University of Raparin Logo

زانکۆ لاین دەستیپێکرد

چاپکردن ئیمەیڵ

لە دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی (30/9/2013)ه‌وه‌ پێشكه‌شكردنی داواكاری بۆ وه‌رگرتن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی وێب سایتی ئه‌لیكترۆنی (www.regayzanko.com) ده‌ست پێ‌ ده‌كات.

د.عه‌لی سه‌عید وەزیری خوێندنی بالا  ڕایگه‌یاند: ده‌رچووانی خولی یه‌كه‌م و دووه‌م ده‌توانن داواكاری پێشكه‌ش بكه‌ن و پرۆسه‌كه‌ش بۆ خوێندكاران و قوتابیان  له‌ 30 ئه‌یلول تا 10/10/2013 به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆیه‌ خوێندكاران و قوتابیان ده‌توانن له‌و ماوه‌یه‌دا داوكارییه‌كانیان پێشكه‌ش بكه‌ن، دوای ته‌واوبوونی ئه‌و واده‌یه‌ پڕۆسه‌ی وه‌رگرتن له‌ رێگه‌ی سیسته‌مێكی كۆمپیوته‌ریه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر داواكارییه‌كانیان ده‌درێت.  وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی داوای له‌ ده‌رچووانی 12ی ئاماده‌ی كرد سه‌ردانی ئاماده‌ییه‌كانی خۆیان بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی رێبه‌ری ده‌رچووان كه‌ بێ‌ به‌رامبه‌ر بۆ هه‌موو خوێندكاران و قوتابیان دابین كراوه‌، هه‌روه‌ك داواشی لێكردن زانیارییه‌كانی ناو ڕێبه‌ریه‌كه‌ به‌وردی بخوێننه‌وه‌ دواتر لیستێك ئاماده‌ بكه‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و هه‌ڵبژاردانانه‌ له‌ خۆبگرێت كه‌ خوازیارن به‌پێی نمره‌كانیان له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان لێی وه‌ربگیرێن، پاشان ده‌ست بكه‌ن به‌پڕكردنه‌وه‌ و پێشكه‌شكردنی داواكارییه‌كانیان له‌ رێگه‌ی زانكۆ لاینه‌وه‌. دوای پێشكه‌شكردنی داواكانیان ناسنامه‌یه‌كی كاتیان بۆ دروست ده‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و ناسنامه‌یه‌ پرێنت بكه‌ن و لای خۆیان بیپارێزن تا ئه‌وكاته‌ی په‌یوه‌ندی ده‌كات به‌زانكۆ و ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ لێیی وه‌رده‌گیرێن. د. عه‌لی سه‌عید جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ زۆر گرنگه‌ خوێندكاران و قوتابیان له‌ ئاماده‌ییه‌كانیان (یوزه‌یه‌ر نه‌یم و پاسۆرد)ی خۆیان وه‌ربگرن، چونكه‌ به‌بێ‌ بوونی ئه‌و (یوزه‌یه‌ر نه‌یم و پاسۆرد)ه‌ ناتوانن پرۆسه‌ی وه‌رگرتن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان جێ‌ به‌جێ‌ بكه‌ن، هه‌روه‌ك داواشی له‌ دابه‌شكه‌رانی (یوزه‌یه‌ر نه‌یم و پاسۆرد) له‌ خوێندنگه‌و قوتابخانه‌كان ده‌كات كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك (یوزه‌یه‌ر نه‌یم و پاسۆرد)ی خوێندكاران و قوتابیان نه‌ده‌ن به‌كه‌سانی دیكه‌، جگه‌ له‌ ده‌رچووان خۆیان نه‌بێت، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ تا هیچ كه‌سێكی دیكه‌ نه‌توانێت بچێته‌ سه‌ر ئه‌كاونتی خوێندكاران و قوتابیان و دووچاری كێشه‌ ببنه‌وه‌، بۆ ئاسانكاری خوێندكاران و قوتابیان وه‌ك ساڵی رابردوو ئه‌مساڵیش به‌نوسراوی ره‌سمی (یوزه‌یه‌ر نه‌یم و پاسۆرد)ی خوێندكاران و قوتابیان گه‌ێندراوه‌ته‌ سه‌رجه‌م به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی په‌روه‌رده‌ له‌ كوردستان تا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ به‌سه‌ر ئاماده‌ییه‌كان و دواتر خودی خوێندكاران و قوتابیان دابه‌ش بكرێت، وە داواشی له‌ خوێندكاران و قوتابیانی كرد كه‌ (یوزه‌یه‌ر نه‌یم و پاسۆرد)ه‌كانیان بپارێزن، چونكه‌ دواتر به‌هه‌مان (یوزه‌یه‌ر نه‌یم و پاسۆرد) ده‌توانن ئه‌و شوێنه‌ بدۆزنه‌وه‌ كه‌ لێیی وه‌رده‌گیرێن، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك ده‌رچوانی پارساڵ دووچاری گرفت نه‌بن و ئه‌نجامه‌كانیان درەنگتر وه‌ربگرنه‌وه‌..  بۆ ئه‌مساڵی خوێندن جگه‌ له‌ ده‌رچووانی (2012-2013) كه‌ ژماره‌یان (57176) خوێندكارو قوتابیه‌، ده‌رچووانی ساڵی پار واته‌ (2011-2012)، كه‌ ئه‌وانیش ژماره‌یان (9528) خوێندكارو قوتابیه‌ و ده‌توانن داواكاری پێشكه‌ش بكه‌ن، به‌مه‌رجێك له‌ هیچ زانكۆ و په‌یمانگه‌یه‌ك وه‌رنه‌گیرابن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ دواتر وه‌رگیرانه‌كه‌ی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، به‌وه‌ش كۆی ئه‌وانه‌ی كه‌ مافی پێشكه‌شكردنی داوایان هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان ده‌گاته‌ (66704) خوێندكارو قوتابی.. وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی خوێندكاران و قوتابیانی خۆشه‌ویست دڵنیا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌موو زانكۆكان مه‌ڵبه‌ندێكی راوێژكاری دانراوه‌ كه‌ ژماره‌یان (13) مه‌ڵبه‌نده‌، بۆیه‌ خوێندكاران و قوتابیان بۆ هه‌ر پرسیارێك ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌و مه‌ڵبه‌ندی راوێژكارییانه‌ بكه‌ن، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌موو رۆژێك بۆ ماوه‌ی سه‌عاتێك له‌و مه‌ڵبه‌ندی راوێژكارییانه‌ سمینارێك پێشكه‌ش ده‌كرێت و ده‌رچووانی 12ی ئاماده‌ی ده‌توانن سوودیان لێ‌ وه‌ربگرن، بۆیه‌ پێویست به‌وه‌ ناكات خوێندكاران و قوتابیان په‌له‌ بكه‌ن له‌ پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمه‌كانیان، له‌هه‌مان كاتدا له‌ زۆربه‌ی سه‌نته‌ره‌كان و ده‌سته‌ ته‌كنیكیه‌كان، سه‌نته‌رێكی ئینته‌رنێت بۆ ده‌رچووان ئاماده‌كراوه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی سێرڤه‌رو هێڵی ئینته‌رنێتیان نیه‌ له‌ ماڵه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وان ده‌توانن سوود له‌و سه‌نته‌رانه‌ وه‌ربگرن و داوكارییه‌كانیان پێشكه‌ش بكه‌ن، داواش ده‌كه‌ین ئه‌وانه‌ی كه‌ هێڵی ئینته‌رنێتیان هه‌یه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ سه‌ردانی ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ نه‌كه‌ن و قه‌ره‌باڵغی دروست نه‌كه‌ن.
بۆ ئه‌مساڵی خوێندن خوێندكاران و قوتابیان جگه‌ له‌ په‌یمانگه‌ ته‌كنیكیه‌كان، له‌ (13) زانكۆی حكومی و زانكۆیه‌كی سه‌ربه‌خۆ و (10) زانكۆی تایبه‌ت وه‌رده‌گیرێن، هه‌روه‌ك وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاماژه‌ی پێدا جیاواز له‌ ساڵانی ڕابردوو له‌ ئه‌مساڵدا (3) زانكۆی پۆلیته‌كنیك به‌ كۆمه‌ڵێك به‌شی تازه‌ كراوه‌ته‌وه‌و خوێندكاران و قوتابیان وه‌رده‌گرێت، له‌هه‌مان كاتدا له‌ زانكۆ حكومیه‌كان (40) به‌شی تازه‌و له‌ زانكۆ ئه‌هیله‌كانیش كۆمه‌ڵێك به‌شی تازه‌ كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تێكی زیاتره‌ بۆ ئه‌وه‌ی خوێندكاران و قوتابیان له‌ زانكۆكان و په‌یمانگه‌كان بتوانن درێژه‌ به‌خوێندن بده‌ن.