وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئەمساڵ هەژمارکردنی نمرەی خوێندکاران لە پۆلەکانی ١٠ و ١١ ی ئامادەیی بۆ خوێندکارانی ١٢ ی ئامادەیی ئارەزوومەندانەیە و تەنها بۆ ئەو خوێندکارانە دەبێت کە نمرەی ساڵانی پێشوویان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی کۆنمرەی دەرچوون و وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان.
"شۆڕش غەفوری" بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند: ئەمساڵ لە کاتی وەرگرتنی خوێندکاراندا لە زانکۆ و پەیمانگاکان سیستمێکی نوێ پەیڕەو دەکرێت کە ئەوەش لە بەرژەوەندی خوێندکاردایە و ئەگەر نمرەی پۆلەکانی ١٠ و ١١ ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی کۆنمرەی پۆلی ۱۲ی ئەوا هەژمار دەکرێت، بەڵام ئەگەر نمرەکە ببێتە هۆی دابەزینی کۆنمرەی خوێندکار ئەوا هەژمار ناکرێت.
پێشتر وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم بڕیاری دابوو ڕێژەیەک لە کۆنمرەی دەرچوونی خوێندکارانی قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی لەسەر نمرەی پۆلەکانی ١٠ و ١١ دابنرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە ڕۆژی ١٢ ی تەموزی ٢٠١٦ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم، نمرەی دەرچوونی خوێندکارانی قۆناغەکانی ١٢ ی ئامادەیی ڕاگەیاند.
سەرچاوە /NRT