وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داواى دامەزراندنى دەرچووە سێ یەکەمەکانى زانکۆ و پەیمانگاکانى ساڵى خوێندنى (٢٠١٤-٢٠١٥) دەکات.
عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند وەزارەتەکەمان لە نووسراوێكدا بە ژمارە (۲۱٦۱) كە دوێنێ دووشەممە ڕێکەوتى (٦ی شوباتی ۲۰۱۷)، بە ئیمزاى "د.یوسف گۆران" وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان دەرچووە و بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەرزكراوەتەوە، تیایدا داواى دامەزراندنى دەرچووە سێ یەکەمەکانى زانکۆ و پەیمانگاکانى ساڵى خوێندنى (٢٠١٤-٢٠١٥) دەکات، كە ژمارەکەیان (۱۱۹۷)دەرچووە.
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: لەکاتى دامەزراندنى دەرچووە سێ یەکەمەکانى زانکۆ و پەیمانگاکانى ساڵى خوێندنى (٢٠١٣-٢٠١٤)، كە (۱٤۳۳) دەرچو بوو، لە فەرمانى دامەزراندنەکەیاندا ئاماژە بۆ ئەوە کرابوو، کە وەزارەتى دارایى و ئابورى بەهەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە چوارچێوەى بودجەى ساڵى (٢٠١٦)دا میلاکى پێویست بۆ سێ یەکەمەکانى سەر ئاستى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٤-٢٠١٥)دابین دەکات.
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕونیشیکردەوە بەهۆى ئەوەى ماوەى دوو ساڵە دامەزراندنى (معید)ەکان ڕاگیراوە و، (معید)ەکانى پێشتریش کە دامەزرابوون لە ئێستادا زۆربەیان لە خوێندنى باڵا ماستەر وەرگیراون بۆیە کۆلێژ و پەیمانگاکان پێویستییەکى زۆریان بە دامەزراندنى ئەم (معید)انە هەیە، هەربۆیە وەزارەتەکەمان داواى دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى زانکۆ و پەیمانگاکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٤-٢٠١٥) دەکات، کە ژمارەکەیان (١١٩٧) دەرچووە.