لەرۆژنامەی مانگانەی هزردا کە لەلایەن کۆمەڵەی ڕۆشنبیری گەنجانی موسڵمانی کورد لە ڕانیە دەردەچێت وا بڵاوکراوەتەوە کە گوایە کۆلێژێکی (شەریعە) لەزانکۆی راپەڕین دەکرێتەوە، لە ھەواڵەکەدا لێدوانی بەرێز (ئاراز رەمەزان) وتەبێژی زانکۆی راپەڕین بڵاوکراوەتەوە
کە ناوبراو بەھیچ شێوەیەک باسی لە کردنەوەی وەھا کۆلێژێک نەکردووە بەڵکو باسی لەوەکردووە کە ھەر کاتێک زانکۆی راپەڕین بەپێویستی بزانێت ئەگەری ھەیە لە ئایندەدا بەشی شەریعە بکرێتەوە نەک کۆلێژی شەریعە. ھەر بۆ زانیاری زیاترو بەرچاو روونی میدیاکان و ھاووڵاتیانی سنورەکە کردنەوەی بەش و کۆلێجی زانستی لەھەر زانکۆیەک لە دەسەڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی ھەرێم دایە ، زانکۆکان تەنیا پێشنیاز دەکەن بەپێی پێویستی و زەروریەتی زانستی ناوچەکە و بوونی هەموو پێداویستیەکان لەو بوارە پسپۆڕیەدا . زانکۆی راپەڕین لەم قۆناغەدا بەپێویستی دەزانێت لەسنورەکەدا زیاتر بەش و کۆلێژی زانستی بکرێنەوە بۆ دەڤەرەکە لەھەوڵی بەردەوامیش دایە بۆ ئەوەی لەساڵانی ئایندەدا بەشە زانستی و کۆمەڵایەتیەکان لە زانکۆکەدا بکرێنەوە
وتەبێژی زانکۆ ١٩/١١/٢٠١٣