د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە دیدارێکدا لەگەڵ بەیان سامى نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ویلایەتەیەکگرتوەکانى ئەمریکا گفتوگۆیان لەبارەى ئاستى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ئەمریکا لە بوارە جیاکان کرد بەتایبەت لە بوارى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى.
لەو دیدارەدا کە ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتى (۲۰۱٦/۷/۱۳) بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاویژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.مسڵح مستەفا سەرۆکى زانکۆى سۆران و، د.جوان جەلال بەڕێوەبەرى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان ئامادەیبوون، گفتوگۆیەکى ورد لەبارەى پەیوەندییەکان و تێڕوانینى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا بۆ هەرێمى کوردستان کرا، لەو چوارچێوەیەشدا باس لە پێویستى سەردانێکى ڕەسمى وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ئەمریکا کرا بۆ گەیاندنى سیاسەت و دیدى وەزارەت لە بوارى خوێندنى باڵا و ئاڵوگۆڕى کەلتورى و زانستی و چۆنیەتى ڕاهێنانى مامۆستایان و ستافى ئەکادیمى زانکۆکان لە ئەمریکا. لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان کاریگەرى زۆرى خستۆتە سەر بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى زانکۆکان، هەروەک لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا کورتەیەکى لەبارەى کاروپڕۆژەکانى وەزارەتى خستەڕو بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانکۆکان بەتایبەت لە ڕوى چۆنایەتیەوە. سەبارەت بەکردنەوەى لقى زانکۆ بەناوبانگەکانى جیهان لە هەرێمى کوردستان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: هەر زانکۆیەک ئەگەر ڕانکینگى بەرز بێ و لقێکى ڕەسمى لە کوردستان بکاتەوە، ئێمە کارئاسانیان بۆ دەکەین، ئەوەش دواى ئەوەى پڕۆپۆزەڵ پێشکەش دەکەن و بەڕێوشوێنە یاساییەکاندا تێپەڕ دەبێ ئیمە ڕەزامەندى لەسەر کردنەوەى زانکۆکان دەدین، ئەوەشى ڕایگەیاند: ئیمە خۆشحاڵ دەبین، کە زانکۆ جدییەکان بێن لە کوردستان لق بکەنەوە، بۆ ئەوەش بەیان سامى ڕایگەیاند: زانکۆى جدى هەیەو پەیوەندییان پێوەکردوین و ئەخوازن لقى زانکۆکانیان لە کوردستان بکەنەوە، بۆیە لە گەڕانەوەماندا پەیامەکانتان دەگەێنینە زانکۆ جدییەکانى ویلایەتەیەکگرتوەکانى ئەمریکا.