University of Raparin Logo

لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی زانکۆی راپەڕینی کرد

چاپکردن ئیمەیڵ

راگەیاندنی زانکۆ

ئەمڕۆ شەممە ٢٠١٦/١٠/٢٢، لە سەرۆکایەتی زانکۆی راپەڕین لەشاری رانیە لەلایەن بەڕێز "د.مۆفەق خالید" سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لەئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆو سەرۆکی بەشە زانستییەکان، پێشوازی لەبەڕێز "شاناز ابراھیم احمد" لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرا.
سەرەتا لەلایەن بەڕێز د. مۆفەق خالید سەرۆکی زانکۆی راپەڕین بەخێرھاتنی بەڕێز شاناز ئیبراھیم احمد و وەفدی یاوەری کرا. دواتر سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەمێژووی زانکۆی راپەڕین و گرنگی و بایەخی زانکۆکە کرد بۆ کوردستان بەگشتی و سنورەکە بەتایبەتی، ھەروەک باس لەگەشە زانستییە بەردەوامەکانی زانکۆکە کرا وەک کردنەوەی فاکەڵتی و بەشی تازە لەزانکۆکەدا.

دواتر بەڕێز شاناز ئیبراھیم احمد لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لەبەڕێز د. مۆفەق خالید کرد وەک سەرۆکی تازەی زانکۆی راپەڕین و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
لەدرێژەی قسەکانیدا بەڵێنی ھەموو پشتگیری و ھاوکارییەکی بۆ زانکۆی راپەڕین دووپاتکردەوەو بوونی زانکۆی راپەڕینی لەسنورەکەدا بەگرنگ وەسفکرد بۆ خەڵکی شۆڕشگێڕی دەڤەرەکە.
لەکۆتایی کۆبوونەوە کراوەکەدا ئاماژە بە قەیرانی دارایی لەھەرێمی کوردستان و کاریگەری لەسەر پڕۆسەی خوێندنی زانکۆیی درا کە لەئێستادا کاریگەری زۆری لەسەر پڕۆسەی خوێندن دروستکردووەو ھیوای خواست بەھاوکاری ھەموو لایەک ھەوڵبدرێت لەداھاتوودا چارەسەری کێشەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بکرێت و پڕۆسەی خوێندنیش دەست پێبکاتەوە.