University of Raparin Logo

وەزارەتی خوێندنی باڵا مەرجەکانی گواستنەوەی خوێندکارانی لە نێوان زانکۆکانی هەرێم ڕاگەیاند

چاپکردن ئیمەیڵ

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایدەكات، كە لە ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی ۲۰۱٦/۷/۱۷ وە بەچەند مەرجێك خوێندكاران دەتوانن دەست بە مامەڵەی گواستنەوەیان بكەن لە نێوان زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمدا.

"عەباس ئەكرەم" وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی زانکۆی ڕاپەینی راگەیاند "وەزارەتی خوێندنی باڵا لەرێگەی چەند مەرج و ڕێنماییەکەوە سەرجەم زانكۆ و پەیمانگاكانی لە گواستنەوەی خوێندكاران ئاگاداركردۆتەوە . لەبارەی مەرجەكانەوە وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا وتی: ئەگەر خوێندكار نەخۆشی درێژخایەنی هەبێت، یاخود خوێندكار بە ئاستی باش یاخود سەروتر دەرچووبێت، ئەگەر هاتوو خوێندکار لە یەکێک لەقۆناغەکانی خوێندنی زانكۆیی هاوسەرگیری كردبێت، یاخود لەقۆناغەکانی خوێندنی زانكۆییدا  دایك یاخود باوكی كۆچی دوایی كردبێت، هەروەها ئەگەر خوێندكار (کوڕ،کچ)ە شەهید بێت، بۆ خوێندكارانی رەگەزی مێ‌ ئەگەر لەقۆناغێکی خوێندنی زانکۆدا بەرپرسیارێتی دایکایەتی بکەوێتە سەرشان، دەتوانن مامەڵەی گواستنەوە لە نێوان زانکۆکانی هەرێمدا ئەنجام بدەن.  عەباس ئەكرەم ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەگەر خوێندكار هیچ مەرجێكی لە مەرجەکانی سەرەوە نەبوو، ئەوا دەتوانێت بەپێدانی بڕی (٥٠%)ی نرخی خوێندنی پاڕالێل بۆ قۆناغەكانی (٤،٣،٢)، یان بڕی (١٠٠%)ی نرخی خوێندنی پاڕالێل لە قۆناغی یەكەم داوای گواستنەوە بكات.