University of Raparin Logo

زانکۆی راپەڕین یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ دوو زانکۆی رۆژهەڵاتی کوردستان واژۆدەکات

وەفدێکی زانکۆی راپەڕین، لە سەردانێکی رەسمیدا بۆ پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوو یاداشتی لێکتێگەیشتنی بە جیا لەگەڵ هەریەک لە (زانکۆی کوردستان) و (زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان) لەشاری سنە واژۆ کرد.

رۆژی ١٠ی ئەم مانگە، وەفدەکەی زانکۆی راپەڕین کە بە سەرۆکایەتی "پ.د.محمد علی عبداللە" سەرۆکی زانکۆ ڕاپەڕین، بە یاوەری "پ.ی.د.هێرش رەسوڵ" یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران، "پ.ی.د.سەردار فتح اللە"  راگری فاکەڵتیی پەروەردە،  "م.ئاراز رەمەزان" بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن، "حمید سڵێمان بەگی" فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی زانکۆ بوو، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ (زانکۆی کوردستان) لە شاری سنە واژۆکرد.

بەپێی ناوەڕۆکی یاداشتەکە، هەردوو زانکۆ رێککەوتن لەسەر هاوکاری و هەماهەنگی زانستی لە چەند روویەکی جیاوازەوە، وەک (ئاڵوگۆڕی خوێندکار لە خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵادا، ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش و گەشەپێدانی توێژینەوە، ئاڵوگۆڕی ستافی ئەکادیمی لە نێوان فاکەڵتییە جیاوازەکاندا، رێکخستنی پرۆژە و چالاکیی هاوبەشی زانستی).
هەمان رۆژ، (زانکۆی کوردستان) میوانداری وەفدەکەی زانکۆی راپەڕینی کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی زانکۆکەیان، کە تیایدا "د.فەردینی ئەخلاقیان" سەرۆکی زانکۆی کوردستان دوای بەخێرهاتنی میوانەکان، ئاماژەی بە گرنگی و هەماهەنگی زانستی لە نێوان زانکۆ کوردستانییەکاندا کرد، لە بەرامبەردا سەرۆکی زانکۆی راپەڕین وێڕای سوپاس و پێزانین لە وتەیەکدا باسی لە بایەخی ئەوجۆرە لە پەیوەندی و لێکنزیکبونەوە ئەکادیمییانە کرد، پاشان بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی هەردوو زانکۆ پوختەیەکیان دەربارەی پێکهاتە و کار و چالاکیی زانکۆکانیان خستەڕوو.
هەر لە کۆبونەوەکەدا، هەریەک لە"د.عەبدوڵڵا سەلیمی" یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری توێژینەوە، "د.عوسمان عەزیزی" یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران و راگرانی کۆلێژەکان و "د.عەبدوڵڵا حەسەنزادە" بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی کوردستان، تیشکیان خستەسەر ئامانج و کاروچالاکی زانکۆکەیان، دواتر سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین و سەرۆکی زانکۆی کوردستان ئاڵوگۆڕی لۆگۆی زانکۆکانیان کرد.
پاشان، وەفدی زانکۆی راپەڕین سەردانی هەندێ بەش و فاکەڵتی و بەڕێوەبەرایەتی زانکۆکەی کرد.
لە رۆژی دواتردا، وەفدەکەی زانکۆی راپەڕین یاداشتێکی دیکەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ (زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان) لە شاری سنە واژۆکرد.
لە یاداشتەکەدا، هەردوو زانکۆ رێککەوتن لەسەر هاوکاری و هەماهەنگی زانستی، بە تایبەت لەنێوان (کۆلێژی پەرستاری) زانکۆی راپەڕین و (فاکەڵتی پەرستاری و مامانی)ی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان، لە چەند روویەکی جیاوازەوە، وەک (ئاڵوگۆڕی خوێندکار لە خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵادا، ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش و گەشەپێدانی توێژینەوە، ئاڵوگۆڕی ستافی ئەکادیمی، رێکخستنی پرۆژە و چالاکیی هاوبەشی زانستی).
هەر لەو مەرسیمەدا "د.محمد علی عبداللە" سەرۆکی زانکۆی راپەڕین و "د.تەیب قەدیمی" سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان، باسیان لە بایەخی ئەوجۆرە لە پەیوەندی و هەماهەنگییە زانستییانە کرد.
لە مەرسیمەکەدا، هەریەک لە "د.محمد جعفری رەزایی" یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، "د.محەمەد فتحی" راگری فاکەڵتیی پەرستاری و مامانی و چەند سەرۆک بەشێک) تیشکیان خستەسەر ئامانج و کارو چالاکیی زانکۆ و فاکەڵتییەکەیان.
دواتر، وەفدی زانکۆی راپەڕین سەردانی هەندێ هۆڵ و بەشی و فاکەڵتیی ناوبراوی کرد.