University of Raparin Logo

وتەی سەرۆکی لیژنەی باڵای مەراسیمی پێنجەمین خولی دەرچووانی زانکۆی ڕاپەڕین

چاپکردن ئیمەیڵ

میوانانی بەڕێز..
مامۆستا و فەرمانبەرانی زانکۆمان..
کەسوکاری دڵسۆزی دەرچووان..
دەرچووانی خۆشەویست..
سەرەتا، بە ناوی سەرۆکایەتیی زانکۆی راپەڕین و لیژنەی باڵای ئاھەنگی پێنجەمین خولی دەرچوانی زانکۆمانەوە، لە ناخی دڵەوە بەخێرھاتنی ھەمولایەکتان دەکەین. ھەروا جوانترین چەپکەگوڵی پیرۆزبایی پێشکەشی سەرجەمی خوێندکارانی دەرچو و دایک و باوک و کەسوکاری دڵسۆزییان دەکەین. بە پێویستیشی دەزانین، پیرۆزبایی و دەستخۆشیی تایبەت ئاراستەی مامۆستایانی بەڕێز و ستافی کارگێڕیی زانکۆمان بکەین، کە سەرباری تەنگژەی دارایی و خراپیی باروگوزەران و بونی ئاستەنگە جیاوازەکانی بەردەم پرۆسەی خوێندن، لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی خوێندندا، بەوپەڕی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە و بە ھاوکاریی خوێندکاران خۆیان، توانیویانە خزمەتی بەرچاو بە رەوتی زانست و زانین بکەن، و ئەو پۆلە لە دەرچوان پێشکەشی نیشتمان بکەن.
لەو روانگەشەوە، داواکارین حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەرک و خزمەتی مامۆستا و فەرمانبەران بەھەندوەربگرێ و ھەوڵی جددی بدات بۆ چاککردنی بژێوی و بارودۆخییان.

ئامادەبوانی بەڕێز..
لە کاتێکدا، ئەمڕۆ ئاھەنگی پێنجەمین خولی دەرچوانی زانکۆمان دەگێڕین بە دروشمی "بە زانست و زانین، نیشتمان ئاوەدانتر دەکەینەوە"، پێشمەرگە لەخۆبردوەکانمان لە سەنگەری روبەڕوبونەوەی تاریکترین ھێزی سەردەم لە ئاھەنگی سەرکەوتنە یەکلەدوایەکەکاندان، ھاوکات رۆحی بەرزەفڕی شەھیدانیشمان پەپولەئاسا بەسەر سەرمانەوەن، چونکە ئەوە بوێری و بەخششی ئەوانە، کە بون و ئاسایشمانی پاراستوە. بۆیە درود بۆ گیانی زیندوی شەھیدانمان دەنێرین و پەیمانی ئەمەکداری بۆ درێژەدان بە رێبازەکەیان و خزمەتکردنی نیشتمان نوێدەکەینەوە.
ھەر لێرەشەوە، سوپاسی ھەمو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین، کە ھاوکارمان بون بۆ ئەنجامدان و سەرکەوتنی ئەم ئاھەنگە و کۆی پرۆژە و کارەکانی زانکۆی راپەڕین، لە بونی ھەر کەموکوڕییەکیش داوای لێبوردن دەکەین.
دوبارە پیرۆزە و بە ھیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر..

پ. ی. د. ھێرش رەسوڵ موراد
ی. سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاھەنگی دەرچوان
٢٠١٦/١١/٨