ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠١٦/٩/٢٩، ئەنجومەنی زانکۆی ڕاپەڕین و ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ لە بەرامبەر سیستەمی پاشکەوتکردن و دواکەوتنی موچەکانیان خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا .
کاتژمێر ۱۰ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەئامادەبوونی "د.موفق خالید ابراهیم" سەرۆکی زانکۆ ڕاپەڕین و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی ڕاپەڕین لەبەردەم بینای سەرۆکایەتی زانکۆ، خۆپیشاندانێکی ناڕەزاییان لە دژی سیستەمی پاشەکەوتکردن و دواکەوتنی موچەکانیان ئەنجامدا .
لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکەدا ئەنجوومەنی زانکۆی ڕاپەڕین یاداشتی هاوبەشی زانکۆکانی (ڕاپەڕین و سلێمانی و کۆیە و هەڵەبجە و گەرمیان و چەرمۆ و پۆلەتەکنیکی سلێمانی و دەستەی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی) ڕاگەیاند " لە یاداشتەکەدا هاتبوو قوڵکردنەوەی قەیرانی سیاسی بووە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەگەڵ قەیرانی داراییش چەندین قەیرانی تر سەریان هەڵدا کە کەریگەرییان هەبووە لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی و خوێندن و پەروەردە، لە دیارترین لێکەوتەکانی قەیرانی دارایی پێنەدان و کەمکردنەوەی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکانی هەرێم بوو کە پرۆسەی خوێندنی باڵای لە هەرێم خستووەتە بەردەم مەترسییەکی گەورە.
داواکارییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی ڕاپەڕین لە خۆپیشاندانەکەدا بریتی بوون لە کەمکردنەوەی سیستەمی پاشەکەوتکردنی موچە بە ڕێژەیەک لە ٢٥% زیاتر نەبێت و پێدانی تەواوی شایستەداراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا بەجۆرێک لە (٣٠) ڕۆژ تێپەڕ نەکات و کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکان کە تیایدا مافە داراییەکانیان بپارێزرێت و پێدانی شایستەداراییەکانی وەک کرێی وانەبێژی دەرەکی و ناوەکی و سەردان و چاودێری و هەڵسەنگاندن و گفتوگۆی نامەی ماستەر و دکتۆرا و چاوخشاندنەوە بە سەربەخۆیی دارایی زانکۆکان ، هەروەک پاراستن و ڕێزگرتن لە بەها ئینسانی و نەتەوەییەکان یەکێکی دیکە بوو لە داواکارییەکانیان، هەر لە خۆپیشاندانەکەدا داوای گەڕاندنەوەی دەرماڵەی فەوتاوی خوێندکاران و پێدانی دەرماڵەی مانگانەی خوێندکاران کرا .