وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایدەگەنێت هەموو ساڵێک بەهۆى درێژکردنەوەى ماوەى (زانکۆلاین) پرۆسەى وەرگرتن و دەستپێکردنى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان دواکەوتووە، ئەمساڵیش بۆ چارەسەرکردنى ئەم کێشەیە وەزارەتەکەمان لە دوو ڕێگەوە هەوڵى داوە پرۆسەى خوێندنى قۆناغى یەکەم لەکاتى دیارکراوى خۆیدا دەستپێبکات:
یەکەم: جێبەجێکردنى بەرنامەى وەرگرتنى راستەوخۆى زانکۆیى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان، کە بۆ یەکەم جارە ئەم پرۆسەیە جێبەجێ بکرێت، بەمەش ئەنجامەکانى وەرگرتنى راستەوخۆى زانکۆیى راگەیەنراوەو لەهەفتەى داهاتوودا ئەو خوێندکار قوتابیانەى بەم شێوەیە وەرگیراوون دەست بەپرۆسەى خوێندن دەکەن. بەمەش پرۆسەى خوێندن دواناکەوێت.
دووەم: درێژ نەکردنەوەى کاتى زانکۆلاین بۆ ئەوەى ناوەندى وەرگرتن لە وەزارەتەکەمان بتوانن بەزووترین کات ئەنجامەکانى وەرگرتن رابگەیەنن و خوێندکاران و قوتابیانیش بتوانن لەکاتى دیاریکراودا دەست بە قۆناغى یەکەمى خوێندن بکەن.
بەڵام بەهۆى کەمتەرخەمى ژمارەیەکى کەم لە دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى، کە رێژەکەیان نزیکەى ٥% دەبێت و داواکارییان پێشکەش نەکردووە بۆ وەرگرتنیان لەڕێگەى زانکۆلاین بۆ زانکۆ پەیمانگە حکومییەکان. وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا بە درێژکردنەوەى کۆتایى ماوەى (زانکۆلاین) بۆ ٤٨ سەعاتى دیکە واتە (زانکۆلاین) تاکو سەعات ١٢ى شەوى پێنجشەممە لەسەر هەینى کارا دەکرێت بۆ ئەو خوێندکار و قوتابیە کەمتەرخەمانەى تا ئێستا فۆڕمى پێشکەشکردنیان لە زانکۆلاین پڕنەکردۆتەوە.
هەروەک وەزارەتەکەمان لێرەوە رایدەگەیەنێت ئەمە دوا دەرفەتى درێژکردنەوەیە بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى و دواى ئەم بەروارە بەهیچ شێوەیەکى دیکە زانکۆلاین درێژ ناکرێتەوە. و پێویستە دەرچووان لەم ماوەیەدا فۆڕمى پێشکەش کردن پڕبکەنەوە، دوپاتیشى دەکەینەوە بۆ ساڵى داهاتووش بەهیچ شێوەیەک ماوەى زانکۆلاین درێژناکرێتەوە.
لێرەشەوە دەمانەوە بۆ هەموو لایەکى ئاشکرا بکەین هەر درێژکردنەوەیەک لە ماوەى زانکۆلاین بۆ وەزارەتەکەمان دەبێـتە هۆى دابینکردنى خەرجى زیاتر بۆ پرۆسەکە، بەمەش لەم دۆخەى ئێستادا بارگرانییەکى گەورەیە بۆ سەر وەزارەتەکەمان.