University of Raparin Logo

زانكۆی راپەڕین لەگەڵ زانكۆیەكی ئیتاڵی پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی خوێندكاران جێبەجێدەكات

چاپکردن ئیمەیڵ

راگەیاندنی زانكۆ

رۆژی (٢٠١٦/٩/٢٩) زانكۆی راپەڕین یاداشتێکی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ زانكۆی (Cagliari)ی لەوڵاتی ئیتاڵیا ئیمزاكرد و چەند پڕۆژەیەكی ئاڵوگۆڕی خوێندكارو ستافی ئەكادیمیان ئیمزاكرد.
مامۆستا ئاراز رەمەزان بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و راگەیاندنی زانكۆی راپەڕین ڕایگەیاند لە میانی خوێندنی كۆرسێكی زانستی دەربارەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و خوێندنی ئەوروپی كە لەرێی زەمالەی ئیراسمۆسەوە بۆی دەرچووبوو ماوەی مانگێك لەزانكۆی (Cagliari)ی لەوڵاتی ئیتاڵیا مایەوەو لەو ماوەیەشدا سەرەڕای چەند سیمینارێكی زانستی دەربارەی كورد و رۆڵی لەرووبەڕوبوونەوەی شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام، لە فاكەڵتی زانستە سیاسییەكان بۆ خوێندكاران و مامۆستایان پێكەشكردووە.

وتیشی: رۆژی (٢٠١٦/٩/٢٩) یاداشتێکی لێكتێگەیشن لەنێوان زانکۆی ڕاپەڕین و زانکۆی (Cagliari) لە وڵاتی ئیتاڵیا ئیمزاكراوە، بەپێی ناوەڕۆکی یاداشتەکە ستاف و مامۆستایان و خوێندكارانی زانكۆی راپەڕین دەتوانن لەرێگەی پڕۆگرامی جیاوازی ئاڵوگۆڕی خوێندكاران و ئەكادیمیستانەوە لەنێوان هەردوو زانكۆكە درێژە بەخوێندن بدەن، هەروەها خوێندكارانی زانكۆكانی دیكەش دەتوانن داواكاری خوێندن پێشكەش بكەن لەرێی زانكۆی راپەڕینەوە لەسەر حسابی خۆیان.

مامۆستا ئاراز ئەوەشی روونكردەوە كە پڕۆژەیەكی دیكەیان لەگەڵ زانكۆكە تاوتوێ كردوەو لەداهاتوویەكی نزیكدا دەیخەنە بواری جێبەجێكردنەوە كە خزمەت كردن دەبێت بە پەنابەرانی عێراق و سوریا لەهەرێمی كوردستان و لەرێی زانكۆی راپەڕینەوە چەند كورسیەك بۆ خوێندكارە پەنابەرەكان دابیندەكرێن لەزانكۆی (Cagliari)ی لەئیتاڵیا كە هەموو كرێی خوێندن و ژیانی خوێندكارەكان لەسەر زانكۆی ناوبراو دەبێت، ئەوەش بۆیەكەمجارە زانكۆیەك لەهەرێمی كوردستان پڕۆژەیەكی لەو شێوەیە پێشكەش بكات كە لەداهاتوودا كاریگەری پۆزەتیڤی زۆری دەبێت بۆ زانكۆی راپەڕین لەناو رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لەجیهاندا.
پڕۆگرامی ئیراسمۆس مەندۆس مەرحەبا، پڕۆگرامێكی ئاڵوگۆڕی خوێندكارانە لەنێوان چەند زانكۆیەكی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و چەند زانكۆیەكی ئەوروپا، و لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە فەند دەكرێت و زانكۆی راپەڕین بەشداری سەرەكی پڕۆگرامی مەرحەبایەو تائێستا چەند زەمالەیەكی خوێندنی دكتۆراو ماستەرو بەكالۆریۆس و ستاف بۆ زانكۆی راپەڕین دەرچوون لەسەر ئەم پڕۆژەیە.

لەم بەستەرەوە سەردانی ماڵپەڕی زانکۆی (Cagliari) بکەن: 

http://www.unica.it/pub/english/