بڕیارە بۆ خوێندنی ساڵی ۲۰۱٦-۲۰۱۷، حکومەتی ھەرێم بڕێک پارە لەخوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکان وەربگرێت، ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێم کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە و لیژنەی کاروباری پەروەردەو خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان داوا لە حکومەت دەکات لە بڕیارەکەی پاشگەزببێتەوە و باری سەرشانی ھاوڵاتیان قورستر نەکات.
"عەباس ئەکرەم" وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بە ماڵپەڕی زانکۆی ڕاپەڕین-ی ڕاگەیاند: حکومەتی هەرێم بۆ زیادکردنی داھات و کەمکردنەوەی خەرجی وەزارەتەکان، بڕیاریداوە بۆ خوێندنی ساڵی ٢٠١٦-٢٠١٧، هەر خوێندکارێک لەکاتی پەیوەندیکردنی بە زانکۆ و پەیمانگاکان دەبێت بڕی (٥٠) هەزار دینار بدات بۆ ناو تۆماركردن، سەبارەت بە خوێندکارانی دەرەوەی شار ئەوانەی لە بەشەناوخۆییەکان دەمێننەوە دەبێت بڕی ١٠٠ ھەزار دیناری بدەن، بەجۆرێک بڕی (٥٠) هەزار دینار بە مەبەستی ناو تۆماركردن و (٥٠) هەزار دیناریش وەک رسوماتی ساڵێکی مانەوە لە بەشە ناوخۆییەکان.
وتیشی: سەبارەت بەو بڕیارە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گشتاندنێکی کردووە و ئاراستەی سەرجەم زانکۆ حکومییەکانی هەرێم کراوە.
بەگوێرەی زانیاری ڕاگەیاندنەکان، ٣٥٦ بەشی ناوخۆیی لەسەرتاسەری ھەرێم ھەیە و نزیکەی ٤٠ ھەزار خوێندکاری دەرەوەی شارەکان لەخۆدەگرێت.