بڕیارى پێکهێنانى ئەو لێژنە هاوبەشەى نێوان وەزارەتەکانى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان و ئێراق ئەمرۆ پێنچ شەممە ڕێکەوتىى(٣/١١/٢٠١٦) لە میانەى کۆبونەوەیەکى هاوبەشى نێوان هەردو وەزارەت بەسەرۆکایەتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لەهەرێمى کوردستان و، د.عەبدولرەزاق عەبدولجەلیل وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئێراقى هات.
لەو چوارچێوەیەدا و، دواى ئەوەى وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئێراقى بەسەرۆکایەتى د.عەبدولرەزاق عەبدولجەلیل عیسا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئێراقى و، وەفدى هاوڕێى لە دیوانى وەزارەت بەگەرمى لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتیەکانى دیوانى وەزارەت بەگەرمى پێشوازییان لێکرا کۆبونەوەیەکى گرنگیان ئەنجامدا.
لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران بەخێرهێنانى وەفدى میوانى کرد و، خۆشحاڵى بەو سەردانەیان بۆ هەرێمى کوردستان دەربڕى و وتى: ئەمە یەکەم سەردانى رەسمى وەزیرێکى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئێراقىیە بۆ کوردستان، هیوام ئەوەیە ئەمە سەرەتاییەکى باش بێت لە پەیوەندییەکانى نێوانمان، ئەوەشى ڕاگەیاند: ئەمڕۆ لەم کۆبونەوەیەدا هەوڵ دەدەین لەسەر هیڵە گشتى و ستراتیژییەکانى داهاتوى نێوانمان ڕێکەوین دیاریکردنى.
پاشادا د.عەبدولرەزاق عەبدولجەلیل وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى ئێراقى دواى ئەوەى سوپاسى ئەو پێشوازییە گەرمەى کرد وتى: شانازییە کە ئێمە ئەمڕۆ لێرەین، هیوادارم ئەم سەردانەمان دەرگاى خێر بەرەو ڕوى هەردولامان بکاتەوە. پاشان کورتەیەکى میژویى لەسەر دۆخى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان و ئێراق خستەڕو، وتیشى لە ڕابردودا رژێمى سەدامى لەناوچو بەبەرنامەیەکى هاوبەش هەوڵى ڕوخاندنى خوێندنى باڵاى لە شارەکانى کوردستان و خواروى ئیراقى دەدا، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا میژویەکى تاڵ و هاوبەشمان هەیە، بەڵام ئیستا دەبێ بەرنامەیەکى هاوبەشمان هەبێ بۆ داهاتوى خوێندنى باڵا لە ئێراق و هەرێمى کوردستان، چونکە گەشەپێدانى وڵات و کۆمەڵگە لە خویندنى باڵاو پەروەردەوە دەست پێ دەکات، تا کەرتى خوێندنى باڵا پیش نەخەین سێکتەرەکانى دیکە لە ئێراق پیش ناکەون، ئەوەش بە بونیادنانى زانکۆى باش و سەربەخۆیکردنى زانکۆکان دەبێ تا بتوانن گەنجى بەتوانا بۆ کۆمەڵگەى ئێراقى دروست بکەین، لەهەمان کاتدا کاردەکەین بۆ ئەوەى زانکۆکان ڕۆڵیان هەبێ لە چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى ڕوبەڕوى ئێراق دەبێتەوە و سیاسیەکان پرس بەناوەندە ئەکادیمیەکان بکەن و پێشنیازو ڕاسپاردەکانى زانکۆکانیش بەهەند وەربگرن.
لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئێراقى وتى: لەگەڵ دەستەبەکاربونمان لە وەزارەت دەستمان بەکۆمەڵێک پڕۆژە کردوە، دەستپێکى کارەکانیشمان چاوخشاندنەوە دەبێت بەیاساکانى خوێندنى باڵا لە ئێراق بەشێوەیەک دەمانەوێ لەگەڵ پێشکەوتنەکانى ڕۆژگار یەکانگیر بێتەوە بۆ ئەوەش لێژنەکمان پێکهێناوە، هەروەک داواشیکرد وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان نوێنەریان دیارى بکەن بۆ ئەو ئەو لێژنەیە.
هەر لە میانەى قسەکانیدا و سەبارەت بەکۆڕو کۆنفرانس و وۆرکشۆپانەى کە لە بوارى خوێندنى باڵا بەڕێودەچن، د.عەبدولرەزاق عەبدولجەلیل وتى: لێرە بەدواوە مەرج بۆ ئەو ڕێکخەرانى ئەو وۆرکشۆپ و کۆڕە زانستیانە دادەنەن، بەشێوەیەک دەبێت لە (٥٠%) ڕاهێنەران ئێراقى بن، لەهەمان کاتدا کاردەکەن بۆ ئەوەى بەشى زۆرى ئەو وۆرشۆپ و کۆڕو کۆنفرانسە زانستیانە بێننە شارەکانى کوردستان لە برى ئەوەى لە وڵاتانى دەرەوە بەڕێوەبچێت، چونکە ئەگەر لە کوردستان بێ ڕیژەیەکى زیاترى مامۆستایان و شارەزاییان دەتوانن بەشدارى بکەن، لەهەمان کاتدا تێچوشى کەمتر دەبێت، لەهەمان کاتدا بارودۆخى ئەمنى هەرێمى کوردستانیش بەرقەرارو ئارامە بۆ بەڕێوەبردنى ئەو کۆڕو کۆنفرانس و وۆرشۆپانە.
لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران خۆشحاڵى بەو دیدگاو پڕۆژەو کارانەى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئێراق دەربڕى و وتى: لە ڕاستیدا هەمو ئەوانەى خستەڕو کارو پڕۆژەى باشن بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان، وتیشى ئێمە ئامانج و گرفتى هاوبەشمان هەیە، چونکە لە بنەڕەتدا ژینگەى هاوبەشمان هەیە، بۆ پێکهێنانى لێژنەیەکى باڵاى هاوبەش باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و دیاریکردنى هێڵە گشتیەکانى کارکردنمان و داڕشتنى پلانى ستراتیژى بۆ داهاتو، وتیشى گرنگە ئەم لێژنەیە کۆبونەوەى وەرزى بکەن بۆ داڕشتنى ستراتیژى کارى هاوبەش و چارەسەرکردنى کێشە هاوبەش.
بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى پێشوازى لەو پێشنیازە کردو پێکەوە بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەکى باڵا-ى هاوبەشیاند بۆ چارەسەرکردنى سەرجەم کیشەکانى نێوانین.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى دانپیانان بەزانکۆکانى یەکترو دۆخى دارایى مامۆستایان و پرۆگرامەکانى خوێندن و ئەنجامدانى توێژینەوەى هاوبەش و سەرپەرشتیارى هاوبەش و سودوەرگرتن لە تویژینەوەو تێزو نامەى ماستەر و دکتۆراى یەکتر و سودوەرگرتن لەو زەمالانەى پێشکەش بەئێراق دەکرێت بەوردى گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
دوابەدواى کۆبونەوەکەش لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەیدا، کە لە هۆڵى سێنتەرى ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەددین بەڕێوەچو، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند: لە ئێستادا ئارەزوییەکى تەواو هەیە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى خوێندنى باڵا لە نێوان هەردو وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان و ئێراق، بۆ ئەوەش وتى: دواى دەستبەکاربونى د.عەبدولرەزاق عەبدولجەلیل عیسا وەک وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئێراقى هەوڵێکى تەواو هەیە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان.
د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لە میانەى کۆبونەوەکانماندا قسەمان لەسەر کێشەکانى نێوان هەردوو وەزارەت کرد، وەک هەنگاوى یەکەم-یش بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەکى باڵاماندا بەسەرۆکایەتى هەردو وەزیر بۆ سەرپەرشتیکردنى لێژنە لاوەکیەکان بەتایبەت ئەو کێشانەى کە پەیوەندى بەدانپیانان بەزانکۆکانى یەکترو متمانەبەخشین و یاساکان و جیاوازى سیستمەکان هەیە، لە ئێستاشدا کار بۆ دانانى یاسایەکى نوێ بۆ خوێندنى باڵا لە ئێراق دەکرێت و، وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە هەریمى کوردستان بەنوێنەرەکانى بەشدار دەبێت، ئەوەش سەرەتاییەکى باشە بۆ باشترکردنى پەپوەندییەکانمان کە لەم چەند ساڵى ڕابردو سیستى تێکەوتوە.
هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا د.عەبدولرەزاق عەبدولجەلیل عیسا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئێراقى وتى: بەخۆشحاڵیەوە ئەمڕۆ بەبانگهێشتنى وەزیرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان لێرەین، ئامادەبونیشمان بۆ گفتوگۆکردنە بۆ ئەوەی بزانین چیبکەین بۆ خوێندنى باڵا لە ئێراق؟، بۆ ئەوەش وتى: ئێمە لە بەغداد پڕۆژەو دیدەمان هەیە بۆ نمونە ئێستا لەهەوڵدان بۆ ئامادەکردنى یاسایەکى تایبەت بەخوێندنى باڵا، چونکە یاساو ڕێنماییەکان کۆنن، هەربۆیە ئەمڕۆ لەگەڵ جەنابى وەزیرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان گفتوگۆمان لەبارەى دەستەى سەربەخۆى خوێندنى باڵا تایبەت بەکوالێتى خوێندنى باڵا کرد، هەروەک گفتوگۆمان لەبارەى خوێندنى تەکنیکى و ستراتیژى نوێی خوێندنى باڵا و پەروەردە کرد، هیوادارم ئەو ستراتیژییە لەسەر ئەرز بەشێوەیەکى پراکتیکى جێبەجێ بکەین.
سەبارەت بەدانپیانانیش بەزانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئێراقیەوە، د.عەبدولرەزاق عەبدولجەلیل وتى: یاساى خوێندنى تایبەت لە ئێراقى تازە پەسند کراوە، لە ئێستادا لە قۆناغى ئامادەکردنى ڕێنماییەکانین، بدواى داڕشتنى ڕێنماییەکان و بەپێیى پێوەرەکان و گەڕانیشیمان بۆ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بڕیاریان لەبارەوە دەدەین.
هەر لە پەراوێزى کۆبونەوەکاندا و، لەسەر ڕاسپاردەى وەزیرانى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان و ئێراق بڕیارى لێژنەیەکى باڵا بەسەرۆکایەتى د.یوسف گۆران وەزیرى خویندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان و، د.عبدوالرەزاق عەبدول جەلیل وەزیرى خوێندنى باڵاو تویژینەوەى زانستى ئێراقى و ئەندامێتى ڕاویژکارانى و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى هەردو وەزارەت درا، لەهەمانکاتدا بڕیارى پێکهێنانى (٧) لێژنەى پسپۆڕیش لەم بوارانەى خوارەوە درا:
1. خوێندنى بەکالۆریۆس
2. توێژینەوەى زانستى
3. دڵنیایى جۆرى و متمانەبەخشین
4. پێدانى متمانەو تۆمارکردنى زانکۆ تایبەتەکان
5. لێژنەى پلانى ستراتیژى نیشتیمانى پەروەردەو خوێندنى باڵا
6. لیژنەى ناردن و زەمالەى خوێندن
7. لێژنەى تایبەت بەیاساو ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا
http://www.mhe-krg.org/ku/node/3131