وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، پێدانی سێ نمرە بە دەرچووانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لەلایەن وەزارەتەوە ڕادەگیرێت.
عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند: وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری داوە لە ساڵی داهاتووەوە پێدانی سێ نمرە بە دەرچووانی پۆلی ۱۲ نەمێنێت، کە پێشتر ئەم نمرەیە دەدرایە ئەو خوێندکارانەی کە لە ساڵی یەکەم و قۆناغی یەکەم لە پۆلی ۱۲ دەردەچوون.
ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکە لە کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروردەدا دراوە، ئەمساڵ کۆتا ساڵە کە خوێندکارانی دەرچووی قۆناغی یەکەم لەو سێ نمرەیە سودمەند دەبن و لە ساڵی داهاتووەوە پێیان نادرێت.
ساڵانی ڕابردوو، ئەو خوێندکارانەی کە لە پۆلی ١٢ی ئامادەییدا بە قۆناغی یەکەم دەردەچوون سێ نمرەیان لەلایەن وەزارەتەوە پێدەدرا کە دەیکردە ٢١ نمرە بۆ هەر حەوت وانەکە.
ئەمەش لەکاتێکدایە بە وتەی وەزیری پەروەردە بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی و ٩ی بنەڕەتی ئاشکرا بکرێت.
سەرچاوە / NRT