University of Raparin Logo

زانكۆی راپەرین بە ئەلكترۆنی دەكرێت

چاپکردن ئیمەیڵ

بڕیارە لەگەڵ دەستپێکردنی سالی نوێ ی خوێندن سیستەمی وانەبێژی لە زانكۆی ڕاپەڕین بە ئەلكترۆنی بكرێت، هەروەک پێویستە سەرجەم مامۆستایان و سەرۆك بەشەكان ئەو سیستەمە تازەیە جێ بەجێ بکەن.

ڕۆژی سێ شەممە لەبینای فاكەڵتی پەروەردەی بنەرەت بە ئامادەبوونی بەڕێز (پ.د.محمد علی عبداللە) سەرۆكی زانكۆ و یاریدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ڕاگر و سەرۆك بەشی گشت فاكەڵتی و کۆڵێژەکانی زانکۆی ڕاپەڕین كۆبوونەوە، لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان دەربارەی بە ئەلكترۆنیكردنی سیستەمی وانەبێژی لە زانكۆی راپەرین کرد.

سەرەتا "د.هێرش رسوڵ" یاریدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران و سەرۆکی لیژنەی بە ئەلکترۆنی کردنی زانکۆی ڕاپەڕین، دڵسۆزی و ماندبوونی لیژنەی ئامادەکاری بە ئەلکترۆنیکردنی زانکۆی ڕاپەڕینی بەرز نرخاند، دواتر باسی لە هەنگاو و قۆناغەكانی سیستەمەکە كرد، وتیشی لەئێستادا سیستەمەکە ئامادەیە بۆ بەكارهێنا، پاشان باسی لە گرنگی بەكارهێنانی (گوگل كلاسروم) كرد لەلایەن ڕاگر و سەرۆک بەش و مامۆستایانەوە.

دواتر بەڕێز (پ.د.محمد علی عبداللە) سەرۆكی زانكۆی ڕاپەڕین باسی لەو زانكۆیانە کرد کە لەسەرتاسەری جیهان پەیرەوی ئەم سیستەمە دەكەن، وتیشی لەپێناو بەرەوپێشچوونی زیاتری زانكۆکەمان، پێویستە گشت مامۆستایان و سەرۆک بەشەکانی زانکۆمان پەیڕەوی ئەم سیستەمە بکەن و بەکاری بهێنن.

لە كۆتایی کۆبوونەوەکەدا مامۆستا "پێشەوا محمود" ئەندامی لیژنەی ئامادەكاری سیستەمی بە ئەلکترۆنیکردنی زانکۆی ڕاپەڕین، سیمینارێکی دەربارەی شێوازی بەكارهێنان و چۆنیەتی ئیشپێكرنی سیستەمەکە پێشکەش کرد.

بڕیارە لە داهاتوودا لەگەڵ کارپێکردنی سیستەمە ئەلکترۆنییەکە لە زانکۆی ڕاپەڕین، گرتەیەکی ڤیدیۆیی فێرکاری چۆنیەتی بەکارهێنانی گوگڵ کلاسروم بخرێتە بەردەست بەکارهێنەرانی سیستەمەکە.