لەسەرەتای مانگی حوزەیرانی 2014 داو لەمیانی سەردانی پ.د. محمد عەلی سەرۆكی زانكۆی راپەڕین بۆ وڵاتی توركیا بەمەبەستی بەشداریكردنی كۆنگرەیەكی زانستی زانكۆكانی جیهان پڕۆتۆكۆڵێكی زانستی لەگەڵ زانكۆی "سلێمان شا"ی ئەو وڵاتەدا مۆركرد.
بەپێی پڕۆتۆكۆڵەكە هەردوو زانكۆ رێككەوتوون لەسەر ئەوەی كە كاربكەن بۆ پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا لەبوارە زانستییەكانی وەك ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و خوێندكاران لەنێوان هەردوو زانكۆدا. هەروەك یەكێك لە بڕگەكانی پڕۆتۆكۆڵەكە تایبەتە بەپەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی بەهاوكاری و هەماهەنگی هەردوو زانكۆی راپەڕین و زانكۆی سلێمان شا.
زانكۆی سلێمان شا درێژكراوەی دامەزراوەیەكی كەلتوری و پەروەردەییە كە لەساڵی ٢٠٠٧ لە توركیا دامەزرا. دواتر لەساڵی ٢٠٠٨ئەم دامەزراوەیە بڕیاری دامەزراندنی زانكۆی (سلێمان شا)ی دا.زانكۆكە بۆیە بەو ناوە ناونراوە چونكە سلێمان پاشا لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەساڵی ١٣٣٢ یەكەم كەس بوو كە (مەدرەسە)ی پەروەردەی دروستكرد.
خوێندن لەزانكۆی سلێمان شا بەزمانی ئینگلیزییەو لەگەڵ زۆر زانكۆی جیهانی پەیوەندی هەیە. هەروەها لەگەڵ زانكۆكانی ئەوروپا بەرنامەی هاوبەش ئەنجامدەدات و لەسەرانسەری دنیا خوێندكار وەردەگرێت لەڕێگەی بەرنامەی ئاڵوگۆری ئەكادیمی.
سلێمان شا لەم بەشانە پێكهاتووە:
١-فاكەڵتی زانستە كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەكان
- سایكۆلۆژی
- كۆمەڵناسی
- زمان و ئەدەبی توركی
- پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان
٢-فاكەڵتی بەڕێوەبردن و زانستە كارگێڕییەكان
- ئابوری
- كارگێڕی كار
- زانستی سیاسیی و بەڕێوبردنی گشتی
- بازرگانی و دارایی نێودەوڵەتی
- بەشی زمانە بیانییەكان
- سەنتەری لێكۆڵینەوە
-خویندكارە نێودەوڵتییەكان
-پڕۆگرامی دەرچووان