ئا:سیامەند عزیز
ڕۆژی سێ شەممە ڕێكەوتی 22/4/2014 لەیادی (116) ساڵەی ڕۆژنامەگەریی كوردی،زانكۆی ڕاپەڕین بەهاوبەشی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ڕانیە بەدروشمی (لە پایتەختی ئازادییەوە بۆ ماندووبونی بەدرخانیەكان ) كەرنەڤاڵی ڕێزگرتن و چالاكی ئەنجام دا .
بە ئامادەبوونی نوێنەری ئیدارەی ڕاپەڕین و قائیمقامی قەزای ڕانیە و زۆربەی فەرمانگەکانی ڕانیە و بەشێکی زۆری مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی ڕاپەڕین و سەرچەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە هۆڵی کتێبخانەی گشتیی ڕانیە بە ئەنجامدانی کۆمەڵێک کارو چالاکی یادی (١١٦) ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردی کرایەوە .
سەرەتا وتەی سەرۆکایەتیی زانکۆ لەلایەن (د.هێرش رسوڵ) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران و وتەی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ڕانیە لە لایەن (م.محمد ئەمین ) بەڕێوەبەری فەرمانگە خوێندرایەوە .
دواتر دۆکیومێنتاری تایبەت بە دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی (کوردستان) لە ٢٢ ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ لە قاهیرەی پایتەختی میسر نمایشکرا.
پاشان د.هێرش رهسوڵ مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری ڕاگەیاندن سیمینارێکی بە ناونیشانی (میدیای کوردی.. ئاست، ئاستەنگ، ئاسۆکانی) پێشکەشکرد.
لە کۆتاییدا خەڵاتی رێزلێنان و هاندان پێشکەشی نوسینگەی سەرجەم کەناڵە ئاسمانیەکان و سەجەم کەناڵە بینرا و بیستراو و نوسراوەکانی ناوچەکە کرا .
دواتر پێشانگایەکی فۆتۆگرافی تایبەت بەو یادە کرایهوه.