وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێنماییەكی نوێی لە بارەی مامۆستایان و وانەبێژانی زانكۆ و پەیمانگا تایبەتەكان بڵاوكردەوە.
بە پێی نوسراوی ژمارە ( ٨٠٦١/٢) لە رێكەوتی ٢٥ی ئایار، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەند رێنماییەكی نوێی تایبەت بەو مامۆستا و وانەبێژانی زانكۆ و پەیمانگا تایبەتەكان دەركرد.
بە پێی رێنماییەكە هەر مامۆستایەكی میلاك لە زانكۆ و پەیمانگا ئەهلی و تایبەتەكان پێویستە بڕوانامەی ماستەر یاخود دكتۆرای هەبێت، خولی رێگاكانی وانەوتنەوەی تەواوکردبێت، هەڵگری نازناوی زانستی بێت، گرێبەستێكی روون و یاسایی لەگەڵ زانكۆكەدا هەبێت، بە تەواوی خۆی بۆ ئەو كارە تەرخانكردبێت و لە پسپۆری خۆی وانە بڵێتەوە.
هەر بە پێی رێنمایەكە ئەو مامۆستایانەی میلاكی زانكۆ و پەیمانگا تایبەتەكانن دەتوانن پۆستی سەرۆكی زانكۆ و راگر و یاریدەدەری راگر وەربگرن لەگەڵ دیاریكردنی كاتی وانەوتنەوە لە هەفتەیەك بۆ هەریەكێكیان كە لە نوسراوەكەدا ئاماژەی پێكراوە.
هەر بە پێی رێنماییەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەو مامۆستایانەی میلاكی زانكۆ و پەیمانگا تایبەتەكانن و لە هیچ وەزارەتێكی دیکەی حكومی نین تەنیا لە كەرتی تایبەتی كاردەكەن، جگە لەوەی بڕوانامەی ماستەر یاخود دكتۆرایان هەبێت، پێویستە لە هەمان كاتدا هەڵگری نازناوی زانستی بن و لە پسپۆریی خۆیاندا وانە بڵێنەوە، ئەو مامۆستایانەی كە بڕوانامەی ماستەریان هەیە دەبێ كۆنمرەی بەكالۆریۆسیان لە (٦٠%) كەمتر نەبێت.
لە نوسراوەكەدا هاتووە "ئەو مامۆستایانەی لە كەرتی تایبەت كاردەكەن لەكاتی جێهشتنی کارەکەیان لە زانكۆ و پەیمانگا تایبەتەکان نازناوی زانستییان لێدەسەندرێتەوە و لەكاتی دامەزراندنیان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا یان هەر دامەزراوەیەكی تری حكومی نازناوی زانستییەكەیان وەک خۆی بۆ هەژمار دەكرێتەوە".
هەر بە پێی رێنمایەكە ئەو مامۆستایانەی میلاكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستین و لەو زانكۆیانە وانە دەڵێنەوە دەبێ خولی رێگاكانی وانە وتنەوەیان بە سەركەوتوویی تەواوكردبێت و پسپۆڕ بن و ئەگەر خاوەنی بڕوانامەی ماستەر بێت كۆنمرەی بەكالۆریۆسیان لە (٦٠%) کەمتر نەبێت، لاری نەبوون لە زانكۆ حكومییەكەی خۆی یان وەزارەتی خوێندنی باڵا بهێنن و ساڵانەش ئەو لاری نەبوونە نوێدەكرێتەوە و پێویستیشە بەشەوان وانە بڵێنەوە بە پێی ئەوكاتەی لە نوسراوەكە بۆی دیاریكراوە.
سەبارەت بە مامۆستایانی وانەبێژ لە زانكۆ و پەیمانگا تایبەتییەكان كە لە دەرەوەی میلاكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستین، پێویستە خولی رێگاكانی وانەوتنەوەیان بە سەركەوتوویی ئەنجامدابێت و هەڵگری نازناوی زانستی بن و بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەریش دەبێت كۆنمرەی بەكالۆریۆسیان لە (٦٠%) كەمتر نەبێت، لە هەمان كاتدا دەبێت لە پسپۆری خۆیان وانەبڵێنەوە تەنها لە یەك زانكۆ و پەیمانگا وانە بڵێنەوە.
بۆ خوێندنەوەی دەقی ڕێنماییەکان سەردانی ئەم بەستەرەی خوارەوە بکە:
رێنمایی نوێ لە بارەی مامۆستایانی زانكۆ و پەیمانگا تایبەتییەكان