شێوازی وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری تیادا دەکرێت و تەنیا بە شێوازی وەرگرتن ناوەندی نابێت، بەڵکو لەمەودوا خوێندکاران دەتوانن لەو بەشەی کە دەیانەوێت لێی بخوێنن، فۆڕمی وەرگرتن پڕبکەنەوە.
گۆڕانکارییەکان هەموو بەشەکان ناگرێتەوە
بەپێی ئەو مەرجانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ وەرگرتنی زانكۆیی واتە ( وەرگرتن بە خواستی خوێندکار) بۆ زانكۆكانی ناردووە، هەموو بەشەكان ناگرێتەوە، دیارترین ئەو بەشانەی کە خوێندكاران ناتوانن بەخواستی خۆیان بچن و فۆڕمی وەرگرتنی تێدا پڕبکەنەوە، بریتین لە بەشە: پزیشكییەكان، ئەندازیاری، یاسا و چەند بەشێکی دیكە " کە زانكۆكان خۆیان دیارییان كردووە".
لە مەرجە گرنگەكانی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانكۆ و پەیمانگەكان بە "شێوازی زانكۆیی" بریتین لە" كۆنمرە، دەبێت خوێندکار ٦۰٪ كەمتری نەبێت. تەمەن، لە ۳۰ ساڵ زیاتر نەبێت". ئەم شێوازی وەرگرتنە دەرچووانی خوێندنی ساڵەكانی (۲۰۱٤-۲۰۱٥) و (۲۰۱٥-۲۰۱٦) دەگرێتەوە، بەڵام ئەو خوێندکارانە دەچنە پێشبڕکێ وە بۆ بەدەستهێنانی کورسی خوێندن.
دەبێت تاقیکردنەوەیەکی سەرەتایی بکەن
ئەو خوێندکارەی دەخوازێت بەو شێوازە وەربگیرێت، دەبێت لەماوەی مانگێكدا (۲۰۱٦/۷/۲٤) تاوەكو (۲۰۱٦/۸/۲٤) سەردانی بەشی تۆماری زانكۆكان بكات، مەرجیشە تاقیكردنەوەیەكی سەرەتایی بۆ وەرگرتنی لەو بەشەی دەیەوێت تێیدا بخوێنێت ئەنجامبدات، كە ئەویش لە (۲۰۱٦/۸/۲۸) تاوەكو (۲۰۱٦/۹/۱) دەبێت.
بەپێی ئەو شێوازە نوێیەی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆکان، خوێندكار دەتوانێت لە چەند زانكۆیەك داواكاری وەرگرتن پێشكەش بكات، هەر خوێندکارێک بەو شێوازە داوای وەرگرتن لە زانکۆکان بکات، مافی وەرگرتنی بەشێوازی زانكۆ لاین نامێنێ.
بەشی ناوخۆیی نادرێتە ئەوانەی دابەزاندن لە بەشەکانیان دەکەن
هەر دەرچووێك مەبەستی بێت دابەزاندن لە بەشەكەی بكات، دەبێت بۆ بەشی هاوشێوە بێت، لە رێنمایەكاندا ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، ئەو كەسەی دابەزاند دەكات بەشی ناوخۆیی بۆ دابین ناكرێت.
"هێمن شوانی" بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند "ئەنجوومەنی وەزارەت بڕیاری وەرگرتنی خوێندکارانی بەشێوازی زانكۆیی داوە، دیاریكردنی ئەو بەشانەش كە خوێندکار بەو شێوازە وەردەگرێت لەسەر خواستی زانكۆكان خۆیان بووە".
وتیشی: تاوەكو ئێستا نازانن پێشوازی خوێندکاران بۆ ئەم شێوازە نوێ-یەی وەرگرتن چۆن دەبێت، چاوەڕێ دەكەین بزانین پێشوازی دەرچووان چۆن دەبێت، تاوەكو لە ساڵانی داهاتوودا بڕیاری باشتر لەوبارەیەوە بدرێت".
پێشتر لە هەرێمی كوردستان، لەچەند بەشێكی دیاریكراوی وەک بەشەکانی (ڕاگەیاندن، وەرزش) شێوازی وەرگرتنی زانکۆیی پەیڕەو کراوە، بۆ بەشەکانی دیکە وەرگرتنی خوێندکاران لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەرگرتنی ناوەندییەوە بووە.
دەقی ڕێنمایی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ شێوازی وەرگرتنی زانکۆیی
سەرچاوە / RUDAW