University of Raparin Logo

یاریده‌ده‌ری سه‌رۆکی زانکۆ، پلانی (زانکۆی راپەڕین) ئاشکرا ده‌کات

چاپکردن ئیمەیڵ

خوێندکاران ده‌توانن به‌شه‌ نوێیه‌کانی زانکۆی ڕاپەڕین له‌ (زانکۆلاین)دا پڕبکه‌نه‌وه‌

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی راپەڕین بۆ کاروباری خوێندکاران، رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا کە (زانکۆلاین) کەوتۆتەکار، خوێندکاران دەتوانن بەشە نوێیەکانی زانکۆمان لە فۆرمەکەدا پڕبکەنەوە، کە بریتین لە: (ئەندازیاریی شارستانی) (پەروەردە و دەرونناسی/ فاکەڵتیی پەروەردە) (ئینگلیزی/ فاکەڵتیی پەروەردەی بنەڕەت).

"پ.ی.د.هێرش رەسوڵ" وتیشی "هەر بۆ ئەمساڵی خوێندن (٢٠١٦-٢٠١٧)، زانکۆی راپەڕین لە بەشەکانی: (زمانی عەرەبی/ فاکەڵتیی پەروەردە) (فەلسەفە/ فاکەڵتیی زانستەمرۆڤایەتییەکان) (عەرەبی/ فاکەڵتیی پەروەردەی بنەڕەت) بە شێوەی وەرگرتنی راستەوخۆ خوێندکاریان وەرگرتووە".

 ناوبراو، سەبارەت بە ژمارەی پێشنیارکراوی (زانکۆی راپەڕین)یش بۆ پلانی وه‌رگرتن له‌مساڵی خوێندندا، ئاشکرایکرد، بە (پاراڵێڵ) و (خوێندنی راستەوخۆ)شەوە ده‌گاته‌ نزیکەی ٩٠٠ خوێندکار.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، به‌ هۆی ژماره‌ی زۆری ئه‌و خوێندکارانه‌ی ساڵی رابردوو دواخستنیان بۆ کراوه‌، چەند بەشێکمان لەمساڵی خوێندندا هەڵپەساردون، ئەوانیش بریتین لە: (سامانی ئاژەڵ) (کوردی/ فاکەڵتیی پەروەردەی بنەڕەت)، هه‌روەها به‌شی (باخداری) لە زانکۆمان کراوەتەوە به‌ڵام بۆ ساڵی ئاینده‌ ده‌چێته‌ ناو رێبه‌ری وەرگرتنی خوێندکارانه‌وه‌.
د. هێرش ئەوەشی خستەڕوو، هه‌ر بۆ ئه‌مساڵی خوێندن، کورسی (پاراڵێڵ)مان له‌ زۆربه‌ی به‌شه‌کانی زانکۆماندا ته‌رخانکردوه‌، هه‌روا (خوێندنی ئێواران) له‌ چه‌ند به‌شێکدا له‌ هه‌ردوو فاکه‌ڵتی زانسته‌مرۆڤایه‌تییه‌کان و په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ینه‌وه‌. هاوکات لە فاکەڵتیی پەروەردەی بنەڕەتیش، جگە لە مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە، لەمساڵی خوێندنەوە دەرگا بۆ خوازیاری دیکەش کراوەتەوە.

دەربارەی پلانی زانکۆی راپەڕینیش بە ئاراستەی گەشەپێدان و فراوانکردن، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی راپەڕین، رونیکردەوە، لەپێناو بایەخدان بە کەمپەسی قەڵادزێی زانکۆمان، کاردەکەین بۆ ئایندە فاکەڵتییەکی نوێ بەناوی (فاکەڵتیی کشتوکاڵ) لەو کەمپەسە بکەینەوە. هەروەها ئەگەر بتوانین بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بین بەشی دیکەش دەکەینەوە، لەوانە (بەشی ئەندازیاریی ئایتی) و دواتریش کردنەوەی (فاکەڵتیی ئەندازیاری) لە کەمپەسی رانیە.

د. هێرش رەسوڵ، زیاتر وتی "بە پێی بڕیارو راسپاردەی کۆنفرانسی زانستی و پلانی ستراتیژیی زانکۆمان، بەشی (راگەیاندنی هاوچەرخ) لە فاکەڵتیی زانستەمرۆڤایەتییەکان دەکەینەوە، کە زۆربەی ئامادەکارییەکانی تەواو بوەو بەشێکی نوێ و مۆدێرن دەبێت، و رەنگە ساڵانی ئایندە بتوانێت خوێندکار وەربگرێت.
ناوبراو، ئاماژەی بەوەشدا، لە چوارچێوەی بایه‌خدان به‌ پسپۆڕییه‌کانی زانسته‌سروشتییه‌کان و زانستە بنچینه‌ییه‌کان له زانکۆماندا، لە ئایندەیەکی نزیکدا بینای فاکه‌ڵتیی زانست و زانسته‌ته‌ندروستییه‌کان بە رەسمی دەکرێتەوە.

لە کۆتاییدا، رایگەیاند، بۆ ئەمساڵی خوێندن (رێبەری خوێندکاری زانکۆ) بۆ خوێندکارانی زانکۆمان ئەپدەیت دەکەینەوە، کە ساڵی رابردو بڵاومان کردبۆوە، و لە رێگەیەوە خوێندکار دەتوانێت بە زانکۆ و فاکەڵتی و بەش و بەڕێوەبەرایەتییەکانی زانکۆ ئاشنا ببێت.