University of Raparin Logo

کار بۆ بەھێزترکردنی پەیوەندییەکانی زانکۆی راپەڕین و زانکۆکانی میسر دەکرێت

چاپکردن ئیمەیڵ

راگەیاندنی زانکۆ

ئەمڕۆ ٢٣/ ١٠ / ٢٠١٦، لەسەرۆکایەتی زانکۆی راپەڕین لەشاری رانیە، پێشوازی لەرێکخەری زانکۆکانی میسرو زانکۆ عێراقیەکان کراو لەکۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ لەبارەی بەھێزترکردنی پەیوەندییەکانی ھەردوولا کرا.
لەکۆبوونەوەکەدا کە بەسەرپەرشتی بەڕێز سەرۆکی زانکۆی راپەڕین د. مۆفەق خالیدو بەئامادەبوونی ھەریەک لە بەڕێزان پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. سەنا حەسەن راگری کۆلێژی پەرستاری و مامۆستا ئاراز رەمەزان بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و راگەیاندنی زانکۆی راپەڕین، بەخێرھاتنی وەفدی میوان کرا.


دواتر لەکۆبوونەوەیەکدا سەرۆکی زانکۆی راپەڕین وێڕای بەخێرھاتن، بەگرنگ وەسفی پەیوەندییەکانی زانکۆی راپەڕینی کرد لەگەڵ زانکۆ نێودەوڵەتییەکان کە لەئێستادا لەگەڵ زیاتر لە (٣٠) وڵاتی جیاواز یاداشتی لێکتێگەیشتنی ھەیە، ھەروەک پێگەو رۆڵی زانکۆکانی میسری بەگرنگ وەسفکردو بەوەفدی میوانی راگەیاند کە زانکۆی راپەڕین پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ چەند زانکۆیەکی میسر ھەیەو لەرێگەی ئەوانیشەوە ھەوڵدەدرێت ئەم پەیوەندییانە فراوانتر بکرێن لەگەڵ زانکۆکانی دیکەی میسر.
دواتر رێکخەری پەیوەندییەکانی ژمارەیەک لەزانکۆکانی میسرو عێراق بەڕێز د. سعدی خلف احمد سوپاسی سەرۆکی زانکۆی راپەڕین و ئامادەبووانی کردو ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان ھەموو ھەوڵ و توانایەکیان دەخەنەگەڕ و ھەوڵی جدی دەدەن بۆ دروستکردنی پەیوەندی زیاتر لەنێوان زانکۆکانی میسرو زانکۆ عێراقی و کوردستانیەکان، ھەروەک بەگرنگەوە باسی پەیوەندی زانکۆی راپەڕین و چەند زانکۆیەکی میسری کردو روونیکردەوە کە زانکۆی راپەڕین بنەمایەکی گرنگی رێککەوتنێکی زانستی دەبێت لەنێوان وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا لەھەرێمی کوردستان و میسر کە لەئێستادا کار لەسەر ئەو پڕۆژەیەو دروستکردنی ئەو پەیوەندییە فەڕمییە زانستیە دەکرێت.