۆ بە تايبەت لە بوارى خوێندنى باڵا.