ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى 24/9 زانکۆى ڕاپەڕین فاکەڵتى پەروەردەى قەڵادزە بەهاوکارى بەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى و هونەرى ڕانیە دووەمین کۆنفرانسى زانستى ساڵانەى لەژێر ناونیشانى (زمانى کوردى لەنێوان ئەرکى ڕۆشنبیرى و ئەرکى زانستیدا) سازکرد.
فاکەڵتى پەروەردەى قەڵادزە سەر بەزانکۆى ڕاپەرین لەدرێژەى کاروچالاکیەکانیدا بەهاوکارى بەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى و هونەرى ڕانیە دووەمین کۆنفرانسى زانستى ساڵانەى سازکرد،لەکۆنفرانسەکەدا زانکۆى سلیمانى و زانکۆى زاخۆ و زانکۆى ێلاح الدین و زانکۆى گەرمیان و زانکۆى بغداد و چەند زانکۆیەکى تر بەشداریان تیادا کرد ، کۆنفرانسەکە ماوەى سێ ڕۆژى بەردەوام بوو ، بیست تویژینەوە لەلایەن کەسانى شارەزا و پسپۆڕ بۆ میوانەکان خرایە ڕوو .
د. سەردار فتح اللە راگرى فاکەڵتى پەروەردەى قەڵادزە و سەرۆکى لیژنەى باڵاى کۆنفرانس وتى : ئەمە دووەمین کۆنفرانسى زمانە کە لە شارى قەڵادزە ئەنجام بدرێت، لەکۆنفرانسى ساڵى ڕابروودا توانیمان لەڕاسپاردەکانى کۆنفرانس پڕۆژەیەک سەبارەت بەزمانى کوردى ئامادە بکەین و بیخەینە بەردەم پەرلەمانى کوردستان ،و خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا ، لەکۆنفرانسى ئەمساڵدا بیست توێژینەوە لەلایەن کەسانى شارەزا و پسپۆڕ دەخرێنەڕوو ، گفتوگۆ و مناقەشەیان دەکرێت ، ئامانجى سەرەکى ئەم کۆنفرانسە دروستکردنى زمانێکى رەسمى( ستاندارد)ە کەلە هەموو کوردستاندا قسەى پێ بکرێت،و جێگەى سەرجەم زمانە لاوەکى و ناوچەییەکان بگرێتەوە ، بەئامانجى زیاتر خزمەتکردنى زمان و ئەدەبى کوردى لەهەموو کوردستان .
د.نەریمان عبداللە ئەندامى لیژنەى باڵاى کۆنفرانسەکە وتى : کۆنفرانسى ئەم ساڵ جیاوازە لەکۆنفرانسى ساڵى رابردوومان ، کۆنفرانسى ئەم ساڵمان هەردوو بوارى زمان وئەدەب لەخۆدەگرێت، و هەروەها زۆرینەى زانکۆکانى کوردستان بەشداریان تێدا کردووە ، وە سەرجەم توێژینەوەکان قبوڵنامە لەزانکۆى ڕاپەڕین وەردەگرن ، ئەمەش سودى دەبێت بۆ بەرزکردنەوەى پلەى زانستیان ، وە بۆ ساڵى ئایندە لەبەرنامەمان دایە کۆنفرانسەکە فراوانتر بکەین و بەشەکانى ترى وەک عەرەبى و ئینگلیزى و تورکى لەخۆ بگرێت