راگەیاندنی زانکۆ
ڕۆژی سێ شەممە ٢٠١٧/٢/٧، لەکۆبوونەوەیەکی ھاوبەشی ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین بەسەرۆکایەتی بەڕێز پڕۆفیسۆری یاریدەدەر "د.موفق خالد" سەرۆکی زانکۆ و لەگەڵ بەڕێز "د.فردین اخلاقیان " سەرۆکی زانکۆی کوردستان لەشاری سنەی ئێران و وەفدی ھاوڕێی، بڕیاری ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی ھاوبەشدرا.
ھەر لەچوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە ئاڵوگۆڕی خوێندکار بەشێوەی سکۆلارشپ بکرێت و ھەر فێرخوازێکیش لەدەڤەری راپەڕین بیەوێت لەزانکۆی کوردستان بخوێنێت لەئاستی ماستەر و دکتۆرا و بەکالۆریۆس لەڕێگەی زانکۆی راپەڕینەوە پشتگیری بکرێت و داشکاندنی (٥٠%)ی بۆ کرێی خوێندنەکەی بکرێت، ھەروەک بڕیاردرا خولی زمانی فارسی لەزانکۆی راپەڕین بکرێتەوە و خولەکە لەلایەن مامۆستایانی زانکۆی کوردستانەوە بەڕێوەببرێت و سێنتەری زمان لە زانکۆی کوردستانی بڕوانامەی زمان ببەخشێت بە فێرخوازان.
ھەروەھا بڕیاردرا کە کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی ھاوبەشی لەمساڵدا ئەنجامبدرێت لەنێوان ھەردوو زانکۆدا و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاری پێویست کراوە لەلایەن کۆلێژی زانستەمرۆڤایەتیەکانی زانکۆی راپەڕینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاڵوگۆڕی پڕۆژەی زانستی و فەرھەنگی زیاتر بڕیاریان لەسەر درا. وەک (بوارەکانی کتێبخانەی ئەلکترۆنی و کۆرسی ھاوینە بۆ خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی راپەڕین و ھەروەھا ئەنجامدانی توێژینەوەی ھاوبەش).
ھەر لەکۆبوونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆی راپەڕین بەرەسمی بانگھێشتی مامۆستایانی زانکۆی کوردستانی کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆنفڕاسێکی زانکۆی راپەڕین کە تایبەتە بە "کاریگەری زمان و ئەدەب لەسەر بنیادی ھزری و درێژەپێدانی زانستی" کە بڕیارە رۆژی ٢٤/٤/٢٠١٧ لە کۆڵێژی پەروەردە/قەڵادزێ بەڕێوەبچێت .
هەر لە ھەمان ڕۆژدا کاتژمێر (١١:٣٠) وەفدی زانکۆی کوردستان لەھۆڵی چالاکیەکانی زانکۆی راپەڕین لە کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت سیمینارێکیان بۆ ستاف و مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی راپەڕین رێکخست و شێوازی خوێندن لە زانکۆی کوردستان و پێهاتەی زانکۆکەیان بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە، لە دەسپێکی سیمینارەکەدا سەرۆکی زانکۆی راپەڕین لە وتەیەکی کورتدا بەخێرھاتنی وەفدی زانکۆی کوردستانی کرد، دواتریش سەرۆکی زانکۆی کوردستان بەگرنگەوە باسی لە پەیوەندی زانستی نێوان زانکۆی کوردستان و زانکۆی راپەڕین کرد، ھەروەک ئاماژەی بەڕۆڵ و گرنگی زانکۆ و توێژی گەنجان کرد بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵات.
دواتر وەفدی میوان بەیاوەری سەرۆکی زانکۆی راپەڕین کۆلێژەکانی زانکۆیان لە رانیە بەسەرکردەوە و پاشنیوەڕۆی ھەمان رۆژیش سەردانی کەمپەسی قەڵادزێ-یان کرد و بەشەناوخۆییەکانیان بەسەر کردەوە.