پاڵپشت بە فەرمانی وزاری ژمارە (١٣٧٦٨/٥) لە (٢٠١٦/٩/١٨) تایبەت بە ڕێنماییەکانی خوێندنی ئێواران (پارالێڵ) لە زانکۆکانی هەرێم، زانکۆی ڕاپەڕین لە سەرجەم بەشەکانیدا خوێندنی پارالێڵ لە دەوامی ئێواران بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٦- ٢٠١٧ بەپێی ئەم مەرج و ڕێنماییانەی خوارەوە دەکاتەوە .
سەبارەت بە کردنەوەی خوێندنی پارالێڵ لە زانکۆی ڕاپەڕین "د.هێرش رسوڵ" یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران بە ماڵپەڕی زانکۆی ڕاگەیاند: بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ خوێندنی ئێواران لە زانکۆکانی هەرێم، ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر لە بەردەم دەرچووانی ١٢ی ئامادەیی ، زانکۆمان بڕیاریداوە بە کردنەوەی خوێندنی پارالێڵ لە گشت بەشەکانیدا .
وتیشی :ئەم خوێندنە لە دەوامی ئێوارانی زانکۆمان دەبێت، دەرفەتێکی باشە بۆ ئەو خوێندکارانەی بەهۆی کەمی کۆنمرەوە لە پڕۆسەی خوێندن بێبەش بوون، ئەم خوێندنە جیاواز لە پڕۆسەی زانکۆلاین یارمەتی خوێندکار دەدات بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆی بەشێک هەڵبژێرێت بۆ خوێندن .
مەرجەکانی پێشکەشکردن :
١-پێشکەشکار دەبێت بڕوانامەی پۆلی ١٢ی ئامادەیی (زانستی یان وێژەیی) هەبێت .
٢-بۆ بەشەکانی (ئەندازیاری و یاسا) ڕەچاوی (٣٠) نمرە ، بۆ بەشەکانی تر ڕەچاوی (٤٠) نمرە کەمتر دەکرێت لە کەمترین کۆ نمرەی وەرگرتنی ساڵی خوێندنی ٢٠١٥-٢٠١٦ .
٣-پێنج ساڵ زیاتر بەسەر دەرچوونی خوێندکار تێپەڕ نەبێت، تەمەنی لە (٤٠) ساڵ زیاتر نەبێت .
٤-دەرچووانی کۆڵێژ و پەیمانگاکان دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن و لەسەر بنەمای کۆنمرەی ئامادەییان دەچنە پێشبڕكێ.
٥-لە بەرامبەر خوێندنی پارالێڵدا ، خوێندکار ساڵانە بڕێک پارەی لێ وەردەگیرێت، کە بۆ هەر بەشێک بڕێک دیاریکراوە .
٦- پێشکەشکار ئەرکی نیشتەجێ بوون و دەرماڵەی ناکەوێتە ئەستۆی زانکۆ .
٧-ڕەچاوی وانەی پەیوەندیدار (دروس المفاچلە) دەکرێت.
٨-دابەزین و گواستنەوە بۆ وەرگیراوان بەم سیستەمە ناکرێت .
تێبینی:
-ماوەی پێشکەشکردن تەنها مانگێکە، لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٠١٦/٩/٢٨ تاوەکو ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠١٦/١٠/٢٧ بەردەوام دەبێت .
-شوێنی وەرگرتنی فۆڕمی پێشکەشکردن بەڕێوەبەرایەتی تۆماری گشتی زانکۆمان دەبێت.